کەسایەتییەکانی ناوسۆشیال میدیا

 

 

 

 

 

 

 

      د. سەلاح عەزیز

زۆربەی پەرتووکە دێرینەکانی وەک شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی کە لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا نووسراوە ،و پەرتووکی گەشتی ئۆلیا چەلەبی لە کوردستان لە سەدەی حەڤدەهەم و نووسینی دەیان ڕۆژهەڵاتناس کە لە سەدەکانی هەشتەم و نۆزدەهەمدا بە ناوچە کوردییەکاندا هاتوون باسی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن کە بریتییە لە شارۆچکە بچووکەکان و خێڵە کۆچەرییەکان کە جگە لە ئیسلام هیچ کۆیان ناکاتەوە. مێژوو گەواهی سەرهەڵدانی پیاوانی بەهێز دەکەن لە هەندێک شار و خێڵەکاندا ، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرنشینیان لە دەرەوەی شوێنی جوگرافیای نەریتی خۆیان. بەڵام زۆربەی خێڵ و شارەکان ئارەزووی پاراستنی سەربەخۆیی ئابووری و ئازادی ئینتیمابوونیان دەکرد بۆ هێزەکانی دەوروبەر ،بۆیە خێڵ یان شار نەیتوانی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردستان پێکبهێنێت. واقعی بارودۆخی سەدەی بیستویەک لە هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا چۆن بوو گۆڕانکاری بەخۆوە نەدیوە.
 

لە ئێستادا ،هێشتا لایەنە سیاسییە کوردییەکان ڕۆڵی خێڵە کوردییەکانی سەدەکانی ڕابردوو دەگێڕن ،بۆیە کوردستان بە لاوازی ماوەتەوە. بەڵام ئەمە بابەتی وتارەکە نییە. لەگەڵ پەرەسەندنی ئینتەرنێت و شاشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک وئینستاگرام وئەوانیتر، جۆرە کەسایەتییەک دەرکەوتن کە سەدان هەزار هەوادار شوێنکەتوویان هەیە. ئەو کەسانه ( ژن و پیاو) کەسایەتی ناوداری کۆمەڵگەی کوردستانن. کاریگەری ئەو کەسایەتییە بەناوبانگانە لەسەر کۆمەڵگە بابەتێکی فراوان و ئاڵۆزە ، هەندێکیان لایەنگری خۆشگوزەرانی وخۆشین وەک (هونەرمەندان، وەرزشوانان) خۆشەویستن وزیاتر لە ملیۆنێک شوێنکەوتوویان هەیە. لە هەمان کاتدا، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی هەن ،کە توانای داڕشتنی ڕای گشتی، وکاریگەری لەسەررەفتارەکانیان هەیە ،وپاڵنەری کۆمەڵگەن بەرەو گۆڕانکاری. ئەمانە توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن.
 

لە کوردستاندا هیچ دەستوور وئامانجێکی نیشتمانی نییە ئەم توێژە کاریگەرانە پەنای بۆ بەرن بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانیان وهاندانی کۆمەڵگە بۆ پەیڕەوکردنیان، بەڵکو هەر کەسایەتییەک  فکرو ستراتیج و جەماوەری خۆی هەیە . لە کوردستاندا ئەو هەوڵە تاکەکەسییانە بە جۆگەلەکانی ئاو دەشوبهێنم ،لە ماوەیەکی دیاریکراودا (وەرزی بەهار) دروست دەبێت و خەڵکانی نزیکی چێژی لێ وەردەگرن، و تەنانەت خەڵکی دووریش  بۆ چێژ وەرگرتن لە پاکوخاوێنی و بەهێزی لێشاوەکەی گەشت دەکەن. بەڵام بەداخەوە، ناڕژێتە ناو یەک رێڕەوەوە بۆ ئەوەی ڕووبارێکی گەورە دروست بکات کە سوودی  بۆ خەڵکێکی زیاتر هەبێت و بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە. بەهۆی نەبوونی بەرنامەیەکی نیشتمانی کە ئەمانە کۆبکاتەوە  کاریگەریی ئەوانە کاتیی یان کەم دەبێت، بەتایبەتی کە ئەم بیرۆکەو وانانە نابنە بەرنامەیەکی پەروەردەیی وکردەیی.
 

چۆن هێماکانی کۆمەڵایەتی لە ژێر یەک چەتردا کۆبکەینەوە؟ پرسیارێکی قورسە لە کۆمەڵگەیەکدا کە چەند سەدەیەکە لەسەر دابەشبوون ڕاهاتووە. بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزانە کاریگەرییەکی ئەرێنی بەردەوامیان هەبێت دەبێت قوتابخانەیەکی فکری پێکبهێنن لەسەر بنەمای چەند بنەمایەک کە هەندێکیان بریتین لە:
 

(ا) ئاڕاستەکردنی خەڵک بۆ کۆمەڵێک بەها و بیروباوەڕ کە خەڵک کۆدەکاتەوە و یەکدەخات، وەک دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی.

(ب) هاندانی سەرکردە کۆمەڵایەتی، ئاینی، پیشەیی وسیاسییەکانی کە هەڵگری لێهاتوویی و دەستپاکی و توانای پەیوەندیکردنی کاریگەریان هەیە.

 بونیادنانی مرۆڤێکی کوردستانی هاوچەرخ کە هەڵگری زانستی  و بەها وکارکردن بێت لەگەڵ ئەوانی تردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەردەمی نوێ وهێنانەدی ئامانجەکانی پەرەپێدان بۆ کوردستان ئەرکێکی قورسە کە لە ئێستادا حکومەت و لایەنە سیاسییەکان ناتوانن بیهێننەدی، بەڵام سیمبولە جەماوەرییەکان دەتوانن بەدەستی بهێنن.

سەرچاوە : سپی میدیا