لەتیف فاتیح
نەک کەرکوک موسڵیش بەشێکە لەکوردستانی باشورو ویلایەتی موسڵ هەمیشە باشوری کوردستان بووە، ئەوە باسی بەدرەو جەسان و زڕباتیەو شارەبان و ئەو شوێنانە هەر مەپرسە، کورد لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە وەک ئەوانی تر سود لەدینی ئیسلام وەربگرێ بۆ خۆ خاوەنی ودینەکەی وەک پیرۆزیەکی ڕەها وەرگرتوە، جگە لەوەش هەرگیز نەیداوەتە سەر شارو گوندێکی ئەوانی ترداو بیانکوژێ و ئەنفالیان بکات و داگیری بکات، بەردەوام پێدەشتەکانی بۆ ئەوانی تر بەجێهێشتووە، ئەگەر کەرکوک عێراقێکی بچوکە ئەی بۆ دڵی کوردستانە، ڕاستی دەبێ ئەو جۆرە قسانە وەڵام بدرێتەوە، جاخۆبەغداش کوردوعەرەب و تورکمان و جوو کلدۆئاشورو هتدی تیایە ئەی ئەوێ کوێی بچوکە تورکیا، یان سعودیە؟؟.
کەرکوک شارێکی کوردستانی سەد دەر سەتە، داگیرکراوە، عەرەباندن و بەعساندن و شیعاندن و تورکاندن و هەموو ستەمێکی تیاکراوە، سەت ساڵ لەمەو بەر بە ڕێژەی نەبوو عەرەبی تیابووە، سەت ساڵە گۆڕانکاری نەرێنی تیا دەکرێت، کورد هەمیشە ئامێزی بۆ بەلەنگازو داماوان کردوەتەوە، بڕۆن لە بەساڵاچوانی شوان و جەباری و زەنگەنە و داوێ و تاڵەبان بپرسن، دواتریش خەڵکی تر بەکەڵەگایی و بەپاڵپشتی دەسەڵات هاتون، مرۆڤ لاڵ نابێ گەر ئەم ڕاستیانە بڵێت.
دەربارەی تورکمانی کەرکوک زۆربەیان بەبنچینەو ڕیشە کوردن ئەمە من نایڵێم مێژوو حەقیقەت دەیڵێ، پێنجسەت ساڵ سەردەستی تورک ئەوانی کردوە بە خوێنەوارو مەئمورو بەرپرس زۆرێکیش بۆ پلەو پۆست ڕەگی باوکیان گۆڕیوە، عوسمانی پێنجسەت ساڵ تورکاندنی کردوە، بۆ ئەوە ناوی گوندو شارۆکەو شوێن و ئەوانە شاهیدن، بەرەی تورکمانیش خۆ ئەگەر عێراق مسقاڵێ سەروەری هەبێت دەبێت هەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە ڕاستەوخۆ لینکی بەوڵاتێکی ترەوەیەو لەوێ پارەو مەشقوشتی دیکەش دەکات، ئەو وڵاتەش بەردەوام لەسەری دێتە دەنگ و دەستوەردان لەعێراق دەکات، شەرمە دەوڵەت بیت و نەتوانی ڕەگی جاسوسی ئاشکرا نەک شاراوە ببڕیت.
خەڵکی کەرکوک دەتوانن بەیەکەوە بەئارامی بژین پێویستیان بەئامۆژگاری و قسەی زلی کەس نیە، لەو خەڵکە گەڕێن با کەمێ بحەسێنەوە، هەر دڵۆپە خوێنێکی کەرکوکی بڕژێ بە ئەستۆی ئەوانەیە کە ئاژاوە گڕدەدەن.
سەرچاوە : سپیمیدیا