ئاڤان ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا
*ماسته‌ر له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ
مامۆستای زانكۆی سلێمانی
له هه‌ر کۆمەڵگەیه‌ك ژن رۆڵی له پڕۆسه‌ی سیاسی و رۆشنبیری‌دا هه‌بوو، ئه‌وه سیمای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شارستانی و ژیارێكی گه‌شه‌سه‌ندووه، چونكه به‌شداریی سیاسی و رۆشنبیریی ژن باڵاترین جۆری پراكتیزهکردنی دیموكراسییه. هه‌رچه‌نده له زۆربه‌ی کۆمەڵگە داخراوه كەلتورییه‌كان و مه‌زهه‌بیه‌كاندا، ژن ئه‌م رۆڵه‌ی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا ژنانێك هه‌بوون به‌و دۆخه رازی نه‌بوون و له خه‌بات و تێكۆشانی سیاسیی و رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تییدا جێپه‌نجه‌ی خۆیان به زیندوویی له مێژوودا هێشتۆته‌وه.
هیچ كات رۆڵی ژنانی كورد له‌رۆڵی پیاو كه‌متر نه‌بووه، چونكه ژنان به‌شێكی گرنگی کۆمەڵگەن و له یه‌ك كاتدا دایك و هاوسه‌ر و خۆشكی ئه‌وانی دیكه‌ن. هاوكات به‌شداربوون له پڕۆسه‌ی سیاسیی و خه‌باتی شاخ و شار، چ وه‌كو پێشمه‌رگه چ وه‌كو رێكخستنه نهێنییه‌كانی ناوشار، جگه‌له‌وه‌ش پیاوان چ پێشمه‌رگه یا زیندانی سیاسی یا ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بووبن، ژن و منداڵاكانیش له گه‌ڵیان تووشی هه‌مان ناله‌باریی و برسێتی و ئازار بوونەتەوە، ئه‌وه یه‌كه‌مین رۆڵی به‌رچاوی به‌شداری ژنانه له خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا.
تێڕوانینی نه‌رێنیانه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به تواناكانی ژنان، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێته به‌رده‌م كاری سیاسی ژنان
جێگه‌ی باسه ژنان هه‌میشه پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه و رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بوون، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ژنان بۆ هه‌ندێك كار و ئه‌رك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوژمن‌دا له‌پیاوان گونجاوتربوون، بۆیه هێزه سیاسیه‌كانیش ئه‌م لایه‌نه‌یان له‌به‌رچاو بووه. هه‌روه‌ها وه‌كو سیاسی بوونه‌ته ئه‌ندام په‌رله‌مان و له لق و مه‌ڵبه‌نده‌كاندا جێگه و رۆڵ و پێگه‌یان دیاربووه، ئه‌مه بۆ ژنانی پارته ئیسلامییه‌كان و چه‌په‌كانیش راسته. جگه‌له‌وه‌ش له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی و كاری ڕێكخراوه‌ی جێده‌ستی ژن ڕوون و ئاشكرایه.
ژنان رۆڵێکی كاریگه‌رییان له بزووتنه‌وه رزگاریخوازییهكان چ له‌شاخ یا له‌شار هەبووە، به‌تایبه‌ت له ساڵانی (1975-1991)دا، له‌م ساڵانه‌دا كاركردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كوردایه‌تی مەترسیدار بووە، بۆیه زۆربه‌ی كار‌و چالاكییه سیایهكان به‌نهێنی له‌ناو شاردا بووە، زۆربه‌ی چالاكییه‌كان به ژنان كراوه، سه‌ركردایه‌تی كورد سوودیان له توانای ژنان بۆ سه‌رخستنی بزووتنه‌وه كوردییه‌كان بینیوه. ناکرێت ئەم هەموو رەنجەی ژنی کورد بۆ نیشتمانەکەی داویەتی فەرامۆش و پەراوێز بخرێت و هەوڵبدرێت مێژووییەکی نێرانە بنووسرێتەوە، کە تەواوی کاراکتەر و گیانفیداکانی پیاو بن لە کاتێکدا گەر ژن نەبایە سەرگرتنی شۆڕش و سەرکەوتنەکانی مەحاڵ بوون. بۆیه تیشك خستنه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بایه‌خێكی زانستی وئه‌كادیمی هه‌یه، ده‌بێته مهتریاڵێكی مێژووی.
له ئێستادا له هه‌موو پارته سیاسییه‌كاندا، ژن به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له رووی سیاسییه‌وه چۆته پێشه‌وه، چ له‌وانه‌ی كاندیدن بۆ په‌رله‌مان و چ له‌وانه‌ی له‌ناو رێكخستن و قه‌واره سیاسییه‌كاندا كار ده‌كه‌ن، ئه‌م به‌ره‌و پێشچوونه‌ی ژن هه‌وڵ و ماندووبوونی چه‌ند ساڵه‌ی خۆیه‌تی، به‌رهه‌می ره‌نجی ره‌چه‌شكێنی و ئازایه‌تی و جوامێری خۆی بووه له هه‌ڵوێست و هه‌لومه‌رج سیاسییه‌كان له‌هه‌موو قۆناغه جیاجیاكاندا.
هه‌رچه‌نده به‌ته‌نها رێگره كۆمه‌ڵایه‌تی و كەلتوورییهكان به‌ربه‌ست نه‌بوون له‌به‌رده‌م كاری ژن‌دا به‌ڵكو رهنگدانهوهشییان هه‌بووه بۆ ناو پڕۆسه‌ی سیاسی و به‌هه‌مانشێوه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی سیاسیش به‌ده‌ر نه‌بووه له هه‌بوونی ئاسته‌نگ بۆ كاری ژن. ژن له‌ناوه‌ندی سیاسی و بڕیارداندا رۆڵی كارای هه‌بووه سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی رێگرییه‌كان توانیویه‌تی لێهاتووییه‌كانی خۆی به‌كاربهێنێ و سوود له كارامه‌ییه‌كانی وه‌ربگرێت، بۆیه به كه‌م ته‌ماشاكردنی ژن و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانی به نادیده گرتنی لایه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یه.
له گرنگترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له‌به‌رده‌م كاری سیاسی ژن و چالاكییه سیاسیه‌كانیدا هه‌یه، هه‌بوونی كەلتوورێكی پیاوسالاریی و كهڵسالاری پارته كوردییه‌كانی باشووره، چونكه به درێژای مێژووی پارته كوردییه‌كان ژنان كه‌متریین ده‌رفه‌تییان بۆ ره‌خساوه له وه‌رگرتنی پۆست و پێگه و چوونیان بۆ ناوه‌نده‌كانی بڕیار و به‌گوێره‌ی ژماره راسته‌قینه‌ی خۆیان نه‌بووه، هه‌روه‌ها تێڕوانینی نه‌رێنیانه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به تواناكانی ژنان، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێته به‌رده‌م كاری سیاسی ژنان، چونكه وه‌همێك هه‌یه لای خه‌ڵكی گوایه ژن كه‌م توانایه و ناتوانێت كاری سیاسی بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و تێڕوانینه باوه هه‌ڵانه‌ی ده‌رهه‌ق به ژنان ده‌كریت.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ