کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ستۆپ!!

 

 

 

 

 

پەروا عەلی

 

 

ئەتانەوێت ھەرێمی کوردستان بۆکوێ بەرن؟ ئەڤغانستان و ھاوئاوازەکانیان؟ ئەمە کەی جلی کوردی رەسەنی ژنان و پیاوانی کوردن؟

سەرۆک و سکرتێرو پیاوە دەسەڵاتدارەکانی حیزب لەباشوری کوردستان ، ئەگەر لەبیرتانچۆتەوە جلەکانمان ئەمەنیە یەک تۆز لە کاتە نازێرینەکانتان تەرخان بکەن و سەیرێکی وێنەکانی دایک و باوک و داپیرانتان بکەن بزانن ئەم جلانەیان لەبەرکردوە؟ یا مەبەستتان شێواندنی کلتورمانەوە ئێوەش چاوتان داخستوە لەمەڕ ھەمو شتێک؟!! کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کە چەند ئەندامێکیان کوردن، دەبێ بێلایەنانە چاودێربن و کارە تەکنیکیەکان ئەنجام بدەن نەک ریکلامی ئەم شێوەیە و شێواندنی کلتوری نەتەوایەتیمان، پێویستە کۆمسیۆن بۆ ئەوشتانە بگەرێنەوە بۆ لقەکانیان لەھەرێم، بەداخەوە ئەوە لاوازی حکومەتی ھەرێمە کە وایکردوە دەستبخەنە ھەموو شتێکەوە و حسابتان بۆ نەکرێت.

ئێوە چیتان ماوە لەدەستی نەدەن؟ سەرزەوی و بن زەوی و ئاسمان و رێسمانتان تەسلیم بە عەقڵی شۆڤێنی و سەلەفی و بیرتەسک و ناشیرینیەکانی ھەموو دەرودراوسێکان کرد، دەمێکە خەریکی شێواندنی کلتوری نەتەوایەتین، میدیاکانتان رەنگدانەوەی ئەو شێواندنەی بەئاشکرا پێوەدیارە لەرێگای ئەوبابەتە دۆبلاژکراوانەوە کەھیچ سودێک بە کۆمەڵگاو ھەستی نەتەوایەتی ناگەیەنێت، خەریکە جلە رەسەنەکانیشمان لێ زەوت ئەکەن؟ ئێوە چ مەخلوقێکن لەم سەرزەمینە؟ چ پاساوێکتان ھەیە بۆئەم ھەمو ناشیرینی و ناعەدالەتی و بێمنەتییە؟ تێر نەبوون لە درۆو دراو؟؟ دەتانەوێت چی بەدەستبھێنن متمانەی خەڵک؟ ئاوا داوای دەنگ ئەکەن تا ھەڵتانبژێرن؟ لەڕوتان دێت بچنە ئەو لادێیانەی بەھەموو رەسەنایەتیەکەوە لانکەی شۆرش بوو داوای دەنگدانیان لێ بکەن بە حیزبەکانتان؟ ئێوە شارو لادێتان وێران کرد، ئێوە ھەستی نەتەوایەتیان لەگۆڕنا، ئێوە مافی تاکتان کردە قوربانی گیرفانی خۆتان و مناڵەکانتان، ھەر چاوەرێی رەحمی ئەو خەڵکەن؟ باوەرناکەم بیبینن. 

 

ئەو دار بەڕو و سنەوبەرە رەسەنانەی رەگیان بەقوڵایی ئەم خاکەدا داکوتابو ھەڵتانکێشاو سوتانتانن تابونە قەقنەس بۆمەرامی ناشرینی ناشیرینتەکانتان، ھەمویتان کرد بە پرۆژەی بێخێری نیشتەجێبون بۆ غەیرە کورد، لەبری ئەو دارە جوانانە دار خورما و واشنتۆن و کۆمەڵێ داریتر بەپارەی گران کریتان کە نە بەخاکی کوردستان و نە بەخەلک ئاشنا ئەبن، چیتر ماوە بیکەن؟ شەرم لەخۆتان و مێژوو خوێنی ئەو ھەموو شەھیدە ناکەن؟ ئاخر ناکرێ زەڕەیە کەرامەت نەمابێ ئەو ھەموو پێشێلکارییە دەرھەق بە بەنەتەوە بکرێ و کەستان ھەستی پێ نەکەن؟ چیتر ماوە بیکەن؟ تاقەتتان نەچو لە موجامەلەو خۆبچوککردنەوە؟ زیاد لە سی ساڵە نەپلانتان ھەیەو نەپیلان بۆ خزمەتی ھەرێمی کوردستان و مامەڵەی دوژمنان، نە توانیتان دپلۆماسیانە ستراتیژی کورتخایەن و درێژخایەنتان ھەبێت بۆ پاراستنی سەروەری و قەوارەی ھەرێم، کە ھیچی وای نەماوە لەدەستی بدەین. نەفرەت لە دوژمنان و ھاوئاوازەکانیان کە ئێوە سەرقافڵەیانن بۆ لەدەستدان و شێواندنی ھەست و کلتوری نەتەوایەتیمان..
 

 تێبینی/ ئێستا ئەم وێنەیە لەمشتومڕدایە لەبەر جلی پیاوەکە نەک ژنەکە. ھیوادارم بەتەواوی رەتبکرێتەوە چونکە عەیبەیەکی گەورەیە

سەرچاوە : سپیمیدیا