بێریتان، کچە کوردی باکووری کوردستان رۆژانە کاتێکی زۆری بە هەڵگۆزینی ئاو لەنێو بیر بۆ مەڕوماڵاتەکەی بەسەردەبرد، بێئاگا لەوەی توانایەکی جەستەیی لە رادەبەدەری دروستکردووە.
ئێستا کچە تەمەن 15 ساڵانەکە یەکێکە لە باشترین یاریزانانی دەستشکاندنەوە، لە بێریڤانییەوە چووە نێو پاڵەوانێتیی جیهانی و لە دوو بەشداریکردندا، پلەکانی دووەم و سێیەمی بەدەستهێناوە.
بێریتان بووەتە جێگەی شانازیی تەواوی گوندنشینانی بیراتاری سەر بە ناوچەی کایاپنار لە پارێزگای ئامەد.
بێریتان ئاکیۆل، وەرزشوان دەڵێت، "خێزانەکەمان ئاژەڵداری دەکەن و منیش یارمەتییان دەدەم. زۆربەی کات ئاژەڵەکانم ئاو دەدا، ئەمە وایکرد ماسوولکەکانم بەهێز ببن. پێشتریش لەسەر پێشنیازی راهێنەرێک دەستم بە یاریی دەستشکاندنەوە کرد و ئێستاش بەردەوامم."
بێریتان وازی لەو پیشەیەی نەهێناوە کە ماسوولکەی دەست و بازووەکانی بەهێز کردووە. هەفتانە لە هۆڵی لەشڕێکیشدا چوار رۆژ پەرە بە تواناکانی دەدات. راهێنەرانی، پلەی یەکەمی پاڵەوانێتیی داهاتوو لە چاوەکانی دەبینن.
محەممەد ئەرک، راهێنەر دەڵێت، "چوومە میوانداری و بینیم کە بێریتان بە دەیان جار ئاو لە بیر دەردەهێنێت و بینیم شان و ملی بەهێزن. ئەوکات پێشنیازم بۆ خێزانەکەی کرد کە بێریتان بەشداری لە پاڵەوانێتیدا بکات. تائێستا وەکو راهێنەری ئەو و وەکو دوو هاوڕێ کار دەکەین."
کچە کوردەکەی ئامەد لە 13 و 24ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جیهانیی دەستشکاندنەوە کرد کە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و میدالیای برۆنزی وەرگرت.
لە ساڵی 2020یش لە پارێزگای ئیسکیشەهر لە پاڵەوانێتییەک لەسەر ئاستی تورکیا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
سەرچاوە: rudaw