کچانی خوێندەوار... 

سروە نوری ئەزیز
(ستۆکهۆڵم)

"خۆزگە من ببمە درەختێک بۆ قوتابخانەی کچان
ئەو کچانەی وا دەخوێنن ببمە سێبەر بۆ ئەوان

هەر کچانی خوێندەوارە
 میللەتی پێ سەرکەوێ

تەربییەی منداڵ هیوایە
 پێشرەویمان بەرکەوێ"

پیرەمێرد

نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر شاژنی کورد حەپسەخانی نەقیب و شاعیرانی نەمری وەک، پیرەمێرد، بێکەس، هێمن و گۆران لایان ئاشکرابووە کە کچانی خوێندەوار، کۆمەڵگەیەک خوێندەوار دەکا... 
سوڵتانە کچە گەنجێکی ئەفغانییە، لە باشووری ئەفغانستان، لە یەکێک لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی تاڵیبانەکاندا، دەژی. دوای ئەوەی چوارساڵی قوتابخانە تەواو دەکا و دەچێتە پۆلی پێنج، وەفدێکی تاڵەبانەکان دێنەماڵیان و داوا لە باوکی سوڵتانە دەکەن کە کچەکەی لە قوتابخانە دەربهێنێ ئەگەر نا دەموچاوی بە ئۆکسجین دەسوتێنرێ. سوڵتانە تەرکی قوتابخانەی پێکرا و چیتر نەیتوانی لە ماڵ بێتەدەرەوە. هاوکات هەر لە نێوچوار دیواری ماڵەکەیاندا، زۆر بەنهێنی و بەترسەوە بە هاوکاری خێزانەکەی لە خوێندن بەردەوام بوو. سوڵتانە دەڵێ "کەس ناتوانێ ڕێگری خوێندن لە من بکا". لە ماڵەوە لەڕێگای رۆژنامە و گۆڤارو بەیارمەتی فەرهەنگی ئینگلیزی- پاشتو خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکا. کاتێکیش ئینتەرنێت بووە میوانی ماڵەکەیان ئیترسوڵتانە وەک پەپوولە بە دوای هەنگوینی گوڵەکان، لە دنیای بێسنووری زانست و زمان و ئەدەبدا کەوتە سەما. لە دوای ئەوەی کە بەتەواوی زمانی ئینگلیزی فێربوو، دەستیکرد بە خوێندنی ماتماتیک. هەموو بەیانیەک کاتژمێر پێنج لە خەو هەڵدەستا و لە ڕێگای وانە ڤیدیۆیەکانی ماڵپەری
Khan Academy ی ئەمریکی ماتماتیکی دەخوێنت. ساڵی 2016، ئەو کاتە سوڵتانە کە تەمەنی 20 ساڵ بوو و بەڕێگای ئینتەرنێت چەندین کۆرسی لە زانستی فیزیکیشدا تەواوکرد. 

لە دوای ئەوەی سوڵتانە کتێبێک دەربارەی ئەسترۆفیزیک کە لە نوسینی مامۆستای زانکۆی Arizona لە ئەمریکا Lawrence M Krauss  دەخوێنێتەوە، خۆی لە رێگای سکایپەوە پەیوەندی بەم نوسەر و مامۆستایەوە، دەکا. زیرەکی و پرسیارەکانی ئەم کچە ئەفغانیە، کە تەنیا پێنج ساڵ لە قوتابخانە خوێندبووی، ئەم مامۆستایە زۆر سەرسام دەکات. هاوکات لە کاتی خوێندنی کۆرسێکی زمانی ئینگلیزیشدا سوڵتانە دەبێتە هاورێی Emily Roberts لە زاکۆی Iowa. بە یارمەتی Emily سوڵتانە لە کۆلیجی Iowa، وەرگیرا و لە دوای خوێندنی کۆلیج زانکۆی Arizona ئامادەیە وەریبگرێ. خەون و ئاواتی سوڵتانە ئەوەیە کە ببێتە پرۆفیسۆری زانستی فیزیک.
کچانی خوێندەوار و هوشیار سەرچاوەن بۆ پێشەوەبردن و گۆرانکاری بنەڕەتی کۆمەڵگە. یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی، توانا و بەهرەی کچان و ژنانی خوێندەوار و هوشیاری وڵاتە. لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی عەرەبیدا ئەم داهاتە نیشتمانیە گرنگە، کە نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنێ، بە فیرۆدەروا. تا ئێستاش ڕێژەی نەخوێندەواری کچان لە وڵاتانی عەرەبیدا، بەرزترین ڕێژەیە. بە پێی راپۆرتێکی گلوبال 2013-2014 لەلایەن
UN وە "رێژەی نەخوێندەواری لە نێو ژناندا لە 60٪ە، لە وڵاتانی عەرەبی، باشوور و رۆژئاوای ئەفریقا و باشووری سەحرا".

جێگای سەرسوڕمان نیە کە ئەم دەوڵەتانە لە هەموو روویەکەوە، لە زانستی تەکنەلۆجیا، لە زانستی پزیشکی، لە پیشەسازی، یا هەر لایەنێکی هونەری و وەرزشی بگریت، لە هیچ ریزبەندێکی پێشکەوتن و بەهرەمەندیدا نابینرێن و ناویان نیە. لە ساڵی 1901 وە، ساڵانە خەڵاتی نۆبل لە وڵاتی سویدەوە دەبەخشرێ بە زانایانی بوارەکانی فیزیک، کیمیا، پزیشکی و ئیکۆنۆمی، تا ئەمرۆش زانایەک لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی عەرەبیەوە نەکەوتە نێو ئەم لیستە دوورورێژەی نوبڵ کە تەمەنی نزیکەی 122 ساڵە. بەڵکو ئەم وڵاتانە هەمیشە لە ریزبەندی سەرکوتکردنی کچان و ژنان و رێزنەگرتن لە مافەکانی مرۆڤدا بەپلەی یەکەم دێن. 

پێوانەی پێشکەوتنی وڵاتێک پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پێگە و گوزەرانی ژن لەو کۆمەڵگەیەدا هەیە.

پرسی ژن، پرسی کۆمەڵە... مافی ژن، مافی مرۆڤە...