لە تورکەمەنستاندا نزیکەی 100هەزار کورد ژیان بەسەردەبەن. ئەو کوردانە زۆرتر لە شارەکانی عیشقاباد، بەیرامەلی، ماری و ناوچەکانی نزیک ڕووباری ئەتریک و کەپەکەند نیشتەجێن. هەتا شۆڕشی ئۆکتەبەری ڕووسیا کوردەکان لە کاروباری ئیداریی تورکەمەنستاندا پێگەیەکی ئەوتۆیان نەبوو بەڵام دوای ئەو تا ڕادەیەک تێکەڵی کاروباری ڕامیاری لە تورکەمەنستان بوون.
دەڵێن سەفەر مراد نیازۆف سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی تورکەمەنستان و یەکەم سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە دوای سەربەخۆیی، کاتێک لە تەمەنی ٨ساڵەییدا بنەماڵەکەی لە بوومەلەرزە گەورەکەی ساڵی 1948ی زایینیی عیشقاباددا لەدەستدەدات لەلایەن بنەماڵەیەکی کوردەوە بەخێودەکرێت.
پێشینەی نیشتەجێبوونی کوردەکان لە تورکەمەنستان بۆ چاخی 17ی زایینی دەگەڕێتەوە. بە سەرهەڵدانی حوکمەتی سەفەوی و گۆڕانی ئایینزای فەرمیی ئێران بۆ تەشەییووع، ناکۆکییە ئایینزاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیساند کە هەر ئەم بابەتەش یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ئوزبەکەکان و بەدوایدا تاڵانی مەشهەد بووە. بە فەرمانی شاعەباسی یەکەم، تاقمێک لە کوردەکان کە زۆرتر لە خێڵاتی زیرەکانی و جەلالی بوون لە خۆراسان نیشتەجێ کران هەتا هێمانەیەتی لە کوێستانەکان سەقامگیربێت و تەشەییووع زۆرتر پەرەبگرێت.
دوای سەفەوییەکان، نادرشای ئەفشاریش کە درکی بە گرینگیی کوردەکان لە ناوچەدا کردبوو ڕێژەیەکی زۆرتری کوردی لەپێناو بەرەوپێشبردنی خواستەکانی خۆی بۆ ئەم ناوچەیە ڕەوانەکرد. دوای بەسترانی پەیمانی ئاخال لەنێوان ئێران و ڕووسیای تێزاریدا، بەشێک لە کوردەکان لەمبەری سنوور و لە چوارچێوی ڕووسیادا مانەوە. لە ساڵی 1937 و دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆماری کوردستانی سوور لەلایەن ستالینەوە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی قەفقاز بۆ تورکەمەنستان دوورخرانەوە و دواتریش لە ساڵی 1944دا بەشێکی تر لە کوردەکانی ئەم ناوچەیە بە فەرمانی ستالین هەڵوەدای ناوچەکانی تر کران.
مارف خەزنەدار نووسەری ناوداری کورد بەشێک لە ژیانی خۆی لە ڕووسیا تێپەڕکردووە و لەوێ پێدەزانێ کە رێژەیەک کورد لە تورکەمەنستان دەژین. ئەو لە ڕووسیا لەگەڵ خوێندکارێکی خولی دوکتۆرا کە خەڵکی تورکەمەنستان دەبێ بەناوی مەمەد نزارۆف ئاشنا دەبێ. ئەو کەسە تێزی دوکتوراکەی خۆی لەسەر کوردەکانی تورکەمەنستان نووسیوە. بەڵام چوون نزارۆف بەشێکی زۆرێک لە داتا کۆکراوەکانی لە تێزەکەیدا نەگونجاندبوو و هەروەها بەتەمابوو نامەکەی بە زمانی ڕووسی و تورکمانی لەچاپ بدا، دوکتۆر مارف خەزنەدار تەما دەگرێ خۆی کتێبکی سەربەخۆ لەسەر کوردەکانی تورکەمەنستان بنووسێ.
بەپێی کتێبەکەی دوکتور مارف خەزنەدار واتە "کوردی تورکمانستان"، گرینگترین هۆکاری کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردەکان بۆ خۆراسان لەلایەن شاهانی سەفەوییەوە، پێشگرتن لە سەرهەڵدانی کوردەکان دژی حوکمەتی سەفەوی بووە.
خەزنەدار دەڵێ تورکەمەنستان وڵاتێکی سەر بە ئایینزای سوننییە بەڵام زۆربەی کوردەکانی ئەوێ سەر بە ئایینزای شیعەن. گوزەرانی سەرەکیی زۆربەی کوردەکانی تورکەمەنستان کشتوکاڵ و باخدارییە. تا پێش چاکسازییەکانی ساڵەکانی 1925-1926 کوردەکان خاوەنی زەویوزاری کشتوکاڵی نەبوون و زەوییان بۆ وەرزێری بەکرێ وەردەگرت. هێندێک لە کوردەکانیش سەرقاڵی ئاژەڵداری بوون کە دوای چاکسازییەکان ئاژەڵدارییان وەلانا و کاڵخۆز یا کێڵگەی هاوبەشیان دامەزراند. جێگەی ئاماژەیە کە ئاژەڵدارانی کوردی تورکەمەنستان ڕەسەنێکی تایبەتی مەڕ یا پەزیان بەخێوکردووە کە بە «مەڕی کوردی» ناسراوە.
یەکێک لەم کەسایەتییە کوردانەی تورکەمەنستان کە لە کتێبەکەی دوکتور خەزنەداردا ئاماژەی زۆری پێکراوە، شاعیری بەنێوبانگی کورد جەعفەرقولی زەنگەلییە و ئەو هەم لە خۆراسان و هەم لە تورکەمەنستان ژیاوە. جەعفەرقولی کە بە جەعفەرقولی زەنگەلی یا جەعفەرقولی بێچارە ناسراوە بە مەلەکوشوعرای کورمانج نێوی دەرکردووە و جگە لە شێعر، ژەنیارێکی لێهاتووی ئامێری تار بووە. بەپێی بۆچوونی کوردەکانی خۆراسان، زەنگلی لە ساڵی 1814 لە گوندێک بەناوی شکافکوو لە ڕۆژهەڵاتی قووچان لەدایکبووە. بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی کوردەکانی تورکەمەنستان جافەرقولی لە گوندی لاین دەرەگەزی خۆراسان لەدایکبووە و دواتر بەهۆی هەژارییەوە لە ساڵی 1949دا بەرەو تورکەمەنستان کۆچی کردووە.
بەپێی ئەم لێکۆڵینەوە نافەرمییانەی کراوە لەئێستادا نزیکەی 100هەتا 150هەزار کورد لە تورکمانستان دەژین کە بەداخەوە زۆربەیان تووشی تووانەوەی کلتووری یا ئاسمیلەبوون هاتوون. سەرژمێرییەکی ئەنجامدراو لە ساڵی 1950ی زایینیدا ئاماری کوردەکانی تورکەمەنستانی 59هەزار کەس ڕاگەیاندووە. ڕێژەی ئاماری حەشیمەتی کوردەکانی تورکەمەنستان دوای ڕووخانی سۆڤییەت ڕۆژ بەڕۆژ کەمتر بووەتەوە هەتا ئەو جێگەی کە لە ساڵی 2010دا حەشیمەتی کوردەکان لەم وڵاتە بە 6هەزار و 900کەس خەمڵێنراوە.
لە سەردەمی سۆڤییەتدا کوردەکانی تورکەمەنستان دەیانتوانی بە زمانی خۆیان بخوێنن و ناوەندی کلتوری و ڕۆژنامەیان هەبوو بەڵام دوای سەربەخۆییی تورکەمەنستان خوێندن بە زمانی دایکی قەدەغە کرا و تەنیا خوێندن بە ڕووسی و تورکمانی ئیزنی پێدرا. هەروەها لەدرێژەدا و لەدوای ساڵی 1955زایینی هەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەبوو لەم وڵاتە یاساخ کرا.
دەوڵەتی ئێستای تورکەمەنستان لەگەڵ کەمینە نەتەوەییەکان بە تایبەت کوردەکان هەڵسوکەوتێکی شیاوی نییە و شوناسی کوردەکان بەتووندی لەژێر مەترسیدایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تورکەمەنستان بە یەکێک لە ڕەشترین و داخراوترین وڵاتەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت.
سەرچاوە: haje