ئیدریس مستەفا
بۆچی لە کوردستان هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؟!....
کاتێک ساڵی پارەکە هێرش کرایە سەر باڵەخانیەک لە هەولێر، لە لایەن نوسەر و پەیامنێرە عەرەبە شۆڤینیەکانەوە وا باس کرا کە ئەوە بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی بووە بۆیە ئێران بەر موشەکی داوە. عەبدولباری عەتوان، کە هەموان دەیناسین، لە بەرنامەکەی خۆیدا ئەمەی بە ئاشکر اگوت. منیش پرسیارێکم لێکرد و گوتم: بەڕێز عەبدولباری عەتوان خۆ گەورەترین بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا لە باکۆی پایتەختی ئازربایجانە، ئەی بۆ ئێران ئەوێ بەر موشەکی دوورهاوێژ نەدا؟. پرسیارەکەی وەڵام نەدایەوە و بە ئاسایی وەرمگرت چونکە ئەو وەڵامی پێ نیە بەڵکو هەر دەیەوێ قسەیەک بکات لەسەر رووداوێک. بەڵام، ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە کوردستان هەدەفێکی ئاسانە و باجی لەسەر نیە بۆ هەر کەس و لایەن و دەوڵەتێک گەر هێرش بکەنە سەری.
جگە لە کوردستان، جار نا جارێ عێراقیش، لە هیچ شوێنێکی تری ناوچەکە هیرش ناکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؟ هەروەها هیچ شوێنێکی ناوچەکەش هێندەی کوردستان هێرشی وڵاتانی ناوچەکەی ناکرێتە سەر بێ ئەوەی ئەو هەرێمە هیچ زەرەرێکی بۆیان هەبووبێ بگرە قازانجی لە سەداسەدی بۆیان هەبووە.
یەکێک لەو تێگەیشتنە هەڵانەی لە کوردستان باوە ئەوەیە گەر ئەمریکا بنکەی سەربازی هەبێ یاخود ئامادەیی هەبێ بە چەکەوە ئەوا ئیتر نیشانەی دڵخۆشیە لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان، گوایە کوردستان دەپارێزێ لە وڵاتانی دەوروبەر، دووەمیشیان ئەوەیە کە پشتیوانیەکە بۆ هەنگاوی جیابوونەوە یان بەلایەنی کەمەوە سەربەخۆیی ئیدرای و ناوچەیی وەی ئەوەی لە رۆژاڤا و باشور دەیبینین.
سیاسەتی ستراتیجی دەرەوەی ئەمریکا کە لەسەر دەستی هنری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا و هەردەم ستراتیجستی ئەمریکا، لە کتێبی "دپلۆماسی"دا کە ساڵی ١٩٩٤ لە نوسینەوەی تەواو بوو، بە روونی دەڵێت لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نیە هیچ کێشەیەک بە تەواوی جارەسەر ببێت بەڵکو ئەو کێشانە هەردەم دەبێ بە نیوەناچل بمێننەوە.
لەبەر مەبنای ئەم سیاسەتەوە سەیری هەموو ئەو جێگایانەی ئەمریکای لێیە، چ وەک وجودی سەربازی یاخود نفوزی سیاسی، نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک بگرە هەموویان هەر بە هەڵواسراوی ماونەتەوە تەنانەیت ئەوانەشی پەیماننامەی نێودەوڵەتی پێ مۆرکردوون وەک فەلەستین و ئیسرائیل ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان یاسر عەرەفات و ئیساحاق رابینی سەرۆک وەزیرانی ئەودەمی ئسیرائیل. ئە پەیماننامەیە بە پەیماننامەی ئۆسڵۆ ناوی دەرکرد بۆ یەکەمین جار فەلەستینیەکان لەوێد ادانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلد انا وەک قەوارەیەکی جوو، هەروەها ئیسرائیلیەکانێش دەولەتێک بۆ فەلەستنیەکان دابمەزرێنن، بەڵام ئەوە سی ساڵی رەبەقە ئەو دەوڵەتە نەک هەر دروست نەبوو بەڵکو بووە بە کاولەیەک کە ژیانی مرۆڤەکانی بۆ سەدان ساڵ گەڕاندۆتە دواوە لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی.
باسی ئەفغانستان ناکەین کە چۆن بۆ تاڵیبانی بەجێهێشت دوای بیست ساڵ، با باسی تایوان بکەین. ساڵانە ئەمریکا ئەو هەموو چەکە بە تایوان دەفرۆشێ و ئەو هەموو ئامادەییە سەربازییەی هەیە کە لە جیهاندا بێ وێنەیە کەچی تایوان وەک بەشێک لە خاکی چینی دایک دادەنێ. لە هەمان کاتدا دەڵی دژی هەر هێرشێکی سەربازی چین دەوەستینەوە گەر بیەوێ بە تۆبزی تایوان بلکێنێتەوە بە چینەوە.
بۆ کوردستان هەر هیچ باسێک نیە لەو بارەیەوە. زیاتر لە سێ دەیەیە باشوری کوردستان لە ژێر چەتری سیاسەتەکانی ئەمریکادا سەربەخۆیە کەچی ئیستاش و دوای ئە وهەموو رسوای و تەشقەڵانەی لە جنوب پێی دەکرێ و پێی کراوە کەچی بەغداد بە سیمای رەسمی عێراق دادەنێت و دەڵێ بۆ هەموو شتێک دەبێ بچنەوە بەغداد.
بۆ رۆژاڤاش هەر وایە... ئەوە دەیەیەکە لە سوریایە و بە کردەیی رۆژاڤا بووە بە هەرێمێکی سەربەخۆی ئیداری و جوگرافی و سیاسی کەچی هیچ رێکەوتن و پابەندیەکی سیاسی لەگەڵدا مۆر نەکردووە بەڵکو تەنها چەکیان پێ دەدات گەر باریان بکەوێتە لێژی ئەویش بۆ گیان داعش ئەگینا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێ دەنگی هەڵبژاردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆیەوە کە ئەمریکا بە نیازە سیستەمی موشەکی بەرگری ئاسمانی بداتە هاوپەیمانەکانی وەک سعودیە و ئیسرائیل و لەوانەش کوردستان. دیارە قورسە ئەو هەوالە بۆ کوردستان راست بێ، بەڵام گەر واشبێ ئەوا جگە لە قەباعەتێکی تر هیچی تری لی سەوز نابێ بۆ ئەو وڵاتە چونکە ئاسانتری شتێک ببارێ لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا موشەک و بوردوومانەکانی وڵاتانی دەوروبەرە و تا ئیستاش دەیان و سەدان جار روویداوە بێ ئەوەی ئەمریکا هیچ فزەیەکی لێوە بێ جگە لەوەی هیچ هەڵوێستێکی دەرنەبڕیوە.
هۆکاری هەموو ئەمانەش دوو شتە:
یەکەم، ئەمریکا کوردستان بە کۆگایەکی سەربازی دادەنێ نەک نێشتمانێک کە ملیۆنان مرۆڤ خەونیان ئەوە بوو رۆژگارێک ئەمریکا بێت و وەک ئیسرائیل پشتیوانی قەوارەیەکی سیاسی دەوڵەتیان بۆ دابمەزرینێ. وجودی سەربازی ئەمریکا لە باشور و رۆژاڤا جگە لەوەی وڵاتەکە وەک کۆگایەکی سەربازی بەکاردەهێنێ هیچی تر نیە؛ ئەگەرنا، سی ساڵ لە باشور و دە ساڵ لە رۆژاڤا کە یەک پیتی لەسەر کاغەز دانەناوە بۆ پشتیوانیەکی سیاسی کورد ئەوا مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە کۆگای سەربازیە.
دووەم، لەو روانگەیەوەی ئەمریکا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و هەموویان بە هەڵواساروی دەهێڵێتەوە وای کردووە وڵاتانی دەوروبەر بە کەماڵی خۆیان چۆنیان بوێ ئاوها مانۆڕی سەربازی تیدا دەکەن یاخود موشەک وەک باران دەبارێ بەسەر ئەو وڵاتەدا. ئەم وڵاتە بووە بە کۆگایەکی سەربازی و هەموان چەکی خۆیانی تیدا تاقی دەکەنەوە.
ئەوەی لێرەدا دەمێنێتەوە بیڵێم ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە کوردیەی باشور لە بەرامبەر ئەو بە کۆگایی بوونەدا هیچ دید و سیاسەت و قسەیەکی نیە جگە لەوەی تەماشەکەرێک بێ گەر بەشداریکەرێکی جدی ئەو دۆخە نەبێت. ئەم تەماشاکردنەیە کە دەستی هەموانی واڵاکردووە هەر لە ئەمریکاوە تادەگات بە هەر دەوڵەتێکی ناوچەکە نیشتمانەکە وەک کۆگایەکی سەربازی ببینین!
سەراوە سایتی زەمەن