باست حەمە غەریب
من پێمخۆشە،
لە کۆڕێکدا لەوبەغدایە،
بە زمانی شیرینی خۆم،
سڵاوی قەڵاکەی هەولێر،
بگەیەنمە دارولسەلام.
دەخازم شەوێک بە مەستیی،
لە بەرزییەکی مەڕمەڕە،
سڵاو لە ئەستەنبوڵ بکەم
بە یادێکی ئامەدەوە،
باوەشی میهر ببەخشم،
بەو ئاو و کەنارە تەڕە.
من گەرەکمە ئێوارەیەک،
لە زەردەپەڕی پایزا،
مەرحەبای ئاویەری سنە،
لە بورجی میلاد بکەم و
لە گەڵ نم نمەی بارانا،
پیاسە بکەم لە کووچەکانی تارانا.
ئەز حەز دکەم،
نیوەڕۆیەک وەک قامیشلۆ
لە شام ورد ورد بگەڕێم و
لە باوەشییا ببم خەنی
بێ ترس بێژم؛
ئەزلاوێ کوردم ئەزبەنی.
کە پێمخۆشە،
کۆبانی بەرم بۆ شام و
دهۆک بۆ بەغدای دێرین و
مهابادیش بناسێنم،
وەکو دەستە خوشکی تاران
ماردین میوانی ئاهەنگی ئەنکەرە بێت،
ئایی چەندم پێخۆشە یاران.
وەلی ئێوە، ئەی دوژمنان،
بۆ ئێمە هەر خوێنتان پێیە
زمانی کوردی سەرئەبڕن،
دیاریی دەستتان،
بۆ برینەکانمان خوێیە
براییتان بە تەنیا وێرانیی و مەرگە
دەی منیش ئیدی ناچارم،
شەڕڤان بم و گەریلا بم و پێشمەرگە!