هاشم جەباری
لە یادەوەریی تێپەڕبوونی (3) ساڵ بەسەر شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958دا و پاش تێپەڕبوونی(5) ساڵ بەسەر کردنەوەی تەلەفزیۆنی بەغدا ، لەلایەن (مەحموود ئەلبەکر)ی موتهسەڕفی کەرکوک و زەعیم (مەحموود عەبدولڕەزاق) فەرماندەی فیرقەی دووی سوپای عێراق، لە 15/7/1961 بەردی بناغەی تەلەفزیۆنی کەرکوک داندرا، بەڵام بە هۆی بارودۆخی کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول پڕۆژەکە دواخرا .
دوای شەش ساڵ، پڕۆژەکە تازە کرایەوە، هەمووپێداویستى و ئامێری پێویستی بۆ دابین کرا، لە 18/11/1967دا کەناڵەکە کە لە قەراخی باشووری شارەکە نزیک پەیمانگەی ئێستای تەکنیکیی کەرکوک بوو، لەلایەن (تایەر یەحیا)ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عیراق کرایەوە، هەمان رۆژیش ١٨ی تشرینی دووەم/1967 پەخشی دەستپیکرد .
پەخشی تەلەفزیۆنی کەرکوک، سەرەتا بەرنامەکانی هەمان ئەو بەرنامانەبوون کە لە تەلەفزیۆنی بەغداوە پەخش دەکران. بۆ رۆژی دووەم بەرنامەکان بە تۆمارکراوی رەوانەی کەرکوک دەکران، بۆ شەوەکەشی لە کەرکوکەوە بەرەو شارەکانی دیکەی کوردستان پەخش دەکران .
لەو کاتەدا تەنیا یەک بەرنامەی کوردی هەبوو، بەغدا تۆماری دەکرد و لە کەرکوک پەخش دەکرا (أنغام من الشمال)، ئەوە تایتڵی بەرنامەکە بوو بە زمانی عەرەبی، بە کوردییەکەی (ئاوازەکانی باکوور). ئەو بەرنامەیە بریتی بوو لە چەند گۆرانییەک و چەند هەڵپەڕکێیەکی کوردی، هونەرمەندان (جەمال جەلال و ژیان ئەحمەد- دکتۆر بەلقیس- و کەمال رەوف، بە هاوکاریی تیپی نەتەوەیی رەشید و(نەزار هامایاکیان)ی زۆڕنا ژەنی ئەرمەن (ئەم بە جلی کوردییەوە) ئامادە وپێشکەش دەکرا، ماوەکەی١٥ خولەک بوو، بەرنامەکە هەفتانە بوو، تەنیا پێنج ئەڵقەشی لێ پێشکەش کرا .
لە یەکەم ساڵیادی 17ی تەمووزدا، شەوی 17/7/1969، لەبەر ئەوەی هیچ تیپێکی گۆرانی ومۆسیقا نەبوو، بێ لە تیپی مۆسیقای سۆلاڤ کە تیپێکی کوردیی شاری کەرکوک بوو، بەڕێوەبەرایەتیی تەلەفزیۆن ناچاربوو پەنا بۆ ئەو تیپە ببات، نزیکەی یەک سهعات راستەوخۆ گۆرانی کوردی لە لایەن هونەرمەندانی کورد (شەوکەت رەشید، قادر مەردان، سەڵاح رەشید، عەلی عەزیز،رەمەزان زامدار، محەمەد رەزا، سەڵاح عەباس) و چەند هونەرمەندێکی دیکەوە، زۆر بە سەرکەوتوویی پێشکەش کرا، ئەم کۆنسێرتە یەکەمین جاربوو کە بۆ ماوەی یەک سهعاتی تەواو گۆرانی و مۆسیقای کوردی لەو تەلەفزیۆنەوە پێشکەش بکرێت .
هەر بە بۆنەی 17ی تەمووزەوە، مورتەزا سەعید عەبدولباقی و سەعدون غێدان ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبی بەعس لە بەغداوە سەردانی کەرکوکیان کرد، لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەندامانی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوایان لێ کرا لە تەلەفزیۆنی کەرکوک ماوەیەک بۆ پەخشی کوردی تەرخان بکرێت، دەستبەجێ هەر لەو سەردانەدا، بڕیاردرا ماوەی چارەکە سەعاتێک بۆ پەخشی کوردی تەرخان بکرێت. بۆ وەرگێڕان وخوێندنەوەی هەواڵ،نامیق محەمەد و شەهید جەبار جەباری، وەک کارمەندی کەناڵەکە دەست نیشان کران .
دوای دەست لە کار کێشانەوەی نامیق محەمەد، من لە جیی ئەو دامەزرام، سەر لە ئێوارەی رۆژی 1/9/1969وەک وەرگێڕ و بێژەرلە تەلەفزیۆنی کەرکوک دەست بە کاربووم و هەر ئەو ئێوارەیە هەواڵەکانم خوێندەوە. لەگەڵ کردنەوەی پەخشی کوردی، ماوەی 10 خولەکیش بۆ پەخشی تورکمانی تەرخان کرا، عەبدوڵڵا جەعفەر داقووقی و مەولوود قایەچی بێژەر و وەرگێڕی ماوەی تورکمانی بوون . دوای چەند رۆژێکیش ماوەی 10 خولەک بۆ پەخشی سریانی تەرخان کرا و رەبقە خامس قەندۆ کە ژنێکی مەسیحی بوو وەکو بێژەری بەشی سریانی دەست بەکاربوو .
یەکەمین بەڕێوەبەری رەسمی تەلەفزیۆنی کەرکوک (یەحیا جەمیل حەمادی)بوو، لە بەغدا مامۆستای زمانی عەرەبی بوو، پیاوێکی بە تەمەن و رێزدار بوو، زۆر ستایشی کوردی دەکرد، رێزی تایبەتی بەرانبەر بە ئێمەی کورد هەبوو . زۆرجاریش داوای لێم دەکرد شیعرەکانی (گۆران)ی شاعیری بۆ بکەم بە عەرەبی ، هەر ئەویش یەکەم سەرلە ئێوارەی دەست بە کاربوونم داوای لێ کردم هەواڵەکان بخوێنمەوە، دوای دەرچوونم لە ستۆدیۆ بە گەرمەوە پێشوازیی لێ کردم و پیرۆزبایی لێ کردم، کە لێم پرسی بۆ جەختی کردەوە هەمان ئێوارە هەواڵ بخوێنمەوە ؟ وتی : بۆ ئەوەی زوو ترست بشکێت چونکە کامیرا زۆر بە سامناکە .
ماوەیەکی زۆری نەبرد، ئەو بەڕێوەبەرە دۆستەی کوردیان بۆ بەغدا گەڕاندەوە، مامۆستایەکی خوێندنی سەرەتایی (ئیبراهیم ساڵح دووری) کە نیشتەجیی شاری بێجی بوو، کرایە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆن. ئەمیشیان زۆر رێزی کوردی دەگرت، تەنانەت پیشاندانی سەمای رۆژهەڵاتی (ئەوەی کە ژن نیمچە رووت تێیدا سەما دەکات)ی قەدەغە کرد، بەهانەشی ئەوەبوو دەیوت (زۆربەی هەرە زۆری بینەرانی تەلەفزیۆنی کەرکوک کوردن، کوردیش خاوەن داب و نەریتی جوانە، رەوشت بەرزن و نابێت سەمای ناشیرین و نا جۆریان پیشان بدرێت، با لە جیاتی ئەو سەمایە ، هەڵپەڕکێی کوردی بێت ).
دوای گواستنەوەی ئیبراهیم دووری، بەڕێوەبەرێکی دیکەمان بۆ هات ناوی (رافیع کوبەیسی)بوو، ئەمیان کە ئەندامی لقی کەرکوکی بەعس ولێپرسراوی ئەمنی نەتەوەیی بوو لە کەرکوک، زیاتر ئاگای لە کاروباری حیزبەکەی بوو، لە گەڵ ئەوەشدا رێزی کارمەندانی کەناڵەکەی دەگرت، هەر کەسێکیش کارێکی بەو هەبوایە، درێخیی بۆ نەدەکرد. ئەم بەڕێوەبەرە بڕیاریدا پەخشی کوردی بکرێتە 20 خولەک و دوایی 40 خولەک ، تورکمانیش 20 خولەک و سریانیش 15 خولەک، هەروەها رەزامەندیی دامەزراندنی چەند کچە بێژەرێکیشی بە دەست هێنا. ئاکام نەسرین مەحموود و سوهەیلە ئیبراهیم بۆ پەخشی کوردی، لەیلا محەمەد نەورۆز و کەڕەوان سەعید بۆ پەخشی عەرەبی و رەبقە خامس قەندۆ بۆ پەخشی سریانی دامەزران، بۆ بەشی تورکمانی کەس نەهات. دواتر فەیحا زەینەلعابدین بەیاتی بۆ بەشی عەرەبی و فەزیلەی خوشکی بۆ بەشی تورکمانی دامەزران ، هەر لەو ماوەیەدا سامییە ئەترەش وەک بێژەری عەرەبی دامەزرا، دوای نزیکەی ساڵێک خۆی گەیاندە لەندەن و لە رادیۆی (بی بی سی) وەک بیژەری عەرەبی دەست بەکاربوو.
بۆ وەبیرهینانەوە ،حەزدەکەم بڵێم بەر لە رێککەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970، شەهید جەبار جەباری ئینجا منیش لە کاتی پێشکەشکردنی دەنگ وباسدا دەمانگوت (لەناو جەرگەی کوردستان ، لە کەرکوکەوە، هەواڵەکانتان پێشکەش دەکەین)، دوای ئەو رێککەوتننامەیە ئەمنی کەرکوک ئەو دەستپێکەی هەواڵەکانی لێ قەدەغەکردین، 10 رۆژ دوای راگەیاندنی بەیاننامەی 11ی ئادار، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، عەلی شەنگالی(سنجاری) بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتە تەلەفزیۆن بۆ پێشکەشکردنی وتەیەک. بابەتەکەم تێگەیاند، بەڵام رەگەزپەرستی و بەدنیازیی بەعس بەرانبەر بە کورد، بواریان نەدا ئەو دەستەواژەیەی دەستپێک بڵێینەوە .
لەو ماوەیەدا چەند بەرنامەیەکی کوردی لە بەغداو کەرکوک تۆمار دەکران، بە تایبەتیش بەرنامەی یەکێتیی ئەدیب و نووسەرانی کورد لقی سلێمانی کە مستەفا ساڵح کەریم پیشکەشی دەکرد، ئەو لە رێی ئەو بەرنامەیەوە دیداری لەگەڵ زۆر لە نووسەر و بوێژانی کورد ئەنجام دا، وەک ئەحمەد هەردی ، هەوری، ع ع شەونم، کامەرانی مۆکریانی، کامیل ژیر. هتد. لەو بەرنامەیەدا باسی ژیانی ناودارانی کورد لە بواری کولتوور دەکرا، وەک مەولەوی، خواجە ئەفەندی، حاجی قادری کۆیی، عەبدولواحید نووری، سەعید سدقی کابان، ئەمین زەکی بەگ، شێخ عومەر قەرەداغی، رەفیق حیلمی، مەحوی، حوزنی موکریانی، مەحموود ئەحمەد و دەیان کەسایەتیی دیکەی بواری وێژە و کولتووری کوردستان، یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر دوو کۆڕی بۆ هەردوو نووسەر مەجید هێرش و ئەحمەد شەریف رێکخست و پێشکەشکران. ئەوە جگە لە تۆمارکردنی دەیان گۆرانی و مۆسیقا و هەڵپەڕکێی کوردی، سەرەتا گۆرانیبێژان – عەلی مەردان، سەڵاح داودە، فایەق داودە، نەوزاد داودە، شەوکەت رەشید، قادرمەردان،عەلی عەزیز،حوسین عەلی، خەلیل موڕاد وەندی، جەمال جەلال، ژیان ئەحمەد، قادرئەحمەد، ئەحمەد شێخاڵی، خوداداد عەلی، مەحموود وەندی و چەندین سترانبێژی دیکە گۆرانییان تۆمارکرد، جێی خۆیەتی بڵێین، ئەحمەد داودە زوڕناژەنی بە توانا رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دەوڵەمەند کردنی ئەو گۆرانییە میللی و فۆلکلۆرییانەی تۆماردەکران .
سەرچاوە: kirkuktv