کورتەیەک لە مێژووی ئەشکەوتی بێتکار

جگە لەوەی دیمەنێکی سیحراوی و جوانی هەیە رووبەرەکەشی زۆر فراوانە. مێژووی ئەشکەوتی بێتکار بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە کە چەند پارچەیەکی مێژوویی وەکو رمی بەردی لێ دۆزراوەتەوە هی ئەو سەردەمە بووە، جگە لەوەش گرنگی ئایینی هەیە و دەگوترێ یەکێک لە پێغەمبەرەکان لەو ئەشکەوتە ژیاوە و  بتەکانی شکاندووە چونکە لەم ئەشکەوتە بتی زکاوی لێ بووە و لە کاتی خۆیدا بەتاڵان براوە، ناوەوەی ئەشکەوتەکە فراوانە و نەخش و نیگارێکی سیحراوی هەیە ئەوەش بەهۆی باران و دزینی ئاو لە کەلێنە شاخەکانەوە بەهۆی دڵۆپە بارانەوە کە بە بنمیچی ئەشکەوتەکەوە دەمێنێتەوە یاخود بەر زەوی دەکەوێ ئەوەش بۆتە هۆکارێکی تری دیمەنی جوانی ناو ئەشکەوتەکە کە بە ناوە زانستییەکەی پێی دەڵێن (ئەستەلەکتایت و ئەستەلەکمایت)، خاڵێکی تری ئەو ئەشکەوتە لە وەرزی هاویندا فێنکە و لە وەرزی زستاندا گەرمە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەشکەوتێکی بێ کۆتاییە بە درێژایی (6) سەعات رۆیشتوون و نەگەیشتوونەنە خاڵی کۆتایی، لە لایەکی ترەوە دەگوترێ  وەک تونێڵێک وایە بە ناو چیاکەدا تێپەڕدەبێت و دەچێتەوە ناوچەی بێتواتە لە  دۆڵی خۆشناوەتی،  دەگێڕنەوە لە سەردەمی کۆن رێبوارێک بۆ ماوەی (3) رۆژ لەو ئەشکەوتە دەمێنێتەوە و خشڵ و زێڕێکی زۆری دۆزیتەوە لەناو ئەشکەوتە.
هەڵکەوتەی ئەشکەوتی بێتکار لە رووی جوگرافیاوە 
لە رووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری گوندی (نۆرێ)ی شارەدێی سەرکەپکان و (12) کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای رانیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هیچ گرنگییەکی پێ نەدراوە و تەواو فەرامۆش کراوە کە دەبوو خزمەتگوزاری بۆ ببرێت و وەک شوێنێکی گرنگی گەشتیاری بناسرێت.

 

سەرچاوە: knwe