لە ساڵیادی سەرهەڵدانەکانى شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، کورتە فیلمێک بەرهەم دەهێنرێت.
لەسەر شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، کورتە فیلمێک بەناوی (دەنگ هەڵات) بەرهەم دەهێنرێت، بڕیارە لە ساڵیادی سەرهەڵدانەکانى شۆڕشی (ژینا ئەمینی) بڵاوبکرێتەوە.
بەرهەمەکە لەلایەن هەردوو دەرهێنەر (فریا یونس و هەوار فارس)ەوە کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدراوە کە باس لە چیرۆکی دوو قوربانى ناو شۆڕشی ژینا دەکات.
هەروەها کورتە فیلمەکە لە نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان (نیکوان قادری، دڵنیا وەیسی، ئەمیر سڕاجەدین، دڵنیا لوتفی و هاوار فارس)ە کە بە سپۆنسەری رێکخراوی (پێشڕەوانی بڕوا) بەرهەمەم هاتووە و بڕیارە بەم نزیکانە پڕۆمۆی فیلمەکە بڵاوبکرێتەوە.
ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی (پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەرفراوان لە شارەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان.