کتێبی ژنە بەدرخانییەکان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

ژنە بەدرخانییەکان، ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر بوخاری وشیارە و ناوەندی رۆشنبیریی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.
کتێبەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی مێژووییە لەسەر بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەگشتی و ژنە هەڵکەوتووەکانی ئەم بنەماڵەیە بەتایبەتی. لە سەرەتای کتێبەکەدا کورتە مێژوویەکی سەرهەڵدان و ناو و پێگەی میر بەدرخان دواهەمین میری ئەمارەتی بۆتان خراوەتەڕوو، سەرهەڵدان و ئاوابوونی بەهێزترین میرنشینی کوردی ئەم سەردەمە قسەی لەسەر کراوە و دواتر قۆناغی دوای رووخانی میرنشی بۆتان خراوەتەڕوو. 
کتێبەکە لە سێ بەش پێکهاتووە و لە هەر بەشیکدا کار لەسەر ژنە هەڵکەوتوویەکی بنەماڵەی بەدرخانیان کراوە. لە سەرەتای هەر بەشێکی کتێبەکەدا نووسەر رۆڵی باوکی ئەم ژنانەی خستووەتەڕوو و دواتر بە وردی ژیان و بەسەرهاتی ژنە بەدرخانییەکانی نووسیوەتەوە و رۆڵ و پێگە و کارەکانیانی باسكردووه‌.
 ئەم ژنە بەدرخانییانەی لەم کتێبەدا کاریان لەسەر کراوە بریتین لە: لەیلا بەدرخان، ئەستێرەی گەشی سەما و مۆسیقای کوردی و یەکەمین ژنە سەماکاری کورد لە مێژوودا، رەوشەن بەدرخان ژنە چالاکوان و نووسەر و وەرگێڕی کورد،سینەم بەدرخان رووناکبیر و نووسەر و کەسایەتی کورد.

 

 

سەرچاوە: knwe