کام پەرلەمان کاک مەسعود؟

 

 

رێبوار کەریم وەلی

لە کاتێکدا، لە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر نەسیحەتی کادیر و لایەنگرانی دەکرد کە خۆیان لە زمانی زبر بەدوور بگرن و رانەکێشرێن بۆ شەڕی لابەلا، لایەنگرانی حزبەكه‌ی خەریکی بەردبارانکردنی سەرۆکی لیستی یەکێتی بوون لە هەولێر.
*بەردی نەرمیان دەهاویشت! 
*ئەو قسانەی ئەمڕۆی بارزانی قسەی دڵی نەبوون. ئەو، پەیامە دڵخوازەکەی خۆی لە ماوەی رابردوودا، لە کۆبوونەوە داخراوەکانی بارەگادا، لەگەڵ چین و توێژ و دەستەبژێری پارتیدا، دوور لە چاوی میدیادا، بە گوێچکەیاندا چرپاندبوو.
*پێدەچێ پەیامەکانی  باش شۆڕ بووبنەوە…
*ئەوەی لە قسەکانی کاک مەسعوددا، بە قەدەر شیعارەکەی سەرۆکی لیستی یەکێتی کە دەڵێ هەولێر وەردەگرینەوە! سەرنجڕاکێش بوو، ئەو جوملەیە بوو کە گووتی: ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتوو، هەیبەت و  قودسییەت بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و، هەست بە بەرپرسیارییەتیی مێژوویی خۆی بکات بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان.! 
*کام قودسییەت و کام پەرلەمان؟
*لەسەردەمی پەناگیریی پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمان بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ، جارێک یەکێتی و دواتریشی لە 31ی ئاب قودسییەتی پەرلەمان لەکەدار کرا. بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە ناو ریخ و تەپاڵەی مەیدانی حەیوانانی هەولێر کۆبوونەوەتان بە پەرلەمانتاران کرد! هێشتا پەرلەمان هەیبەتی مابوو!
*ئەی دوای ئەوە؟
*دوای 13 ساڵ لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لە 2005دا لەگەڵ یەکێتیی هاوپەیمانی ستراتیژیدا، زۆرینەی رەهای پەرلەمان لەدەست ئێوەدا بوو تا گۆڕان هات و لێی تێکدان. گۆڕان دەیویست هەیبەت بۆ پەرلەمان و کاری پەرلەمانی بگێڕێتەوە، ئێوە دەتانگوت فشەیە! دەبێ هەموو شتێک لە دەرەوەی پەرلەمان بکرێ و ئینجا پەرلەمان بەس بۆی هەیە موسادەقە بکات. ماشەڵلا پەرلەمانێکی بە هەیبەت بوو!
*ئینجا کە سەرۆکی پەرلەمان نەچووە ژێر بار، دەرگای ئەو پەرلەمانە موقەدەسەتان  بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕووی زیارەتکاراندا داخست و نەتانهێشت سەرۆکی پەرلەمان پێ بنێتە هەولێرە و زێرەڤانییەک بە(هەڕە) یەک هەیبەتی سەرۆکی پەرلەمانی ورد کرد.
*ها. بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە پارتی زۆرینەی پەرلەمان بێنێ، ئینجا هەیبەت و قودسییەت بۆ پەرلەمان گەڕاوەتەوە، ئەوا لە هەڵبژاردنی 2018 دا پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی هەبووە،  بەڵام پەرلەمانێکی بێهەیبەت و تەژێی گۆرانیبێژ  و موهەڕیج، پەرلەمانێک کە تەنها ئیشی شەرعییەتدان بووە بە ناشەرعییەت.
وەسەلام

 

 سەرچاوە : خەندان