کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تاکەکان


Kurd24_openion

 د. رۆژین مەهدی

 

 

 

      

لەم سەردەمەی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا، بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی ئێجگاریان لەسەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگە داناوە، کە ئەم کاریگەرییانەش هەم دەتوانین بڵێین باش و هەمیش دەتوانین بڵێین نەرێنی و خراپن.

تادێت بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا زۆر بە خێرایی گەشەدەکات، هەرچەندە ئامارەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان، بەڵام بەپێی دوایین ئامارە نێوەدەوڵەتییەکانی ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتووە، هەریەکە لە فەیسبووک زۆرترین رێژەی بەکارهێنەری هەیە بەجۆرێک کە ٢.٨ ملیار کەس بەکاری دەهێنن، لە دوای ئەویش هەریەکە لە ئینستاگرام، تویتەر، تیکتۆک، لینکدین، سناپچات، واتسئاپ و یوتیوب دێن.

لە هەرێمی کوردستان هەرچەند ئامار و داتای بەکارهێنەرانمان نییە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی دەیبینین ئێستا کەم کەس هەیە کە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بەکارنەهێنێت. ئەگەرچی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەوانەیە زۆر شتییان بۆ ئێمە ئاسان کردبێت و بتوانین لەرێگەیانەوە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ کەسانی دەوروبەرمان دروست بکەین و بەو دروشمەی دەگوترێت دونیای بۆ ئێمە بچووک کردووەتەوە، بەڵام ئەو راستییە پشتگوێ ناخرێت کە بەبێ هیچ سنووردانانێک بۆ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و کۆنترۆلکردنیان بوونەتە هۆی خەمۆکی و تێکدانی باری دەروونیمان. نابەرپرسانە بڵاوکردنەوەی بابەتە هەستییارەکان، جنێو، هەڕەشە و قسەی نەشیاو بە یەکتر گوتن لە گرفت و کێشە دەرچووە و بگرە دەتوانین بڵێین بووەتە کارەسات.

کاریگەریی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر تەندروستی و دەروونی تاک و هەروەهاش لەسەر کۆمەڵگە دەکرێت بکەین بە دوو بەشەوە، بەشێکی کاریگەرییە باشەکانە کە ئەگەر بێتو هەر یەک لە ئێمە رۆژانە بە کاتێکی دیاریکراو و گونجاو سوود لە بابەتە بەسوودەکانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەربگرێت، دەتوانین خۆمان و توانستی خۆشمان و کۆمەڵگەش بە ئاراستەیەکی باش بەرەپێش ببەین، بەڵام بەداخەوە کە ئێستا خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لە تەندروستی و دەروونی مرۆڤ دەرچوو و کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە سەر کۆمەڵگە.

دەگوترێ تۆڕەکۆمەلایەتییەکان “دونیایان بۆ ئێمە بچووک کردووەتەوە” بەو پێییەی ئێمە دەتوانین لەگەڵ هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت لە پەیوەندییدا بین، بەڵام بەپێچەوانەوە سۆشیال میدیا “پەیوەندییە نزیکەکانی ئێمەی بچووکردووەتەوە” تۆ رۆژێک سەردانێک بکە بۆ رێستۆرانتێک، کافێیەک، ئاهەنگێکی گواستنەوە، تەعزیەیێک، ماڵی دۆستێک جا دەبینیت کە چۆن هەمووان مۆبایلەکانیان بەدەستیانەوەیە و لەناو دونیای سۆشیال میدیادا نقوم بوونە و ئاگایان لە بەرامبەریان نییە، بێگومان ئەم کاریگەرییە هەموومانی گرتووەتەوە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئێمە ئێستا چێژ لە پەیوەندییەکانی رووبەروو نابینین لە جیاتی قسە و پێکەنین و بایەخ دان بەو کاتەی لەگەڵ خۆشەویستەکانمان بەسەردەبەین خەریکی سەیریکردنی ڤیدیۆی تیکتۆک یان خوێندنەوەی شەڕەجنێوی دوو کەسی بێگانەین لە کۆمێنتەکان! ئەمە واتە ئێمە لەناو دونیای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئالوودەبووینە و نقوومین.

دونیای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بووەتە شوێنێک بۆ دەرخستنی کەمووکوڕییەکانی دەروونی خۆمان، ئێمە ئەو شتانەی نیشانەی خەڵکی دەدەین هیچی راستی نین، تەنانەت بۆ دانانی وێنەیەکی خۆمان پێویستە دەیان فیلتەر و فۆتۆشۆپی لێبدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی لایک و کۆمێنتمان بۆ دەکەن بە جوان یان مانگ ناومان ببەن، جگە لەوەش دەمانەوێت ساتە خۆشەکانمان بڵاوبکەینەوە تەنیا بۆ ئەوەی دەریبخەین کە گوایە ئێمە ژیانێکی زۆر خۆشمان هەیە کە بەداخەوە ئەمە زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کەسانی ناسراون، بە دەرخستنی ئەوەی جانتایەکی گرانیان کڕیوە یان گەشتێکی دوبەی و پاریسیان کردووە خۆیان وا دەرخەن ئەوان لە هیچ شتێکیان کەم نییە لەکاتێکدا کەس نازانێت ئەو کەسە بەراستی چۆن دەژیت و چۆن ئەم شتانەی کردووە! بەمەش چاولێکەری زیاتر دەبێت، ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری، گەشتکردن بۆ خۆشترین دوورگەی سەر زەوی، کڕینی بۆن و شتی گران، نان خواردن لە خۆشترین چێشتخانە بوونەتە بابەت و ناوەڕۆکی سۆشیال میدیاکانمان. خۆش ژیان و ئەنجامدانی هەموو ئەو شتانە خراپ نییە و کەس نەیگوتووە مەیکە ئەگەر هەتە و دڵت پێخۆشە بکە،  بیرت بێت کەس کێشەی لەگەڵ خۆش ژیانی تۆ نییە بەڵکو کێشە لێرە دەرخستنی ئەو شتانە لاوەکییانەیە، چونکە تۆ نازانی ئەوەی سەیری تۆ و ناوەڕکی بابەتەکانی سۆشیال میدیای تۆ دەکات کێیە! لەوانەیە کەسێک بێت هیچی نەبێت و خۆزگە بەو ژیانەی تۆ بخوازێت لەوانەیە ئەویش لەژێر کاریگەری ناراستەوخۆی بابەت و پۆستەکانی تۆ هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی بتوانێت وەک تۆ یەک فیلەر یان بۆتۆکس ئەنجامبدات. بۆیە بیرت بێت تۆ کە خۆت بە کەسێکی ناسراو دەزانی و لە سۆشیال میدیا دەتەوێت دیاربیت ئەرکی سەرشانی تۆیە تەنیا شتی بەسوود بۆ خەڵک بڵاوبکەیتەوە نەک تەنیا کاری تۆ ریکلام کردن بۆ شتانی ماددی بێت. بیربکەوە من کە پەیجم هەیە یان کەسایەتییەکی دیارم چۆن بتوانم سۆشیال میدیاکانی خۆم بۆ باشترکردنی تاک و گۆڕینی ئاراستەی کۆمەڵگە بەرەو باشی بەکاربهێنم؟

مەترسیدارترین کاریگەری سۆشیال میدیا بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروستە، ئیدی وای لێهاتووە مرۆڤ نازانێت باوەڕ بە کام پەیج یان سایت بکات! جگەلەوەی بەشێکیان کە بەداخەوە بەشێکی ئەو پەیج و لایانانە بەناوبانگیشن بۆ بەدەستخستنی لایک و کۆمێنت شتانێک بە ناوی کەسێک یان لایەنێک بڵاودەکەنەوە کە هیچ بوونی نییە یان دەبینیت زۆرجار کەسێک قسەیەک دەکات لە هەزار پەیج و سایت بڵاودەبێتەوە و لەگەڵ هەر بڵاوبوونەوەیەکیش دەستکارییەکی زۆری قسەکە دەکرێت کە بەدوایدادەڕۆیت دەبینیت لەگەڵ قسەکەی بەهیچ شێوەیەک یەک ناگرێتەوە! جا بڵاوبوونەوەی ئاوا خێرایی هەواڵێک، ڤیدیۆیەک یان قسەیەک ئەوەندە بەرچاوی ئەو خەڵکە دەکەوێت کاریگەریی لەسەر دەروونی ئەو خەڵکەش دەدانێت. سەردەمانێک هەموو خەڵک کاری قورسی جەستەیی دەکرد بۆ ئەوەی پاروە نانێک پەیدا بکات بۆ ماڵەکەی، ئێستا دەبێت بڵێین لەرێی لایک و کۆمێنێت و بەکارهێنانی سۆز و عاتیفەی خەڵک کەسانێک هەن پارەی چاک پەیدا دەکەن!

کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانی زۆر زۆرن بەتایبەت لەسەر منداڵان و نەوجەوانان کە لەسەرەوە بەشێکم ئاماژە پێدا وەک کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چاولێکەری، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناراست، زیادبوونی توندوتیژی، هەڕەشەکردن، لەکەدارکردنی کەسایەتی و کەرامەتی کەسێک یان لایەنێک، بەکارهێنانی هەڵەی سۆز و عاتیفەی خەڵک بۆ دەستکەوتی کەسی، دوورکردنی خەڵک لە کەلتور و بەها کۆمەڵایەتییەکان و زۆری دیکە.

لایەنە خراپەکانی بەکارهێنانی نادروستی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەسەر تەندروستی و دەروونی تاکەکانیش گەلێک زۆرن. لەبارەی کاریگەرییە دەروونییەکان بریتین لە هەستکردن بە خۆبەکەمزانین، دروستبوونی رق و کینە بەرامبەر یەکتر، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، هەستکردن بە تەنیایی، دڵخۆشبوون بە شتە لاوەکییەکانی وەک لایک و کۆمێنێت، ئالوودەبوون و تەنانەت ئیدی کەسەکە وایلێدیت هەموو بەهرەکانی خۆی لەدەستدەدا واتە ئیدی هیچ کارێک ناتوانێت بکات. لەبارەی کاریگەرییە جەستەییەکانیش بێگومان تووشبوون بە گرفتەکانی چاو، ئازاری مل و سەر، دانیشتن و تەمبەڵی، قەڵەوبوون، بەشیوەیەکی درێژخایەن مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە، تێکچوونی خەو، کەمبوونەوەی توانای تەرکیزکردن، لاوازبوونی یادەوەری.

چۆن تۆڕەکۆمەلایەتییەکان بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنین؟

تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ئەگەر بێتو بەشێوەیەکی دروست و بەکاتێکی گونجاو بەکاربهێنین نەک تەنیا خراپەیان نابێت بەڵکو سوودیشیان دەبێت، سوودەکانی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان بریتین لە سوودوەرگرتن لە زانیاریی لە بوارە جیاجیاکان لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو، پەرەپێدان بە کار و بزنسی خۆت و ناساندنی بە خەڵک، دروستکردنی بازنەیەک و باشترکردنی پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی دوور، پەرەپێدان بە توانا و بەهرەکان، گۆڕینی دابونەریتە خراپەکانی نێو کۆمەڵگە.

هەرکەسێک لە ئێمە پێویستە لە خۆیەوە دەستپێبکات، دەبێت هەوڵبدەین سۆشیال میدیا بکەینە شوێنێک بۆ سوودگەیاندن بە یەکتر و فێربوون لە یەکتر. دووربین لە بڵاوکردنەوەی بابەتی ناراست و ئەو بابەتانەی کە هەرلەخۆیدا پێویستیان بە بڵاوکردنەوە نییە. دووربین لە هەڕەشەکردن و جنێو و چەواشەکاری، رێزی ئازادی رادەربڕین بگرین بە مەرجێک لە چوارچێوەی ئادابو کەلتورە کۆمەڵایەتییەکاندا بێت.

سەرچاوە : کوردستان24