کتێبی "ڤلادیمیر نابۆکۆف و بەدگۆڕانی کافکا" لە ئامادە کردن و وەرگێڕانی سەڵاح حەسەن پاڵەوان لە ماڵی وەفایی چاپ و بڵاوکرایەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە سەڵاحی حەسەن پاڵەوان بە "وشە"ی گوت، نابۆکۆف بێ هیچ سڵەمینێکەوە بە ڕۆمانی لۆلیتا هاتە مەیدانەوە، ئەم ڕۆمانە لە سەردەمی خۆیدا هەرایەکی سەیری نایەوە، بەڵام پاشان ڕەخنەگران جوانترین مەدالیای بیرکردنەوەی مرۆڤیان بە نابۆکۆف بەخشی، ئەو جگە لەوەی ڕۆماننووسێکی ناوازە بوو، بوارەکانی تریشی شێلگیرانە تاقی کردەوە، کەم جار شکستی دەهێنا، ئەو ڕاوی وشەی وەک ڕاوی پەپوولە دەبینی، لە باخچە و دارستانە دووردەستەکان بەدوای ڕەنگە سەیرەکانی ئەو زیندەوەرەدا دەگەڕا، هەروەک خۆی دەڵێ ئەو لە ڕاوکردنی وشەش هاوئاوازی ڕاوەکانی تر پڕۆڤەی دۆزینەوە و جوانکردنی وشەکانی دەکرد.
ئەو گوتیشی، نابۆکۆف ئەوەندە گرنگی بە كۆمەڵە و گرووپەكان، بزووتنەوەكان و قوتابخانە ئەدەبییەکان نەدەدا، هەر بۆیەش لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ ''من تەنیا گرنگی بە تاكی هونەرمەند دەدەم، من قسەكەرێكی بێنەوام، وشەكانم لەنێو ژێرزەمینە قووڵەكانی نێو مێشکمن، پێویستییان بە پەڕاوە بۆ ئەوەی دزە بكەن و بێنە نێو ناوچە ماتەریالییەکانەوە. زۆرجار پێش بڵاو بوونەوە، هەستاوم بە دووبارە نووسینەوەی یەك بە یەكی وشەكان. ''
ئەگەر خوێندنەوەی ئەو بۆ "بەدگۆڕانی کافکا" بخوێنیتەوە، ئەوە تێدەگەیت کە نابۆکۆف هەموو ورد و درشتی کاری "کافکای" بە ڕۆح و گیان هەرس کردووە، بۆیە کتێبەکە خوێندنەوەیەکی دەروونناسانەی کۆمەڵناسانەیە، دوور لە گەڕەلاوژێ و زۆربڵێیی، هاتووە جیهان و بیر و دنیابینی کافکای بۆ شیکردووینەتەوە، کۆمەڵگەکەی ئەومان بە تان و پۆ، بۆ ورد دەکاتەوە، بە دڵنیاییەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی بەدگۆڕانی کافکا، بە ئەندازەی ئەمە چێژبەخش نییە، هونەرمەندانە کارەکتەر و بیرکردنەوەی سەرمایەدارییانە و کۆمەڵگای نێو ڕۆمانەکەمان بۆ شی دەکاتەوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەم کتێبە جگە لەوەش نامە گۆڕینەوەکانی هەندێ لە نامەکانی نابۆکۆڤ بۆ ڤیرا و چەندان چاوپێکەوتنی تری لەخۆگرتووە و بە درێژیی پێڕستی ژیانی نابۆکۆفی تێدایە.
پێویستیە بگوترێ ئەم کتێبە لەماڵی وەفایی چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە کتێبخانەکاندا بەردەستە.
سەڵاح حەسەن پاڵەوان نووسەر و وەرگێڕە و لەدەرەوەی وڵات دادەنیشێت و خاوەنی چەندان بەرهەمی ترە.
سەرچاوە: wishe