ژنان دوای جیابوونەوە، مافە یاساییەکانیان لێزەوت دەکرێت

 

     

لەکاتی جیابونەوەو ململانێدا ژن‌و مێرد هەر کەسە گوریسەکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ

ئا: پەیام نەجمەدین

 

پیاوان بەبیانووی دواکەوتنی مووچە یاخود خراپی باری دارایی‌، شایستە داراییەکانی ژنان لەدوای جیابونەوە بەژنەکانیان نادەن،هەندیک کاتیش جیابونەوەکە بەجۆرێک دوادەخەن کە ژنان بێزار بن‌و دەست لەوەرگرتنی هەموو مافێکیان بەردەن.

شنە محەمەد، کچێکی تەمەن ٢٥ ساڵە، کە دوای جیابوونەوەی لەهاوسەرەکەی دستی لەهەموو مافە داراییەکانی خۆی هەڵگرتووە، ئەو وتی "بڕیارمدا بەمارەیی ١٠ مسقاڵ زێڕی حازری هاوسەرگیری بکەم، دەستگیرانەکەم پێیوتم لەئێستادا باری داراییم باش نییە ٥ مسقاڵ زێڕت بۆ ئەکەم، منیش ڕازی بووم، چونکە پێموابوو بەردەوامی ژیان‌و خۆشبەختیم لەزێر گرنگترە، بەڵام دوای گواستنەوەم زانیم قٶڵی بڕیووم".

شنە باس لەوە دەکات کە کاتێک ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە، هاوسەرەکەی هیچ شتێکی نەبووە، نەداهات‌و نەکار، ئەو وتی "بەکورتی فێڵی لەمن کرد، بۆیە دیسان داوای کرد ئەو بڕە زێڕەی بۆی کردووم هەر لەمانگی یەکەمی هاوسەرگیری بفرۆشێت بەبیانوی ئەوەی قەرزداری تۆ ببم باشترە لەخەڵکی، ئەوەشی فرۆشت".

بەپێی گێڕانەوەی شنە، بەهۆی مامەڵەی خراپ‌و ڕەفتاری نادروست‌و نەگونجانیان دوای سێ مانگ لەهاوسەرگیریی، لەیەکتر جیابونەتەوە، ئەو وتی "ماوەیەکی زۆر لەماڵی باوکم چاوەڕێ بووم تا بچینە دادگاو جیاببینەوە، بەڵام نەدەهات، داوای دەکرد من لەو مافانەم خۆش بم چ حازری چ قەرز، منیش لەبەرئەوەی لەدادگا کارەکە درێژە نەکێشێت‌و بەو حاڵە نەمێنمەوە لەماڵی باوکم، ناچار لەهەموو شتێک خۆش بووم".

"شنە" نمونەیەکە لەهەزاران کچ‌و ژنی کوردستان کە بەخەونی رەنگاورەنگەوە دەچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوەو داوای هیچ لە"شاسواری خەونەکانیان" ناکەن، بەڵام دواتر هەستدەکەن خەونەکانیان پوچەڵە‌و هەرزوو بەدەستبەتاڵی‌و تێکشکاوی لەپرۆسەکە دێنەدەر.

دادوەرعەباس حەمزە، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەیاسا لەبارەی کێشەکانی دوای جیابوونەوەی ژن‌و مێردەوە، بەئاوێنەی وت "لەکاتی جیابونەوەو ململانێدا ژن‌و مێرد هەر کەسە گوریسەکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ، هەردوك لا خۆیان پێ لەسەر هەقەو ئەویدیان پێ خەتابارە، بۆیە بەزۆری پیاوان ئینکاری هەمو ئەرکەکانی خۆیان دەکەن بەرامبەر بەژنەکان، بەڵام ئەنجام ئەوە دادگایە یەکلایی دەکاتەوە کە کێ خەتابارەو ڕێژەی خەتاکەی چەندە، لەسەر ئەو بنەمایە مافەکانی ئافرەتەکە دیاری دەکرێن".

ئەو دادوەرە ئاماژە بەوە دەکات مافە داراییەکانی ژنان زۆرن، لەکاتی جیابونەوەشدا زۆربەی ئەو مافە داراییانەی دەکەوێ، بۆ نمونە، مارەیی پێشەکی لەهەموو حاڵەتێکدا مافی ژنەکەیە، ئەگەر لەجیابونەوەکەدا هەموو کەم وکوڕیەکە خەتای ژنەکە بێ، دیسان مارەییەکەی لێ وەرناگیرێتەوە، تەنیا مارەیی کۆتایی کە مارەیی پاشەکیشی پێدەگوترێ، ئەوە بەپێی ڕێژەی خەتای هەر یەکێکیان لەو جیابونەوەیە دیاریدەکرێ.

ئەم دادوەرە وتی "مافێکی تر کە لەکاتی جیابونەوە بۆ ژنەکە هەیە پێیدەڵێن قەرەبوی تەڵاقی زێدەڕۆیی (تعويض عن الطلاق التعسفي) ئەگەر پیاوەکە بەناهەق ژنەکەی تەڵاق دا لەسەری پێویستە قەرەبویەك بدا بەو ژنە، کە لەلایەن دادگاوە دیاریدەکرێ، بەڵام ئەگەر بۆ دادگا ساغ بۆوە کە پیاوەکە لەتەڵاقدانەکە زیادەڕۆیی نەکردووە،  نەکە ئەو مافەی ناکەوێ، نەفەقە مافێکی دارایی ژنە لەسەر پیاوەکەی، بریتیە لەمافی چارەسەری نەخۆش، خواردن‌و خواردنەوە، جلوبەرگ، نیشتەجێ بوون، ئەوانە بەپێی توانای دارایی پیاوەکە دیاری دەکرێن".

وتیشی "زۆرجار پێگەی ژنەکەش کاریگەری هەیە بۆ دیاریکردنی نەفەقە، لەکاتی جیابونەوە ئەو مافە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ژنەکە هەیە، چونکە تا ئەو ماوەیە تێنەپەڕێ ناتوانێ شوو بکاتەوە، مافە داراییەکانی ژنەکە لەکاتی جیابونەوە، بریتین لەمارەیی پێشەکی، مارەیی پاشەکی، نەفەقەی سێ مانگ، قەرەبوی تەڵاقی تەعەسوفی، شوقەی سەکەنی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەوەی دواییان مەبەست ئەوەیە کە ژنەکە لەماڵەکە دەرناکرێ مادام خانوو یا شوقەی نییە، بەڵکو دەبێ پیاوەکە خانوەکە یان شوقەکە بۆ ژنەکە چۆڵ بکا، تا یان شودەکاتەوە یان سێ ساڵ تەواو دەکات".

ئەم دادوەرە ئەوە رووندەکاتەوە کە  کەم وا هەیە ژنان لەمافی خۆیان خۆشبن، لەهێندێك حاڵەتدا نەبێ کە ژنەکە لەپیاوەکە زۆر بێزارەو نایەوێ بچێتە دادگاو تاقەتی بەدواداچوونی نیە، بۆیە بۆ ئەوەی زوو لەو پیاوە ڕزگاری بێ، دێ سوڵحی لەگەڵ دەکا، ئەو وتی "زۆر جار ئەوە لەدەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێ، لەگەڵی ڕێكدەکەوێ کە دەست لەهەمو مافەکانی خۆی هەڵدەگرێ، تەنانەت ئەو زێڕانەی پێشتر وەکو مارەیی بۆ کراوە ئەویشی دەداتەوە،ئەوە پێی دەگوترێ (تەڵاقی خولعی) بەمانای ژنەکە سەربەستی خۆی لەو پیاوە دەکڕێتەوە".

بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ بژێوی خێزان ئەرکی سەرشانی پیاوەو دوای جیابونەوەش بەپێی یاسا پیاوەکە دەبێت کۆمەڵیک مافی ئەو ژنە بدات.

پارێزەر هاوناز ئیبراهیم، لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە وتی "ژنان لەبەرئەوە لەمافەکانی خۆیان خۆش دەبن تاوەکو جیابونەوە بەدەستبهێنن، کاتێک دەزانێت هاوسەرەکەی لێی جیانابێتەوە لەبەرئەوەی مافەکانی نەدات، ئەمیش لەبەرئەوەی ناڕەحەتییەکی زۆری چەشتووە بەهۆی ئەو فشارە دەرونییەی لەسەرییەتی لەپێناو جیابوونەوە لەهەموو مافێکی خۆی خۆشدەبێت، یان هەندێک کات ژنەکە لەبەرئەوەی توانای دارایی خۆی هەیە یان ئازارێکی زۆری چەشتووە دەڵێت هەرشتێک لەو پیاوەوە بێت نامەوێت".

وتیشی "ژن لەکاتی جیابوونەوەدا با خۆیشی داوای جیابوونەوە بکات هەر کۆمەڵێک مافی دەکەوێت، تەنها لەمخالعە ئەویش گەر ژنەکە خۆی بەپیاوەکەی بڵێت من هیچ شتێکم ناوێت لەتۆ لەهەموو مافێکی خۆم خۆش دەبم خولعم بکە یان تەڵاقم بدە، تەنها ئەم حاڵەتەمان هەیە کە ئەمەی وت دواتر ناتوانێت داوای هیچ داراییەک لەپیاو بکات".

هاوناز باس لەوە دەکات لەپێناسەی نەفەقەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئافرەت هاوسەرگیری کرد بژێوی لەسەر پیاوە، باخۆیشی خاوەن داهات‌و سامان بێت، ئەو وتی "زۆربەی پیاوان لەکاتی جیابوونەوە بۆ ئەوەی مافی هاوسەرەکانیان نەدەن، دەڵێن هیچمان نیە یان مووچەمان ئەوەندە نییە، بەڵام لەدادگاکان قسەی کەسەکان وەرناگیرێت، گەر کەسەکە مووچەخۆر بێت ئەوا نوسراو دەکات بۆ شوێنی مووچەکەی بۆ زانینی بڕەکەی، گەر کاسبیش بێت لەڕێگەی شاهیدو سەلماندنەوە دەبێت، خۆشبەختانە گەر پیاویش نەیەوێت مافەکەی بدات، بەڵام دادگا مافەکانی بۆ دیاریی دەکات‌و دواتر لەفەرمانگەی تەنفیز وەریدەگرێت".

مامۆستایانی ئایینیش ئاماژە بەوە دەکەن کە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا هەق‌و ماف دراوە بەژنان لەدوای جیابوونەوە.

مامۆستا ئەبوبەکری تاسلوجە، کە مامۆستایەکی دیاری ئاینی ئیسلامە، ئاماژە بەوە دەکات گەر خەڵک پابەند بێت بەدینی خوا، نابێت جیابونەوەو نەفەقە کێشەی لێ بکەوێتەوە، چونکە مافێکە خودا دایناوەو دەبێت بدرێت، ئەو بەئاوێنەی وت "دوای هاوسەرگیریی، لەدوو حاڵەتدا جیابونەوە ڕوودەدات: یەکەم، لەکاتی دەستگیرانداری. دووەم، کاتی گواستنەوەو دوای دەستگیرانداریی. ئەگەر لەکاتی دەستگیرانداری جیابوونەوە بوو، ئەوا دوو حاڵەتی هەیە، یەکەم ئەگەر هۆکاری جیابونەوە خودی ژنەکە بوو هیچ مافێکی ناکەوێت، دووەم ئەگەر پیاوەکە هۆکار بوو ئەوا دوو شتی دەکەوێت یەکەم نیوەی مارەیی حازرو قەرزی دەکەوێت. دووەم بڕێک پارە کە بەپێی توانای پیاوەکە وەک دڵدانەوەیەک. دوای گواستنەوە ئەگەرتەڵاقی ڕەجعی ببوو ئەوا ژنەکە سێ شتی دەکەوێت، تەواوی مارەییەکەی حازرو قەرزو هەتا عیددەکەی بەسەردەچێت ئەو سێ مانگە بەهەموو جۆرێک نەفەقەی خواردن‌و جلوبەرگ‌و ماڵی دەکەوێت".

بەڵام شارەزایانی بواری ئابوری ڕێنوێنی ژنان دەکەن کە ئابوری سەربەخۆی خۆیان هەبێت تا لەکاتی جیابونەوە پشتی پێببەستن.

ئاکۆ محەمەد، سەرۆکی بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی لەزانکۆی هەڵەبجە، بەئاوێنەی وت "ژنان بەشێکی کاراو چالاکی کۆمەڵگەی ئێمە پێکدەهێنن، هەندێک کات سەربەخۆی ئابوری ژنان وایان لێدەکات باشتر بژین، باشتر بڕیار بدەن، لەو کاتانەی کە ژنان توشی حاڵەتی جیابونەوە دەبن".

وتیشی "لەکۆمەڵگەیەکدا دەژین هێشتا پیاوسالاریی تێدا زاڵە، هەندێکجار ژنان وا ڕاهێنراون متمانەیان بەخۆیان نەبێت، خێزان پشتگیرییان ناکات، بەڵام دەبێت ژنان کۆڵنەدەن‌و لەڕێگەی کارکردنەوە سەربەخۆیی ئابوری بۆ خۆیان دابینبکەن".

پسپۆڕانی بواری  دەرونیش پێیانوایە جیاوبونەوەی هاوسەران قورساییەکی دەرونی زیاتر بۆ ژنەکە دروست دەکات تا پیاوەکە.

د.نەشمیل ڕەسول، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان بەئاوێنەی وت "جیاوبوونەوە ڕوداوێکی ناخۆشە بۆ ژن‌و پیاوەکە، بەڵام ئەوەی زیاتر کاریگەر ئەبێت لەکۆمەڵگەی ئێمەدا ژنانن".

هۆکاری مادی هۆکارێکە بۆ لادان‌و کاری خراپ، بۆیە ئەو نەفەقەیە دانراوە تا ژنان توشی لادان‌و کاری خراپە نەبن.

توێژەری کۆمەڵایەتی، هێرش سدیق ئەوەی روونکردەوە کە نەدانی شایستەی دارایی بەژنان  لەلایەن پیاوانەوە، هەندێک کات بارگرانی دروستدەکات‌و وا دەکات کە ئەو ئافرەتە ڕوبەڕوی ئاڵەنگاریەکانی ژیان بێتەوەو بەدوای کارو پیشەدا بگەڕێت تا بژێوی خۆی‌و منداڵەکانی پەیدا بکات. هەندێ کاتی تریش بیر لەدروستکردنەوەی خێزانی دووەم دەکاتەوە، ئەو وتی "پێویستە ژنان پێداگری بکەن لەحەقی شەرعی‌و یاسایی خۆیان تا دوای جیابونەوە بتوانن هەستانەوە لەژیانی خۆیان دروست بکەن‌و موحتاجی کەس نەبن".

سەرچاوە : ئاوێنە