تاڤگە سابیر
بەشی یەكەم
وشە ژیان و بوون دروستدەکا.. زمان گەورەترین بەهرەی مرۆیە ئەو خەسڵەتەیە، کە مرۆ بە هۆیەوە بیردەکاتەوەو دروستدەکا و دەڕووخێنێ ئەوە قسەیە جیهان دروستدەکا و لە قاڵبی دەدا و یا ساڕێژی دەکا و بە ئاقارێکی دیارکراودا دەیبا، بگرە ئازادیی مرۆ پەیوەندیی بە رادە و بوار و رووبەری قسەکردن و نەکردنەوە هەیە، ململانێ و خەبات بۆ ئازادیی چیە جگە لە بەدەستهێنانی مافی قسەکردن، ئەو کەسانە ئازادن کە توانا و بواری قسەکردنیان هەیە و بە پێچەوانەشەوە کوێلەکان ئەوانەن لە بواری قسەکردن دوورخراونەتەوە.. پەیوندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ستەمکاریی و بێ دەنگییدا هەیە، کە لای کەس شاراوە نییە.
ستەمکار کێیە جگە لەو کەسەی بواری قسەکردنی بۆ خۆی و دامودەزگاکانی پاوان دەکا و لە کۆی هێز و گرووپەکانی دیشی قەدەغە دەکا، ئەوەی قسە دەکا هەر ئەوەشە کە حوکم دەکا.. زمان ئامێرێکی سەرەکیی دەسەڵات و بگرە خودی دەسەڵاتە ئەوەی لە رێگەی زمان و قسەکردنەوە دروست دەکرێ دەیان جار گەورەتر و سەقامگیرتر و درێژخایەنترە لەوەی لە رێگەی هێز و زۆرداریی و زەبری جەستەییەوە دروست دەکرێ.
زەبر جەستە دەگۆڕێ دەیشێوێنێ ئازاری پێدەگەێنێ، بەڵام زمان بیرکردنەوە و شێوازی قسەکردن و کۆی جیهانی مەعنەوی مرۆ دەگۆڕێ و سەرلەنوێ دروستیدەکا، لێرەوە دەبینین هەمیشە دیکتاتۆرەکانیش هەوڵدەدەن زمان بەکاربێنن و لە رێگەی زمان و قسەکردنەوە بگەنە خەیاڵ و بیرکردنەوەی رەعیەتەکانیان، بێ هودە نییە چیرۆکی حوکمی دیکتاتۆرە مەزنەکان سەدەی رابردوو هەمیشە هاودەمی بیروڕایەکی ئایدۆلۆژیی و بەرنامە و مژدەی سیاسیی جۆراوجۆر بووە.
ئەوانەی لە پێناوی هێتلەر و ستالین و سەدام خۆیان بەکوشتدا تەنها پاڵنەریان هەڕەشە و ترس و تۆقان نەبوو، بەڵکو بیروباوەڕ و بڕواکردنێك بوو کە جۆرێك لە زمان ئافەریدەی کردبوو.. زمان کەسایەتییەکان دەگۆڕێ و بە شێوەی جیاواز دروستیان دەکاتەوە.
بەڵام ئایا هەمیشە وابووە؟
ئایا هەمیشە زمان هێمای داهێنان و دروستکردن و بەرهەمهێنان بووە؟
لە راستیدا پەیوەندیەکی نزیك لە نێوان پیاوسالاری و زمانسالاریدا هەیە ، کە مێژوویەکی دێرینی لە قۆناغە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤدا هەبووە، لەسەردەمێکی دێرینتردا رەمز و نهێنی داهێنان زمان و قسەکردن نەبوو ، بەڵکو ژن و توانای بەرهەمهێنانی بوو بڕیکی زۆر لەو دراوە
ئەنترپۆلۆگیانەی بڕوایان بەبوونی قۆناغێکی ژیانی مرۆڤایەتی هەیە ، کە تیاییدا ژنان پلەیەکی هاوتای پیاویان هەبووە ، کە ناویان ناوە قۆناغی دایکسالاری ئەوە دەسەلمێن ، کە ژنان بەهۆی توانای مناڵبوون و خوڵقاندنەوە پلەیەکی هاوتای پیاوانیان هەبووە و بگرە زۆرێك لە خواکانی ئەو سەردەمە مێینە بوون،هەروەک لەئاینی کۆنی زەردەشتی کورددا دایک سالاری بووە. هاوتا بوونی ژن و خاك وەك دوو رەمزی بەرهەمهێنان لەوکاتەوە تا ئێستا ئەوەدەسەلمێنی ، کە ئەوە ژنان و توانای بەرهەمهێنایان بوو کە بوو بووە رەمزی داهێنان نەك قسەکردن و زمان.... چیرۆکی گواستنەوەی رەمزی داهێنان لە مناڵدانی ژنەوە بۆ زمان لەهەمانکاتدا چیرۆکی گواستنەوەیە لە دایکسالارییەوە بۆ کۆمەڵگای باوکسالاری ، ئەریك فرۆم لەژێر کاریگەری باخۆفندا چیرۆکی ئەم گواستنەوەیە لەیەکێك لە دێرنیترین ئەفسانەکاندا دەدۆزیتەوە و راڤەی دەکات " ئەفسانەی ئەنۆمالیشی بابلی ".
لەم ئەفسانەیەدا نێرینەکان شۆڕشێك دژی " تیامات" ی خوای دایك بەرپا دەکەن و ماردۆك بە رابەری خۆیان هەڵدەبژێرن لە ئەنجامی شۆرشەکەدا تیامات دەکوژرێت و خاك و زەمین لەلەشی ئەوەوە دروستدەبن ، بەڵام بەرلەوەی ماردۆك وەك خودا جێی تیامات بگرێتەوە داوای لێدەکەن ئەزمونێك بکات ،لەم ئەزمونەدا گۆزەیەکی بۆ دێنن و داوای لێدەکەن فەرمان بدات گۆزەکە لەناو بچێت و پاشان فەرمان بدات و دروستی بکاتەوە.... ماردۆك فەرمان دەدات گۆزەکە لەناو دەبات و جارێکی دی دروستی دەکاتەوە، لەدوای ئەو کاتەی لەم ئەزمونەدا سەردەکەوێت هەموو خوداکان پەیمان ملکەچی بۆ مۆردەکەن و بە پاشای خوداکان هەڵیدەبژێرن ئەریك فرۆم دەڵێت مانای ئەم ئەزموونە ئەوەیە دەبێت ماردۆك پیشانی بدات دەتوانێت لەرێگەی زمانەوە وەك ژن بەرهەم بهێنێت و بخوڵقێنێت ... ماردۆك کە دەتوانێ لەرێگەی زمان بخوڵقێنێت بەسەر باڵادەستی سروشتی دایکدا سەرکەتووە و دەتوانێ لەبری ئەو دانیشێت ئەریك فرۆم بەپێچەوانەی تیورەی فرۆیدەوە، کە تیایددا " حەسودی هاتن بە ئەندامی زاوزێی پیاو" بەیەکێك لە گرێ سەرەکیەکانی بونیادی دەرونی ژن دەزاتێت بڕوای وایە " بەڵگەی پێویست لەبەردەستدایە ، کە ئەوە قبوڵبکەین لەسەردەمی دایکسالاریدا جۆرێك " حەسودی هاتن بە سکپڕبوون " لەپیاواندا هەبووە کە فرۆم دەڵێت " تا هەنوکەش دەتوانین لەهەندێك لە پیاواندا ئەم حەسودیە تێبینی بکەین بۆ ئەوەی نێرینە بیباتەوە و باڵادەست بێت ، دەبێت وەك ژن بیسەلمێنێ کەتوانای خەڵقکردن و بەرهەمهێنانی هەیە.. لەو روەشەوە کە ناتوانێ ئەمکارە لەرێگەی رەحمەوە بکات کەوابوو ناچارە پەنا بۆ رێگەیەکی دی ببات " چ رێگەیەکیش لە دەم و زمان و عەقڵ باشترە " فرۆم دەڵێت چیرۆکی ئادەم و حەوا لەو شوێنەوە دەستپیدەکات کە ئەفسانە بابلیەکە تەواو بووە و راستەوخۆ خودا بەوشە جیهان دروستدەکات ، بگرە رەوتی سروشتی لەدایکبوون کە پیاوان لەژنانەوە لەدایکدەبن پێچەوانە دەبێتەوە واتە حەوا لە بەشێکی ئادەمەوە دروستدەکرێت..!
ئەم دەورە ترسناکەی زمان لە ژیانی مرۆڤدا دەیگێرێت وا دەکات هەمیشە کارکردن بە زمان هەڵگری چەندان مەترسی گەورە و بچوك بێت بەتایبەتی کاتێك بیەوێت باسی کێشەی ژنان بکات، کە پەیوەندیەکی جەوهەری بە زمانەوە هەیە .. رۆسۆ لەسەرەنای فەسڵی هەشتەمی کتێبی "هەوڵدڵنێك لە سەرچاوەکانی زماندا" دەڵێت " کاتێك ویستمان لە خەڵك بکۆڵینەوە دەبێ لە نزیك و لە دەوربەری خۆمان بڕوانین ، بەڵام گەر ویستمان لە مرۆ بەمانای گشتی تێبگەین دەبێ رووی خۆمان وەرگێڕین و دور بڕوانین" ئەم قسەیە بۆ هیچ شتێك هێندەی دووان و لێکۆڵینەوە لە گرفتی ژنان راست نییە ئەگەر دەمانەوێت لەکێشەی ژنان تێبگەین دەبێ روومان لە ژنان وەگێرین و خۆمان لەباسکردنی راستەوخۆیان دوربخەینەوە..
دورکەوەتنەوە و نزیکنەبونەوە لە باسکردنی ژنان یەکێکە لەو ستراتیژانەی روانین ، کە بەهۆی دەوری ترسناکی زماناوە دەبێت هەمیشە لە بەرچاومان بێت بگرە هەستدەکەم لەگرفت و کێشەی ژنان بەتەواوی تێناگەین گەر باسکردن و قسەکردن لەسەر ژن نەخەینەلاوە، بەڵام بەڕاستی بەچ مانایەك دەبێ خۆمان لە باسکردنی ژنان بەدور بگرین؟
چۆن لە کێشەی ژنان تێناگەین ئەگەر خۆمان لەباسکردنی دورنەخینەوە! چۆن دەبێت بۆ باسێك ، کە دەتەوێت لەسەر ژن و کێشەکانی بێت هەر لەسەرەتاوە باسنەکردن و قسەکردن لەسەر کێشە و گرفتەکانیان بخاتە ناو کەوانەوە؟
سەرەتاترین وەڵام ئەوەیە هیچ باسکردنێکی ژن و ماف و کێشەکانی باسکردنێکی بێگوناه نییە بەتایبەتی ئەو باسانەی ، کە پیاوان لەسەر ژنان بەرهەمیان هێنا لەبنەڕەتدا گرفتی ژن ئەوکاتە دەستی پێکرد ، کە پیاوان هێواش هێواش کەوتنە قسەکردن لەسەر ژنان .... کۆیلەیەتی و گرفتی ژن لە لێشاوی ئەو گوتارانەوە لە دایکبوو ، کە پیاوان بەدرێژایی مێژوو لەسەر ژن بەرهەمیان هێنا نەك تەنها لەبارئەوەی ئەو گوتارانە وێنەیەکی نزم و بێ بەهایان لەفانتازیای کۆمەڵگادا بۆ ژن دروستدەکرد ،بەڵکو لەمەش ترسناکتر لەبەرئەوەی ئەو گوتارانە خودی ژنیان بەشێوەیەك بەرهەمهێنا و گۆڕی ، کە لەگەڵ سەرجەم ئەو سیستەمی کۆیلەیەتیەدا بگونجێ و رازیبێ ، کە پیاوان خوڵقاندیان ..
ژنە فەیلەسوفی فەرەنسی لویس ئیرگاری بڕوای وایە " لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا شوناسی ژنان لەوروەوە نکوڵی لێدەکرێت ، کە زمانی ئەم کۆمەڵگایە دەیانسڕێتەوە" سەرەتا زمان بوو کە ژنانی وەك بونەوەرێکی " پەراوێزکراو " و " لاواز" دروستکرد و بەرهەمهێنا.
بەڕاستیش زمان دروستدەکات و دەخوڵقێنێت : کاتێك سیمۆن دێ بۆ ڤوار لە شوێنێکدا گوتبووی " مرۆڤ لە دایك نابێت وەك ژن ، بەڵکو دەبێت بە ژن" مەبەستی ئەوە نەبوو جیاوازیی سروشتی نێوان ژن و پیاو بسڕێتەوە ، بەڵکو دەیویست باس لەبوونی ژنێك بکات کە خۆی نییە ، بەڵکو سیستەمێکی دیارکراوی گوتارە کە وەك ژن بەرهەمیدێنێ و دروستیدەکات ..!
لێرەوە گوتاری پیاوان لەسەر ژن و مافەکانی ئەگەرچی هەڵگری هەندێك رەگەزی پۆزەتیڤیش بێت ناتوانێ بێگوناه بێت ، چونکە لەپشت ئەم گوتارانەوە هەوڵدانێك هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم ژنە جیاوازەکان لە ژێر شوناسێکی گشتگیردا کۆبکرێنەوە و لەخانەیەکی دیاریکراودا پولێنبکرێن نەك بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێن و لەبون و ماهیەتیان نزیکبینەوە ، بەڵکو بۆ ئەوەی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنیان ئاسانتر بێت.
لە فەیلەسوفی فەڕەنسی " میشل فۆکۆوە" ئەوە فێربووین ، کە لەپشت حەزی شوناسکردنەوە نەك تینوێتیەك بۆ زانین ، بەڵکو تێنوێتیەك بۆ هێزنواندن و دەسەڵات بۆ پۆلێنکردن و سنوردارکردن و دواجار بۆ کۆنتڕۆڵکردن و سزادان هەیە.. ئەو بونەوەرەی لەقاڵبی شوناسێکدا کۆدەکرێتەوە لە هەموو کاتێك زیاتر پرۆسەی چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانتر دەبێت... بەڕاستیش لە پشت زۆرێك لەو گوتارانەی لە ژن و کێشەکانی دەدوێن بڕێکی زۆر لە سادەکردنەوە هەیە.. چونکە هەموو ئەم گوتارانە بوونی ژن بە هەموو رەهەندە جیاوازەکانیەوە کورت دەکەنەوە بۆ کۆمەڵێك خەسڵەتی دیارکراو .. وەك ئەوەی ژن بونەوەرێکی خاوەن شوناس و خەسڵێەتێکی دیارکراو بێت ، کە لە ئەزەلەوە هەیبووە و بۆ هەمیشەش دەیمێنێ ...ئیدی ئەوەی لێرەدا دەسڕێتەوە نەك هەر جیاوازیی ژنان و خەسڵەت جیاوازەکانیانە ، بەڵکو هەموو ئەو گۆڕانانەیە کەدەشێت لە خەسڵەت و شوناسی ژناندا روبدات ، چونکە شوناس چەند پاراستنی خەسڵەت دێرینەکانە هێندەش رێگەگرتنە لە خەسڵەتە تازەکان .. رابردوو زیندوو رادەگرێ هێندەش داهاتوو داگیر دەکات.
لێرەوە باسکردنی ژنان و هەوڵدان بۆ دستنیشانکردنی توانا و خەسڵەتەکانیان یەکێکە لەو ستراتیژانەی گوتار ، کە دەبێت بۆماوەیەك بیخەینە ناو کەوانەوە، چونکە لەنەستی ئەم گوتارەدا مامەڵەکردنێك هەیە لەگەڵ شوناسدا وەك پرۆسەیەکی بەئەنجام گەیشتوو... وەك شتێك ، کە لەرابردودا رویداوە و تەواو بووە ( چەند زۆر و بێشوماریشن ئەو پیاوانەی قسە لە سەر ژن دەکەن وەك ئەوەی لە ژنان خۆیان باشتر بناسن ... کەم نین ئەو نوسەر و بیریارانەی وەك ژنناسێکی زانا قسەیان لەسەر ژن کردووە ) ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە شوناس شتێك نییە لە دوامانەوە بێت ، بەڵکو پرۆسەیەکە لە پێشمانەوە .... روداوێك نییە رویدابێت و تەواو بوو بێت ، بەڵکو روداوێکە بەردەوام رودەدات و ئەگەرێکە هەمیشە دەشێ بێتە پێشێ..
فەیلەسوفی فەرەنسی میشل فۆکۆ دەڵێت " شوناسی ئەمڕۆی ئێمە شوناسی ئێمە نییە ، بەڵکو شوناسێکە کە کلتور و نەریتێکی دیاریکراو بەسەریدا سەپاندوین کاری ئێمە ئەوەیە لەم شوناسە دەرچین" واتە بەردەوام هەوڵبدەین لەم پیستی خۆمان دەرچین و ئەزمونی دی تاقیبکەینەوە..
نیچە لە شوێنێکدا دەڵێت " مرۆڤ دەبێت هەوڵبدات ببێ بەو شتەی ، کە هێشتا نەبووە " پرۆسەی دروستکردنی شوناس بریتیە لە گەڕان بە دوای ئەو ئەزمون و تاقیکردنەوانەدا ، کە هێشتا نەمانکردووە ،چونە ژورەوری ئەو دەرگایانەیە ، کە هێشتا لێمان نەداوە و دواجار گەڕان بەدوای شوناسدا گەڕانە بەدوای زۆرترین و فراوانترین ئەگەرەکاندا ....
ئا بەم مانایەش گەڕان بەدوای شوناسدا لەگەڕان بەدوای ئازادیدا جیا نابێتەوە،چونکە دواجار ئازادی چیە جگە لەو دۆخەی مرۆڤ تیاییدا لە بەردەم گەورەترین و زۆرترین دەرفەت و هەڵبژاردندایە.