رۆژی سێشەممە 18-10-2022، لە گەلەری میدیا 15یەمین پێشانگەی تایبەتی هونەرمەندی شێوەکار "حەمە هاشم" بەناوی چوارچێوەی تاڵ کرایەوە.
لە پێشانگەکەدا 34 تابلۆی ئەبستراکتی دەربڕینخوازی بە قەبارەی جیاجیا نمایشکرابوون. تابلۆکان گوزارشتیان لەو ئازار و نەهامەتییانە دەکرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەسەر کورد-دا هاتبوون؛ لەوانە، ئەنفال و نەهامەتییەکانی کوردانی ئێزدی کە ئافرەتانی ئێزدی رووبەڕووی کڕین و فرۆشتن و ئەشکەنجە و کوشتن بوونەوە؛ ژینا ئەمینی و پرسی ئازادییەکانی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"؛ نەهامەتییەکانی کۆڵبەران و ماندبوونیان لەپێناو بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان لەگەڵ ئەوەی چەندین کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە لە تابلۆکانی ئەو هونەرمەندەدا رەنگیان داوەتەوە.
ئەو هونەرمەندە لە تابلۆکانی-دا گرنگی ژینگەی لەبەرچاو گرتووە و پیسبوونی ژینگەی لەیادنەکردووە؛ لە هزری ئەو شێوەکارەدا پیسبوونی ژینگە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تووشبوون بە نەخۆشییە کوشندەکان دەبێت کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر هزر و هێزی مرۆڤەکان بە گشتی و گەنج بە تایبەتی دەبێت.
پێشانگەکە ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. "حەمە هاشم" ساڵی 1973 لە قەزای کۆیە لەدایکبووە، مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر. تاوەکو ئێستا 15 پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە لە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها لە شارەکانی گوا لە هیندستان، بیلێفێلد لە ئەڵمانیا، کرۆسنۆ و کراکۆف لە پۆڵەندا.
دوایین کاری شێوەکارەکە لە دەرەوەی وڵات لە 14-08-2022 لە شاری نۆرمبێرگی ئەڵمانیا بوو. "حەمە هاشم" خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە بە ناوەکانی: هونەری پیرۆز، ڤان کۆخ، رۆدا و هونەری ئەبستراکت.
ناوبراو بەشداری زیاتر لە 100 پێشانگەی کردووە لە شارەکانی پاریس، لەندەن، واشنتن، گوا، کرۆسنۆ، مارسیلیا، ساتۆمارێ، بۆخارست، قاهیرە، سنە، بەغدا، دیاربەکر، ئێستەنبووڵ و بەشێک لە شارەکانی کوردستان.
سەرچاوە: rudaw- بڵند تاهیر