ڕه‌فتاری سه‌ركردایه‌تی كورد، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مۆركی تایبه‌تی خۆیه‌تی!

عیماد عه‌لی

 

كه‌ له‌ئه‌خلاق‌و سروشتی ژیانی مرۆڤی كورد ورد بیته‌وه‌، زۆر به‌ڕوونی خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی ئه‌م گه‌له‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌رووی سیاسیه‌وه‌ له‌وباره‌وه‌ وردبینه‌وه‌، به‌زۆر ئه‌زموندا تێپه‌ڕیوین و دڵپاكیمان جگه‌ له‌خۆمان بۆ دۆست‌و دوژمن سه‌لماندووه‌. با زۆردوور نه‌ڕۆین له‌مێژووی نزیكماندا ئه‌وه‌مان ده‌رخستووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ دوربوین له‌تۆڵه‌كردنه‌وه‌و خاوه‌نی له‌بیركردنی سه‌رجه‌م زوڵم‌و زۆریه‌كانی دژ به‌كوردبوین.

ئه‌م میله‌ته‌ به‌سروشتی خۆی چاكه‌خوازو دووره‌ له‌گه‌نده‌ڵی ده‌روون‌و ره‌فتار‌و ئه‌خلاق، بۆیه‌ له‌هه‌ر بارێكدا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ مۆركه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی دوور له‌میله‌ت، ته‌نها له‌بازنه‌یه‌كی ململانێی تایبه‌تیدا ده‌سوڕێته‌وه‌، كه‌ پێویستبوو پشت به‌سروشتی گشتی خه‌ڵك ببه‌ستێت نه‌ك مۆركی كۆمه‌ڵێك كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان ناخ ئاڵۆزی خۆیان له‌ژیاندا ده‌رخستووه‌، كه‌چی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو سیفه‌ته‌ باشسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان سه‌لماندووه‌، ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هاوخه‌بات‌و برای خۆشیاندا.

بۆیه‌، به‌رهه‌می ده‌ست‌و بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵی  ئه‌وانه‌ی كوردستان به‌رێوه‌ده‌به‌ن دووره‌ له‌مۆركی تایبه‌تی گه‌لی كوردستان به‌گشتی، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی داڕشتنی یاساو سیاسه‌ت‌و په‌روه‌رده‌و ژیان‌و گوزه‌رانه‌وه‌، كه‌موكه‌رتی گه‌وره‌یان ده‌رخستوه‌.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ میله‌ت له‌دۆڵێكدابێت‌و سه‌ركردایه‌تی له‌دۆڵێكی تردا بژێت‌و له‌هیچ ڕه‌فتارو ئه‌خلاق‌و خه‌سڵه‌تێكدا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌بێت. تۆ ته‌ماشای واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی گه‌لی كوردستان بكه‌و به‌راوردێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌یه‌كی سه‌ركرده‌كان بكه‌، ئه‌وجا جیاوازیه‌ قوڵه‌كه‌ ببینه‌.

ئه‌گه‌ر به‌قووڵی بیری لێبكه‌ینه‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌رو دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌چه‌رمه‌سه‌ریه‌كان، پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌وه‌ یه‌كلابینه‌وه‌ كه‌ مۆرك‌و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌سه‌رجه‌م بواره‌ سروشتی‌و ئه‌خلاقی‌و ئه‌ده‌بی‌و حاڵ‌و گوزه‌ران خه‌ڵك‌و به‌راورداری له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یدا، به‌ڕونی ده‌بینین كه‌ به‌رهه‌می هه‌مان سیفاتی گه‌له‌كه‌ نین‌و زۆرینه‌ی ڕه‌هایان نامۆن له‌سیفه‌ته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی كوردایه‌تی، بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان له‌مه‌ باشتر نه‌بوه‌و نابێت.

 

سەرچاوە : شارپرێس