ڕێزم بۆ وشە

 

ڕێبوار فەتاح

وشە هەڕەمەك هەڵنابژێرم، بەرپرسیار لە ڕستەدا بکاری دێنم. قسە فڕێ نادەم، وەك ئەوەی دێتە سەرزار. وشە مێژووی مرۆڤایەتی لە پشتەوەیە. گەر نەزانم چۆن بەکاردێ یان مانای چیە، دەگەڕێم، کاتی بەبڕشت تەرخان دەکەم بۆ تاکە وشەیەك.

ڕێز لە خوێنەری خۆم دەگرم، کاتی ناکوژم. گەر دوو وشە هاوتا بن، تەنیا گونجاویان بەکاردێنم. لە کۆششدام، وشەی تەبا پێکەوە بەکاربهێنم. نانووسم "لافاو دروست بوو." دەنووسم، "لافاو هەڵستا." نانووسم، "سڵاوێکی ئاڕاستە کرد." دەنووسم، "سڵاوی لێکرد." ناڵێم، "ئەسپێك ڕایکرد." دەڵێم، "ئەسپێك غاری دا." ناڵێم، "چۆلەکە دەخوێنێ." دەڵێم، "چۆلەکە دەجریوێنێ." ناڵێم، "تەقە دروست بوو." دەڵێم، "تەقە کرا." گەر نەزانم چی چی دەکات! پەنا بۆ زانایەك دەبەم، جا لە هەرجێیەکی ئەم جیهانە بووە.

نانووسم، "وڵاتی سوید، ساڵی ١٩٥٧ و دەستڕێژی گولە." دەڵێم، "سوید، ١٩٥٧ و دەستڕێژ." گەر سوید وڵات نەبێ، ١٩٥٧ ساڵ نەبێ، دەبێ داخۆ چی بن! گەر دەستڕێژی گولە نەبێ، تۆ بڵێیت بە تیروکەوان بکرێ.

نانووسم، "کارمەندی میدیایی، "پرسی جێندەریی، دیوانی شیعریی، بەشی خێزانیی، تد." ساکار دەڵێم، "کارمەندی میدیا، پرسی جێندەر، دیوانی شیعر، بەشی تایبەت بە خێزان، تد.

نانووسم، "دیوانە شیعرەکانتان، گفتوگۆ سیاسیەکانتان، مەڕەکانی جەژنتان، تد." ساکار دەڵێم، "دیوانی شیعرتان، گفتوگۆی سیاسیتان، مەڕی جەژنتان، تد."

ناڵێم، "مرۆڤەکان زۆربەیان سەرسامن." دەڵێم، "مرۆڤ سەرسامە." ناڵێم، "لە میدیاکاندا خوێندمەوە." دەڵێم، "لە میدیادا خوێنمەوە."

گەر بمەوێ پەیامم بگات، یەکەوڕاست دەچمە نێو بابەتەوە، بەمە دەستپێ ناکەم، "وەك لای هەمووان ئاشکرایە." جا گەر ئاشکرایە بۆ دەیڵێیت! سەدان وشە مێژوو ناگێڕمەوە بۆئەوەی دواتر پەیامێکی چوار ڕستە بگەیەنم.

لە دنیای ئەمڕۆدا هێند بابەت زۆرە، گەر ئەوی ئێوە سەرنجڕاکێش نەبێ، فەرامۆشم کردووە. ئەمە تەنیا بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی نیە، بۆ کتێبیشە. نۆڤڵی کوردی دەخوێنمەوە، هەرچەند دەکەم لە لاپەڕە یەك تێناپەڕم. ئیدی دەیخەمە لاوە. ئەشکەنجەی ئەقڵم نادەم. نووسین هونەرە، دەبێ بەر لە هەموو شتێك دڵگیر بێ، ئەمجار پەیڕەوی ڕێسای تایبەت دەکات. 

شیعر! هاوڕێ نازانێ بدوێ، شیعر دەنووسێ. چۆن ماتماتیك زمانی باڵای مرۆڤە، شیعریش پلەیەکی باڵایە لە داهێنانی هونەر. وشە فڕێدان، شیعر نیە. شیعر بە زمانی ڕۆژانە نانووسرێ، تەنیا پشت بە پاترنی زمان دەبەستێ.

 بەرلەوەی شیعر بنووسیت، بچۆ بۆلای پسپۆڕی دەروون، بزانە دەتوانیت گوزارشت لە سۆزی ناخت بکەیت. هەرکە بڕوانامەت وەرگرت، ئەو دەم فێری زمان ببە و دواتر زمانی باڵای شیعر. 

وتار و کتێب دەخوێنمەوە، "نووسەر" چنگێك خاڵبەندی هەڵداوەتە ناوی، بۆ ئەوەی جوانی بکات. خاڵبەنی  هونەرە و بڕبڕەی پشتی نووسینە، مانای لە ڕەگەوە دەگۆڕێ. گەر نازانیت چۆن بەکاردێ، برۆ بخوێنەرەوە!

ڕۆشنبیر فیززڵ نیە، ڕاشکاوە، ساکارە. ساکارتر دەنووسێ. بێگەرد نیە، هەڵە دەکات، بەڵام بە نووسینیەوە دیارە، خۆی ماندوو کردووە و ڕێزی لە منی خوێنەر گرتووە.

گەر دەتانەوێ نووسینت بخوێنمەوە، ڕێز لە زمان بگرن. ڕێز لە دایکت بگرە، زمانی مەشێوێنە، خۆت ماندوو بکە.

---

وشەی لەڤ: لە مێژووی بڕوانە! تاکە وشەیەکە بێشمار لەسەری نووسراوە.

 

سەرچاوە : سەنتەری میترۆ