ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

 

 

 

جەواد سەعید

 

کەمێک پێش ئێستا، دوو دێرم لە واڵەکەم بە ناونیشانی (مام جەلال دە هەستەوە، توڕەیی خۆت، کەمێک لەم دۆخە هەڵبڕێژە، تەگبیرێکمان لە حاڵی ئێستا بۆ بکە. ئێستا، شەنیار ئەنوەر باسی ڕێبازی تۆ و مێژووی یەکێتیمان بۆ دەکا) نوسی. دوای چەند خولەکێک، مالپەڕەکانی وشە نێت و گاسن، منیان بە ئامۆزای کاک کۆسرەت ناساندووە و تەواوی بابەتەکەیان شێواندوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە.

‎ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانییە زۆربەی ماڵپەڕە سێبەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کار لەسەر شکاندنی کەسەکان دەکەن و ژەهر دەڕژێنە ناو کۆمەڵگە، لە ڕێگای کەناڵەکانی سۆشیال میدیاوە هەوڵی تێکشکاندنی کەلتور و پەروەردەی خێزانی کۆمەڵگە دەدەن و ریکلامی خوێن ڕشتنی براکان دەکەن. لەلایەکی تریشەوە خەریکە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە نییەت و دنیابینی سیاسی و پلان و پڕۆژەی حزبە کوردییەکان لە میدیا و کەناڵە سێبەرەکانیانەوە بەرجەستە دەکرێ نەک ئەوەی لە کۆبونەوەو کەرنەڤاڵ و وتاری سەر شاشەکان.

‎هەڵوێستەکانی خۆم لەسەر دۆخی سیستەمی حوکمڕانی و ژیانی حزبایەتی لە کوردستان لە چەندین ماڵپەڕ و ڕۆژنامە بە وتار بڵاوکرۆتەوە، بەشێکی زۆریان ئێستاش لە ماڵپەڕی ئاوێنە ماون. کە پێموابووە کوردستان لەژێر سایەی حکومڕانی پارتی و یەکێتی، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەچێت. لە ماوەی ۳۲ ساڵی ڕابوردو بەهۆی هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو میللەتیان گەیاندە ئەوپەڕی بێ ئومێدی و چی بەهاو جوانی هەبوو تێکیان شکاند، هەستی نیشتیمانی تاکی کوردیان گەیاندە ئاستێک کە بە هاتنەوەی عێراق دڵخۆشبێ. کارێکیان کرد هەرچی هەبوو لەدەستیاندا، لە ئێستاشدا ئەوەی ماوەتەوە دەیانەوێ بیڕوخێن.

‎تەواوی ژیانی سیاسی خۆم لەناو یەکێتی بەسەر بردوە، شانازیش بەو مێژووەوە دەکەم بەڵام پێموایە حزبی کوردی کادری ناوی کۆیلەی دەوێ، پاکی ناوێ دزی دەوێ، چاکسازی و سیستەمی ناوێ دزی و گەندەڵی دەوێ، ئاشتی و پێکەوە ژیانی ناوێ شەڕو ماڵوێرانی دەوێ. بۆیە منیش لەوانە بێبەریم و نابمە بەشێک لە نەهامەتییەکانی میللەتەکەم.

‎ئەوەی دەیڵێم و دەینوسم، تەنیا پەیوەندی بە بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆمەوە هەیە. زۆر جار ماڵپەڕ و پەیجەکان وەکو ئامۆزای کاک کۆسرەت ناوم دەهێنن، لە ڕاستیدا ئامۆزا نین، بەڵکو براین، خەبات و ماندوبوون و قوربانییەکانی جێی شانازین، بۆیەش شانازی پێوە دەکەم چونکە نە ٦٦ نە ۳۱ی ئاب نە ۱٦ی ئۆکتۆبەری کردوە.

‎گۆمەکەتان شلەقاند، فەرمون وەرنە مەیدان.

سەرچاوە : ئاوێنە