ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی لە سوریا كه زیانی بەرفراوانی لێكهوتوهتهوه، ئهوهش پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییه.
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل لە سوریا، لەوان كهرتی پزیشکی و وێستگەی کارەبا، ئەوەش پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییه.
تورکیا لە حەسەکە وێستگەیەکی کارەبای کردە ئامانج و لەناویبرد
لە 15ی مانگی یهكی ئهمساڵدا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وێستگەیەکی کارەبای لە سوەیدیە لە پارێزگاری حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج و تورباینەکانی لەناوبرد، کە پێشتر بەهۆی ململانێکانەوە لاوازببون و کاریگەری زۆری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە کارەبا بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس دروستکرد.
کارگەیەکی ئۆکسجینی لە قامیشلۆ و کۆمەڵگەیەکی پزیشکی لە کۆبانێ و دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکەی كرده ئامانج
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هێرشەکانی ڕۆژی 25ی کانونی یەکەمی 2023 دەکات، کە کارگەیەکی ئۆکسجین و کۆمەڵگەیەکی پزیشکی لە کۆبانێ و دامەزراوە مەدەنییەکانی دیکەی كرده ئامانج و بههۆیهوه خزمەتگوزارییە گرنگەکانی پەکخست.
هیومان ڕایتس وۆچ، تورکیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆمەتبار کردوە
هەروەها رێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، تورکیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تۆمەتبار کردوە، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی بە ئەنقەست، لەوانە وێستگەکانی کارەبا و دامەزراوەکانی ئاو و ناوەندە پزیشکییەکان.
لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە 10ی (شوبات/2)ی 2024 بڵاوکرایەوە، هیومان ڕایتس وۆچ بەوردی باسی لەوە کردوە کە چۆن ئەو هێرشە سیستماتیکییانە زیاتر لە ملیۆنێک کەسیان بێ کارەبا کردوە و ملیۆنانی دیکەش بێبهش كردوه له دەستڕاگەیشتن بە ئاو و چاودێری تەندروستی، کە لە ئەنجامدا قەیرانێکی مرۆیی قوڵتر بوەتەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە
هیومان ڕایتس وۆچ داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و لێپرسینەوە له ئهنجامدهرانی هێرشهكه و دهڵێت، "پێویستە تورکیا واز لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی بهێنێت و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت".
لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوە، ئەو هێرشە ئاسمانیانە ڕەنگە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شتە مەدەنییەکان پێکبهێنن یان ئاماژە بن بۆ نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی جێبەجێکراو بۆ کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەندێک لە هێرشەکان ئەمبولان دهكهن ئامانج، كه ئهوهش تاوانی جهنگه.
ئەو هێرشە ئاسمانییانە دوای بەرزبونەوەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و خۆبەڕێوەبەریی کورد دێت
ئەو هێرشە ئاسمانییانە دوای بەرزبونەوەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و خۆبەڕێوەبەریی کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت، بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی تورکیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی باكور و رۆژههڵاتی سوریا بەکاردەهێنن، شایەتحاڵەکان باسیان لە بینین یان بیستنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردوە پێش ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی، تورکیا بە ئاشکرا قسەی لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە نەکردوە.
ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات پابەندبن بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابون لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان.
سەرچاوە ؛ خەندان