ڕاستی ڕووت وقووت..


لەئەفسانەیەکیدا جوبران خەلیل جوبران دەگێڕێتەوە  : 

ڕۆژێک درۆ و ڕاستی بەیەک گەیشتن . . درۆ بەڕاستی وت “ئەمڕۆ زۆر خۆشە ”. .

ڕاستیش بە گومانەوە سەیری دەوروبەری دەکرد. . چاوەکانی بەرەو ئاسمان بەرز کردەوە و بۆی دەرکەوت کە خۆر دەدرەوشێتەوە و کەش و هەوا جوانە. . بۆیە بڕیاریدا ڕۆژەکە لە پیاسەیەکدا لەگەڵ درۆ بەسەر ببات. . !


دیسان درۆ بەڕاستی وت “ئاوی بیرەکە ڕوون و گەرمە،  با بچین مەلە بکەین.” . ڕاستی بۆ جاری دووەم بە گومانەوە سەیری درۆی کرد. .

پاشان دەستی لە ئاوەکە دا. . ڕاستی  بەڕوون و گەرمی زانی. . بۆیە ئەو دووانە جلەکانیان داکەند و چوونە خوارەوە بۆ ئەوەی مەلە بکەن . . !
لەناکاو . . درۆ بە خێرایی لە بیرەکە دەرچوو و جل و بەرگی ڕاستی لەبەر کرد. . وە ڕایکرد ولەچاو وون بوو دیار نەما. . !
ڕاستی بە ڕووتی و تووڕەییەوە لە بیرەکەوە هاتە دەرەوە و هەوڵی دا بۆ ئەوەی درۆبگرێتەوە. . کاتێک خەڵک بە ڕووتی بینییان. . لێی ناڕەحەت بوون و دەموچاویان لێ گرژ کردو ڕوویان دەکرد بەولاوەو لێ ی دووردەکەوتنەوە. . !
ناچار ڕاستی هەژار  لەشەرما گەڕایەوە بۆ ناو بیرەکە و خۆی شاردەوە. . بەهۆی ئەو ڕووتی وشەرمنییە زۆرەوە جارێکی تر دەرنەکەوتەوە. . !
و لەو کاتەوە . . درۆ بە جل و بەرگی ڕاستیەوە بەجیهانا دەگەڕێ . . وە خەڵک قبووڵیانە. .بەڵام ڕەتیدەکەنەوە ڕاستی ڕووت ببینن. . !