چەند دێڕێ لەسەر "فیلمی 'ژیانی بزنەکە"

 

 

 

ئا: قەیسەر ڕەحمان

 

 

فیلمی ژیانی بزنەکە..

 ''تەنها چیرۆکی (نەجیب) نییە، بەڵکو خەمو و پەژارەی هەزاران کەسە کەلە بیابانەکاندا گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی نیشتمان و ماڵیان بەجێهێشت ،تەنها بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێننەوە''.


دوای سەیرکردنی فیلمی  (The Goat Life) - ژیانی بزنەکە لەوە تێدەگەی کە هیچ یەک لە پارە  و ئایدیا و دیین و پێشکەوتن و ئاپارتمانی هەوربڕ ناتوانن مرۆڤێکی مرۆڤدۆست پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەروەردەیەکی مەدەنی و ڕۆشنبیری نەبێت، بونی ئەوانە مرۆڤی بەڕبەڕی و دڕندەتر دروست دەکەن. .

بە نمونە وڵاتانی کەنداو کە خاوەنی داهاتێکی قەبە و خاوەن دیینن، بەڵام ساڵانە چەندین ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ڕفاندنی مرۆڤ و توندوتیژی دژی ژنان و بە کویلەکردنی کرێکارانی بیانی و لەسەر وڵاتەکانیان بڵاودەکرێنەوە.
(ژیانی بزنەکە) فیلمێکی هیندی – ئەمریکییە، لەلایەن کۆمپانیای (Visual Romance) بەرهەمهێنراوە، لە مارسی (٢٠٢٤) نێتفلێکس بڵاوی کردوەتەوە، چیرۆکی فیلمەکە لە ڕوداوێکی ڕاستییەوە وەرگیراوە، کە لەلایەن نوسەری هیندی (بێنیامین) ساڵی (٢٠٠٨) ڕوداوەکە کراوە بە ڕۆمان و لە ساڵی (٢٠١٢) دا وەرگێردراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، بەڵام بەخێرایی ڕۆمانەکە لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی قەدەغەکراوە، لە ئێستاشدا فیلمەکە قەدەغەکراوە و وڵاتی سعودیە ملێارەها دۆلار دەدات بە کۆمپانیا و دەرهێنەری فیلمەکە بۆ ڕاگرێت فیلمەکە لەسینەماکانی جیهاندا. 
وڵاتی سعودیە چەند ساڵێکە بە دروستکردنی شاری مۆدێرن و شوێنی گەشتیاری پێشکەوتوو و بەچەند بریارێک لەم ساڵانەی دواییدا کە مەبەست ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بوو بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام فیلمی (ژیانی بزنەکە) هەموو ڕێسەکەی کردنەوە بە خوری، پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە فیلمێک بەوشێوەیە دەنگدانەوە و کاریگەری خراپی لەسەر وڵاتەکەیان هەبێت، سەرەتا هەوڵیاندا بە پارە فیلمەکە ڕاگرن وەک سڕینەوە و پەردەپۆشکردنی چەندین ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوە کە لەسەر مامەڵەی وەحشیانەی ئەو وڵاتە بەرامبەر بەکرێکاری بیانی و کردنیان بە کویلە و سوکایەتی پێکردنیان بڵاوکرابوونەوە، بەڵام ئەمجارە نەیانتوانی بە پارەکانیان ئەم فیلمە ڕاگرن. 
فیلمەکە باس لە ژیانی تراژیدی دوو كرێكاری موسڵمانی هیندی دەکات کە ناویان (نەجیب مەحموود و حەكیم) ە، بەمەبەستی کارکردن ڕوو لە وڵاتی سعودیە دەکەن. دەرهێنەری فیلمەکە (بلیسی لپی تۆماس)ە، پریسڤێراج ڕۆڵی سەرەکی نەجیب دەبینێت، زمانی فیلمەکە (Malayalam)ە، و شوێنی  وێنەگیرتنی فیلمەکە لە دۆڵی ڕوم لە ئوردن و بیابانەکانی چەزائیر و چەند دیمەنێکیش لە کیرالا لە هیندستان تۆمارکراون. 
نەجیبی ڕاستەقینە لە چەند دێڕێکدا دەڵێت: ''لە ساڵی (١٩٩١) کیرالام بەجێهێشت بە خەونێکی زۆرەوە، بەڵام ئەوەی لەوێ ئەزمونم کرد مرۆڤی ترسناک و ژیانی ناو بزنەکان بوو کە وایان لێکردم هەستی و مێشکم لەدەست بدەم''.
دەرهێنەری فیلمی (ژیانی بزنەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ''چیرۆكی فیلمی دووەمم هەر لەبارەی وڵاتی سعودەوەیە، باس لە سەردان و گەشتی ژنان بۆ ئەو وڵاتە دەكات، بۆ كاركردن و گەشت، بەڵام لە لایەن باندە سعودییەكانەوە دەڕفێنرێن و پاشان پاسسپۆرتەكەنیان دەدڕێنرێن و ژیانيان وەك كۆیلەیەك داگیردەكەن و دواتر دەیانگوازنەوە بۆ كێڵگە و ڤێلا و تەلارە گرانبەهاکانیان''.
ئەوەی کە زۆر سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە تا کۆتایی فیلمەکە (نەجیب) نە ئازاری مەڕ و بزن و حوشترێکیدا نەبیری لەوە کردەوە کە تۆڵەبکاتەوە لە خاوەنکارەکەی.
*هەرکەسێک وەک کرێکار لە وڵاتێک کاری نەکردبێت و غەریبی نەچەشتبێت لە ئازارەکانی (نەجیب) تێناگات، بەندە لە ساڵانی نەوەدەکان و گرانیدا چەند ساڵێک وەک کرێکار لە تاران کارم کردووە، لەبەر ئەوە ئەم فیلمە کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر من هەبوو، بەڵام خۆشبەختانە وەک کویلە مامەڵەمان لەگەڵ نەکرا و مامەڵەیان مرۆڤانەبوو، هەرچەندە ئێمە بە شێوەیەکی قاچاخ و بەبێ پاساپۆرت لە پایتەختی وڵاتەکەیان کارمان دەکرد.  لێرەدا جێگای خۆیەتی کە سوپاسی ئەو وڵاتە و هەموو ئەو خاوەنکاران بکەم کە کارم لەلایان کردووە.

 
بۆ سەیرکردنی ئەم فیلمە بە ژێرنوسی کوردی دەتوانن گرتە لەسەر ئەم لینکە بکەن:

 https://kurdfilm.krd/view/m?id=21465826394          #TheGoatLife