بڕیارە ئەمساڵ چوارەمین خولی خەڵاتی كارۆ لەبواری لێكۆڵینەوە بەناوی خولی (د.مارف عومەر گول) بەڕێوەبچێت و خەڵاتەكەش دەبەخشرێتە (حەكیم مەلا ساڵح) لە پارێزگای هەڵەبجە.
لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی خولەكەوە، عەتا مەحمود (بەڕێوەبەری خەڵاتی كارۆ) ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەمساڵ وەك وەفایەك بۆ گیانی نەمری (د. مارف عومەر گوڵ)ی هاوڕێ و هاوكاریان، پێیان باشبوو چوارەمین خەڵاتی كارۆ، بەناوی ئەوەوە ناو بنێین.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە كە دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ئەندامانی لیژنە، (حەكیم مەلا ساڵح) لەپارێزگای هەڵەبجە، پاڵێوراوی چوارەمین خەڵاتی كارۆیەو لێكۆڵینەوەیەكی بەناونیشانی (نالی لە ڕوانگەیەكی ترەوە) لە دووتوێی كتێبێكدا بۆ چاپ دەكەن، كە ئەم لێكۆڵینەوەیە (م. ڕێبوار حەمە تۆفیق) پێداچوونەوەی بۆ كردووە و پەراوێزی بۆ ئامادە كردووەو (د. هێمن عومەر خۆشناو)یش پێشەكی بۆ نووسیوە.
ئەندامانی لیژنەی خولەكە پێكهاتوون لە:
د. موحسین ئەحمەد عومەر
م. ڕێبوار حەمەتۆفیق
د. محەمەد مەنتك
حەكیم مەلا ساڵح عەبدولكەریم، لە ساڵی 1945 لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایكبووە. بەهۆی پێشمەرگایەتییەوە وازی لە خوێندنی زانكۆ هێناوە. تا ئێستا 27 كتێبی چاپكراوی هەیە و 8 كتێبیشی ئامادەیە بۆ چاپكردن. زیاتر لە 40 ساڵە دەستی بە نووسینی بابەتی وێژەیی و نووسینی هۆنراوە لێكۆڵینەوە كردووە.