چالاکیە سیاسیەکان لەسەر کورسییە جوڵاوەکان

(چالاکیە سیاسیەکان لەسەر کورسییە جوڵاوەکان ) سەرنجێک بۆ پلاتفۆڕمەکانی ماس میدیا

 

وەرگیڕانی: ساڤۆ سەردار

ئەمە بەشێکە لە چاوپێکەوتنێك لە کانونی دووەمی ٢٠١٦ لەگەڵ (باومان)دا کراوە لە دەزگایەکی  ئیسپانیدا.

زیگمۆند باومان Zygmunt Bauman ڕقی لەوە بووە کە بە شێوەیەکی خێرا و سەرپێی وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکان بداتەوە، هەر لەبەر ئەوەش بووە کە بە تەواوەتی کاتێکی زۆری وەرگرتووە بۆ دەربڕینی فیکرەکانی و لە سەروەختی ئەم چاوپێکەوتنەدا نزیک دەبۆوە ئاهەنگگێڕانی ٩٠ ساڵەیی تەمەنی.

 ئەم وەڵامە بەشێکە لەو تیۆریەی باومان لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە زنجیرە ئیشی لەسەر کردووە لە ژێرناونیشانی (مۆدێرنیتێی شل)، لە باسکردن و وەسفکردنی ئەم زەمەنەدا دەنوسێت: “هەموو ڕێکەوتنەکان کاتین تا ئەو شوێنە جێگای مانەوە و متمانەن هەتا ئاگادارکردنەوەیەکی تر دەردەکەوێت”.

 ڕۆژنامەنووس: بە گومانیت لەو ڕێگایەی کە خەڵکی بەرەنگار دەبنەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەناو هۆکارەکانی گەیاندنی ماس میدیاکان ( تۆڕە جەماوەریەکان) و ناوی لێ دەنێیت بە (چالاکییە سیاسیەکان لەسەر کورسیەکی جوڵاو)، هەروەها دەشڵێیت ئینتەرنێت زیرەکیە ئەقڵانیەکانمان لەناو دەبات و دەیگۆڕێت بۆ تەرفیهێکی بێ بەها و بێ بایەخ، ئایا شتێک هەیە کە وات لێ بکات بیربکەیتەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (ئەفیونی)ی گەلانی نوێیە؟

زیگمۆند باومان: پرسیارکردن دەربارەی شوناس دەگۆڕێت بەگوێرەی ئەو ئەرکەی کەوا بۆی لەدایکبووە، تۆ دەتوانیت کۆمەڵگایەکی (جیهانێکی) تایبەت بە خۆت دروست بکەیت لە کاتێکدا کۆمەڵگاکان دروست ناکرێن، دەکرێت کۆمەڵگات هەبێت، یاخود نەبێت، لیرەدا خەلقکردنی توڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دنیایەی کە دەتەوێ دروستی بکەیت جیاوازی لە نێوان تۆڕەکان و کۆمەڵگاکان ئەوەیە کە تۆ بەشێکیت لە کۆمەڵگا، لە کاتێکدا تۆڕەکان بەشێکن لە تۆ، ئەو هەستەت دەداتێ کەوا تۆ جڵەوت گرتووە و دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بڕیارەکانت بکەیت وەک زیادکردن و کەمکردنەوەی هاوڕێکانت لە فەیسبوک،  کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەیت کەوا پەیوەندیەکانت لەگەڵ کێدا دادەنێیت، ئەمەش وا دەکات خەڵکی بۆ ماوەیەکی کەم هەستێکی باشیان هەبێت، چونکە تەنهایی و جێهیشتن و پەراوێزبوون ترسی هەرە گەورەیی مرۆڤەکانی ناو ئەم زەمەنە تاکگەراییەمانە (فەردانیەت).

ئیشێکی ئاسانە زیادکردن و کەمکردنەوەی هاوڕێکانت لە فەیسبووک دەبێتە دەرخەری شکستی مامەڵەکردن لە پانتاییە ڕاستەقینەکان و پەیوەندیە واقعیەکاندا.

کاتێ  لە شەقامێکی دەرەوەدایت، یاخود لە شوێنی کارەکەتیت، بەرکەوتنت هەیە لەگەڵ خەڵکانی زۆر کە وا پێویست دەکات لەگەڵیاندا بگونجێیت.

(پاپا فرانسیس) پیاوێکی گرنگە لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لە دوایی هەڵبژاردنیەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەتایستی ئیتاڵێ Eugenio Scalfari گوتی : ”دیالۆگە ڕاستەقینەکان لەو گفتوگۆیانەدا ڕوونادات کە کەسەکان بەهەمان جۆر بیر دەکەنەوە، سۆشیاڵ میدیاکان فێری هاوبەشی پێکردنی بیرکردنەوەمان ناکەن، چونکە زۆر بە ئاسانی دەتوانین مشتومڕەکان لابدەین، زۆرینەی خەڵک سۆشیاڵ میدیا بەکارناهێنن بۆ فراوانکردنی بیرکردنەوە و ئاسۆی تێگەیشتنیان، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ دوبارە خەلقکردنەوەی خۆیانە لە پانیاییەکی ئارامدا کە تەنیا گوێیان لە سەدای دەنگی خۆیان بێت، تەنها ئەو شتانەشی کە دەتوانن بیبینن وێنەدانەوەی ڕوخساری خۆیانە لە ئاوێنەیەکی بینراودا، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەسوودن و دەتوانن خۆشگوزەرانی دابین بکەن، بەڵام تەڵەن!

سەرچاوە : ماڵپەڕی ترانسکولتور