پەیوەندیەکانی رۆشنبیرو دەسەڵات

هاوڕێ جەمال

   

کاتێک باس لە پەیوەندی ئەکەین، دووجەمسەر دێنە پێشچاو، جا ئەو دوو جەمسەرە ھاوسەنگن یا تای تەرازووەکە بەلایەکیاندا کەوتووە؟، دژ بەرن یا ھەماھەنگ؟ ئەمانە جێی لەسەر وەستان ئەم بابەتەمان نین.
سەروەختێکیش باس لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و رۆشنبیر دەکەین، گرنگە بزانین کە دەسەڵات وەک ئامرازێک بۆ مۆنۆپۆلکردن و لە قاڵبدانی کۆمەڵگە بەدرێژایی تەمەنی خۆی، ھیچ کاتێک نەبووە، گومانی لە ئاکت و بڕیارو تەنانەت بۆچوونەکانی خۆی ھەبووبێ، بەڵکو بەردەوام بە یەقینێکی عیارە بیست و چوارەوە لە خۆی روانیوە، ھەر ئەمەش خاڵی ھەرە جەوھەری جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ رۆشنبیر.
کاتێک رۆشنبیر ئەدوێنی لەجیاتی یەک رەھەندو یەک مانا بۆ رووداوەکان، کۆمەڵێک رەھەند و مانا ئەبەخشێتە مۆتیڤی پشت رووداوەکان، جەوھەری ئەم بیرکردنەوەش لەوێوە سەرچاوەدەگرێ، کە رۆشنبیر باکی بەوە نیە لە دەربڕینەکانیدا کێ لە خۆی رازی بکاو کێ لە خۆی بتۆرێنێ، بەڵکو ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە ئەوەیە؛ کە تا چەند بابەتیانەو دوور لە دەمارگیری ئایدیۆلۆژی راڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکا.
بەپێچەوانەی دەسەڵاتەوە، کە ھەمووکات بۆ ھەنگاوەکانی خۆی، خوودی خۆی دەکاتە قیبلە نما، و وەک سەنتەرێک لەخۆی دەڕوانێ، ھەر ئەمەشە وا لە دەسەڵات ئەکا کە ھەر ھەنگاوێک دەنێ بە سەروەری بۆ خۆی دەنووسێتەوە، باش بکا بەلای خۆیەوە باشە، و خراپیش بکا بەلای خۆیەوە ھەر باشە.
پرسیاری جەوھەری لێرە ئەوەیە، گەر ئەم دوو جەمسەرە ئەوەندە لێک دووربن (دەسەڵات و رۆشنبیر)، ئەی لە کوێ دەکرێ بەیەک بگەن؟ یاخود ھیچ گوتارێکی ھاوبەش ھەیە ئەم موجەب و سالبە بەیەکەوە کۆبکاتەوو.
ئەم پرسیارە ھێندەی گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە ئەو پنتەی تێگەیشتن کە کۆمەڵگە بێ ھیچ کام لە دەسەڵات و رۆشنبیر ھەڵناکاو بێ بوونی ئەم دوو جەمسەرە کۆمەڵگەیەکی ناھاوسەنگە ھێندە پەرۆشی ئەوەنەبین خاڵی بەیەکگەیشتنیان بۆ دروستبکەین.
چونکە ئەوەی داینەمۆی جووڵەو بەردەوامی گەشەی کۆمەڵگەیە، ھەبوونی سەربەخۆی ئیشکردنی ھەریەکە لە دەسەڵات و رۆشنبیرە نەک بەیەک گەیشتن و پێکەوە کارکردنیان، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ بەو رەھاییە بدوێیین، کە ھیچ خاڵێک نیە تێیدا رۆشنبیر بە دەسەڵاتەوە ببەستێتەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی گوتاری رۆشنبیر باڵاکردنی کۆمەڵگەو ھەنگاونانێتی بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر لەوەی ئێستا، قۆناغێک کە دابڕانێکی گشتگیر بێ لە بواری فیکرو بیرکەدنەوەی تاکەکان بۆ ژیان و پەیوەندیەکانیان لە گەڵ دەسەڵات.
ئەو تێگەیشتنەی سەرەوە بەو مانایەی ئەکرێ رۆشنبیر لەو شوێنانە ھەماھەنگ و ھاوکاری دەسەڵات بێ، کاتێک دەسەڵات خواستی گۆرانکاری ھەبوو بەڵام رێگری کۆمەڵگە ئاستەنگ بوو لەبەردەم ئەو گۆڕانکاریەدا، رەنگە ئەم حاڵەتە زیاتر لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەدیاربکەوێ، کە بۆشاییەکی فروان ھەیە لە نێوان رۆشنبیریی نوخبەی دەسەڵات لەگەڵ رۆشنبیریی گشتی کۆمەڵگە، بە نموونە کاتێک دەسەڵات بەھەر ھۆکارێک ئەیەوێ ھەژموونی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیای ئایینی لەسەر سێکتەرەکانی ژیان کەمکاتەوە، لێرە ئەرکی رۆشبیرە پاڵپشتی ئەم ھەوڵەی دەسەڵات بکا، لەولاشەوە ئەبێ رۆشنبیران پێش بەرەی ئۆپۆزسیۆن، خۆیان بەخاوەنی گوتاری رەخنەیی لە دژی دەسەڵات بزانن، و ھەماھەنگ بن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کە بۆ ھەر مەبەستێک بێ مەبەستیانە ئاشتیانە ئاڵوگۆڕ بە دەسەڵات بکەن.
رۆشنبیر جوگرافیایەکی دیاریکراوی نیە، وەک دەسەڵات تاوەکو لێیەوە ھێرش و بەرگریبکا، ئەوەی ئەو دەبەستێتەوە بە قەڵایەک بۆ جەنگان، بیرو ھزرە رەخنەگرانەکەیەتی، لێرەوە چ ئەجێندایەک خزمەتی بەو گوتارە رەخنەییەکرد دەکرێ و ئاساییە رۆشنبیران پشتیوانی بکەن، و لە ھەر لایەکیشەوە دژایەتی کرا ئەمان سەنگەری رەخنەی لێ قایمترکەن.
تێگەیشتنی ئێمە بۆ رۆشنبیر تەواو پێچەوانەی ئەو دابەشکارییەیە کە فەیلەسوفی ئیتاڵی (ئەنتۆنیۆ گرامشی) ١٨٩١—١٩٣٧، بۆ رۆشبیران کردوویەتی، واتە رۆشنبیری کلاسیک و رۆشنبیری ئۆرگانی، بەپێی بۆ چوونی گرامشی رۆشنبیران دابەشدەبن بەسەر دوو جۆر، جۆری یەکەمیانی بە رۆشنبیری کلاسیک ناوزەدکردووە، کە پێی وایە ئەوانەن کە خۆیان لە کۆمەڵگا جیادەکەنەوەو وەک نوخبەیەک خۆیان نمایشدەکەن، کە لەسەرو کۆمەڵگاوەبن و خۆیان لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە ناگلێنن. جۆری دووەمیان بەپێی تێڕوانینی گرامشی کە ناوی لێناوون رۆشنبیری ئۆرگانی ئەوانەن، کە بەردەوام لەپشت چینی جووتیارو کرێکارانەوەن، و زۆرجار رابەرایەتی شۆڕش و نارەزاییە جەماوەرییەکان دەکەن.
ئەمڕۆ پێویستمان بەو تێگەیشتنەیە لە چەمکی رۆشنبیر، کە رۆشنبیر وەک ھەر مرۆڤێکی ئاسایی خولیاو خەوی خۆی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئەو لە مرۆڤێکی ئاسایی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە خولیاو تێڕوانینەکانی دەکاتە پاڵنەرێک بۆ گۆرانکاری، لێرەوە رۆشنبیر ھەڵگری پێناسەیەکی شەفافە بەسەر وەزیفەکۆمەڵایەتی و چینایەتیەکانەوە، بە نموونە دەکرێ مامۆستایەکی ئایینی رۆشنبیربێ، ھەروەک دەکرێ پزیشکێک، ئەندازیارێک ، پارێزەرێک ، کاسبکارێک، بازرگانێک، جوتیارێک..... رۆشنبیر بێ.
گرنگی ئەم تێگەیشتنە بۆ چەمکی رۆشنبیر، لەوەوەیە کە چیدی کۆمەڵگە چاوی لەسەر نوخبەیەک یا کاریزمایەک نیە بۆ گۆرانکاری، بەڵکو ئەوەی داینەمۆی گورانکاریە خودی کۆمەڵگە خۆیەتی، دەکرێ ھەر ئەم تێگەیشتنە کۆمەکمان بکا بۆ تێگەیشتن و راڤە کردنی دەقێکی قورئانی وەک (إِنَّ اللَّهَ لا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِمْ).

سەرچاوە : ئاوێنە