"پەیوەندی وەرزش و ئابووری و سیاسەت" چاپ كرا‎‎

كتێبی"پەیوەندی وەرزش و ئابووری و سیاسەت"، لە نووسینی د. شنۆ زاهیر حەكیم، مامۆستای كۆلێژی وەرزش لە زانكۆی سلێمانی، بە تیراژی 500 دانە بە شێوازی رەنگاوڕەنگ لە چاپخانەی كارۆ چاپ كرا  و ئێستە لەبەر دەستی خوێنەردایە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكە د. شنۆ زاهیر حەكیم بە "وشە"گوت، وەرزش یەكێكە لە چالاكییە چێژبەخش و بەربڵاو و دیارەكانی كۆمەڵگەی هاوچەرخ، ئەم بوارە تەنیا بریتی نییە لە كۆمەڵێك چالاكی و جووڵە و یاری، بەڵكو زۆربەی لایەنەكانی ژیانی مرۆڤی گرتووەتەوە و بووە بە بەشێكی دانەبڕوە لە واقیعێك كە بەستراوەتەوە بە بوارەكانی تەندروستی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، سیاسی، ئابوری و زۆر بواری تر.

زیاتر گوتی، لەو چوارچێوەیەدا لە روانگەی سەرەكیی بۆ شیكردنەوەی رۆلی وەرزش لە كایەكانی ژیان، تیشك دەخەینە سەر  دوو زانستی گرنگی پێوەست بە ژیان كە ئابووری و سیاسەتن، ئێستە وەرزش تەنیا بایەخ بە لایەنی تەندروستی و دەروونی و كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی جەستە نادات، بەڵكو وەك ئامرازێكی بەهێزی سیستمی سیاسی و ئابووری دادەنرێت، هەروەها هەندێكجاریش وەك ئامرازێكی سەرقاڵكردنی خەڵك بەكار دەهێرێت بە ئامانجی دوورخستەوەیان لە گوشاری كێشە سیاسی و ئابوورییەكان.

"لێرەوە تیشك دەخەمە سەر ئەوەی كە ئایا پێوەندی وەرزش لەگەڵ ئابووری و سیاسەت چییە؟، بێگومان ئێستە وەرزش بووە بە بازاڕ و ریكلام و ماركیتینگ، چونكە دەتوانێت جووڵە و هێزێكی زۆر بداتە ئابووری هەر وڵاتێك، هاوكات لە بواری میدیادا، كە پێی دەگوترێت میدیای وەرزشی، قازانج و پارەی زەبەلاحی تیادا بەگەڕ دەخرێت، بەداخەوە لە كوردستان ئەم جۆرە میدیایە نییە"، د. شنۆ زاهیر حەكیم وا دەڵێت.

روونی كردەوە، هاوكات وەرزش و سیاسەت پێوەندییەكی پتەویان هەیە، سیاسەت كە دایكی زانستەكانە و دنیا بەڕیوە دەبات، وەرزش دەتوانێت وەك هێزێكی سارد و نەرم كاریگەری گەورە و مەزنی هەبێت لە خاوبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان زلهێزەكان و بەرپاكردنی تەبایی لە نێوانیاندا.

د. شنۆ زاهیر حەكیم، مامۆستای كۆلێژی وەرزشە لە زانكۆی سلێمانی و چەندان چاپكراوی تری لە بواری وەرزش هەیە و لە شاری سلێمانی دادەنیشێت.

 

سەرچاوە: wishe- مەحموود ئیسماعیل