پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)

پەندەکانی ڕاپەڕینە خوێناوییەکەی ڕۆژی (6. 9. 1930)، بەرهەمێکی دیکەی نوێی نووسەر دوکتۆر (حوسێن موحەممەد عەزیز)ەو کەوتە بازاڕەوە!
ئەم بەرهەمە نوێیە، لە دووتوێی (82) لاپەڕە دایە. شایانی باسە، ئەمە نوێترین بەرهەمی ئەم ساڵی (2022) نووسەرە. تا ئێستەش بە گشتیی، (48) بەرهەمى لە بوارە جیاجیاکانی (زمانەوانیی، وێژەیی، ڕۆژنامەوانیی، یاد و بیرەوەریی، ساتیر، مێژوو، جوگرافیا و جیۆپۆلێتیک، کۆمەڵایەتی، ڕامیاریی و نەتەوەیی)دا بڵاوکردووەتەوە، بە هەمووشی (318. 11) لاپەڕەى نووسیوە.

بەرهەمەکە باسێکی کورتی، هۆکار و ئەنجامەکانی ڕاپەڕینە مێژووییە خوێناوییەکەی، کۆمەڵانی خەڵکی شاری (سولەیمانیی) دەکا، ساڵی (1930)، لەبەردەرکی سەرای شار روویداوە، دژی هەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری ئینگلیز و دەوڵەتی (عێراق) بەرپابووە.

بە شێوەیەکی گشتیی، ئەم زنجیرە باسەی لە دووتوێی ئەم پەرتووکە دایە، پێوەندییەکی گرنگی توندوتۆڵ و ڕاستەوخۆی، بە باری ژیانی کۆمەڵانی خەڵک، ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی (کوردستان)ەوە هەیە. بۆیە چەن پرسیارێ خۆی دەسەپێنێ:

ئەم ڕاپەڕینە بۆچی ڕوویدا؟ کێ هانی ڕۆڵەکانی گەلی دا، ڕاپەڕن؟! کێ سەرپەرشتی کرد؟! کێ بەشداریی تێدا کرد؟! داوای چییان دەکرد؟! ئەنجامەکەی چی بوو؟!

هەڵبەتە ئەم بەرهەمە، زۆر بەر ڕاشکاویی، وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

لێرەدا بەشێکی پێشەکی بەرهەمەکەیتان پێشکەشدەکەین.

(شاری سولەیمانیی، وەک دڵە گەورەکەی کوردستان وایە. چونکە کانگەی کوردایەتیی و خەباتە. هەر وەک هۆنەری نیشتمانپەروەری کوردیش کامەران موکری گوتوویەتی:  شاری هەڵمەت و قوربانییە. بەردەرکی سەرای شاریش، گۆڕەپانی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانە، لەنێو دڵە گەورەکەی شاردا دەژی، تەواوکەری یەکدین و بێ یەکدی هەڵ ناکەن! بۆیە تا شاری سولەیمانیی و کورد بمێنێ، بەردەرکی سەراش، بە خۆی و ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانییەوە، بە خۆی و هەڵمەت و قوربانییەکانییەوە، بە خۆی و ڕۆژە سوورە خوێناوییەکانییەوە، ناوی لە لاپەڕەکانی مێژوودا ناکوژێتەوە!)

تێبینی:

ئەم بەرهەمە، لە پەرتووکخانەکانی (ڕەهەند، غەزەلنووس، جەمال عیرفان) و هێندێ کیوێسکی بەردەرکی سەرا دەسدەکەوێ.

 

سەرچاوە: awene