پێویستیمان بە رێککەوتننامەیەکی دیکەی وەک واشنتۆنە

 

د. عومەر نوورەدینی
د. عومەر نوورەدینی

 

لە دنیای سیاسەتدا کۆتایی شەڕ و جەنگە خوێناوییەکان دەبنە سەرەتا بۆ رێککەوتن و ئاشتی، کۆتایی رێککەوتنەکانیش دەبنە سەرەتای قۆناخێکی دیکە لە جەنگ و شەڕ. رێکەوتی 17ـی ئەیلوولی 1998 ئەو رۆژەی رێککەوتننامەی واشنتۆن لەنێوان پارتی و یەکێتی بەنێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی لە واشنتۆن واژۆکرا و خاتوو مادلێن ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا وەک شاهید واژۆی کردووە، نموونەیەکی زیندووە بۆ کۆتایی شەڕی ناوخۆ و سەرەتای وێستگەیەکی گرنگی ئارامی و ئاشتی لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کوردستاندا.

رێککەوتننامەی واشنتۆن کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە سێی رۆژی 15-2-2002 پەسەندکرا و رەوایی پەرلەمانی پێدرا، چەندین لێکەوتە و دەرهاویشتەی باشی بۆ گەل و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا، لەوانە:

یەکەم: بەرجەستەکردنی زەوینەی سیاسی گونجاو و هێنانە ئارای هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی گوتار رەفتاری سیاسی بۆ رووخاندنی رژێمی بەعسی شۆڤێنی لە عێراق.

دووەم: باڵکێشانی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و زیاتر بووژانەوەی متمانەی سیاسیی جەماوەر بە سەرکردایەتیی سیاسی و حیزبە سیاسییە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان.

سێیەم: یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە کار و چالاکیی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری هەموو فراکسیۆنەکانی ئەوکات.

چوارەم: چالاکتربوونی رەوتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.

پێنجەم: مسۆگەریی بەردەوامبوونی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەوکات وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆشحاڵی و پشتیوانییان بۆ رێککەوتننامەکە و پرۆسەی ئاشتەوایی نێوخۆی کوردستان دەربڕی.

شەشەم: مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی دەرهاویشتەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەوەندە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر بوو، لە دۆخی نەمان و داڕووخان نزیک ببووەوە.

سرووشتی رێککەوتننامەی واشنتۆن لە دنیای رێککەوتننامە و پەیماننامەکاندا تایبەتمەندیێکی دەگمەنی هەیە ئەویش ئەوەیە؛ یەکەم جار بوو لە مێژوودا لەسەر دەستی دەوڵەتە سەرکردەکەی سیستەمی جیهانی نوێی ئەوکات، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نێوەندگیری و ناوبژیوانی لەنێوان دوو پارتی سیاسیی نەتەوە و گەلێکی بێدەوڵەت لەنێو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە عیراق بوو، بکات و خۆشی وەک شاهید واژۆ لەسەر رێککەوتننامەکە بکات.

لە خوێندنەوە بۆ رێککەوتننامەی واشنتۆن و بەستنەوەی بە رێڕەوی مێژوویی ئەوکات و گرێدانی بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، دەگەینە هەندێ دەرەنجامی بەنرخی وەک:

1- هەرچەندە ئەمڕۆ شوکر بۆخوا شەڕی ناوخۆ لە ئارادا نییە، بەڵام ئێستاش وەک ئەوکات هەڕەشە و مەترسی مانەوە لەسەر هەرێمی کوردستاندا هەن و بەشێکیان زادەی پەرشوبڵاوی و ناتەبایی سیاسی ناوخۆن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە و تێپەڕاندنیان و مسۆگەریی مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، پێویستیمان بە رووح و مانا و جەوهەری رێککەوتننامەی واشنتۆنە.

2- سیاسەت و هەڵوێستی هاوبەش لەنێوان حیزبە سیاسییەکان، تەبایی و یەکگرتوویی سیاسیی ناوخۆ و رێکخراوبوونی نێوماڵی سیاسی کوردستان، بوونی ئامراز و بەرنامەی هاوبەش بۆ هێنانەدیی ئامانجی ستراتیژی، تەنیا درووشمی بێ نێوەڕۆک و روانگەیەکی رووتی ئایدیاڵیستانە نییە، بەڵکو واقیع و ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم درووشم و روانگە سیاسییە، بزاڤی سیاسیی کوردستان و قەوارەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی بەهێز دەکەن و بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان، هەموو پێکهاتەکان، هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان باش بووە و باش دەبێت.

ئێستا مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەوە لە پارتی و یەکێتی و سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەخوازێت، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی رێککەوتننامەی واشنتۆن و واقعی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی گوشراو، لە فۆرمێکی دیکەدا و لەسەر بنەما و ئامراز و ئامانجی نوێ و لە چوارچێوەیەکی سەردەمییانە رێککەوتننامەیەکی دیکەی مێژوویی ببەستن. 

سەرکەوتن لە هێنانەدی ئاشتی و تەبایی نێوخۆیی و دەستپێوەگرتنی، وەک سەرکەوتن لە جەنگ و شەڕدا دژوار و زەحمەتە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

سەرچاوە : ڕووداو