پێشخان و پاشخانی 31ی ئاب

 

جەمال ئارێز

31ی ئاب رۆژی ئاشکرابوونی خیانەتێکە کە بەری هەوڵ و تەقەللایەکی زۆر پێشتری ئەو رۆژەیە.
زۆربەمان هەڕەشەکانی سەردەمی راپەڕینی سێیەم و پاشەکشەی رژێممان لە کوردستان لەبیرە و لەبیرمانە چۆن لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە مەسەلەی ئاڵای عیراقی سەردەمی سەدام و بەعسیان کردە مایەی مشتومڕ و دواجار بەهۆی فراکسیۆنی مۆری پەرلەمانی کریستیانەکانەوە بابەتەکە لەگەڵ خواستی فراکسیۆنی یەکێتی و خەڵکی کوردستاندا هاتەوە و ئەو ئاڵایەی بەعس برایە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان.
پارتی دەستوەردانی ئێرانیان دەکردە پاساوی خیانەتی 31ی ئاب، پێیانوابوو خەڵک ئەوە نازانێت کە لە دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆوە هێزیان لە حاجی ئۆمەرانەوە دەهێنایە سنوورەکانی هەڵەبجە، پێنجوێن، گەرمک، لەرێ لە شارباژێڕی سەخت، قەڵادزێ و لەوێوە پەلاماری هێزەکانی یەکێتییان دەدا و تۆپبارانیان دەکرد و دوای شکاندنیان ئاودیو دەبوونەوە.
پێیانوایە خەڵک بەو دوعایە دەڵێت ئامین، کە بە مانگێک کەمتر لە خیانەتی 31ی ئاب، کاتێک وەفدی حزبە کوردستانییەکان دەچنە مەسیف بۆ ناوبژیوانی  و مودەڕەعە و چەکی قورسی تازە وەرگیراو لە بەعس دەبینن پێیان دەڵێن ئەو چەک و ئالیاتە عیراقییانە چین؟ سەرکردەیەکی پارتی بێباکانە دەڵێت: «بۆ مانەوەی خۆمان دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ دەکەین».
ئەوەی لە 31ی ئاب بینرا بەرەنجامی هاوکارییەکی درێژخایەن بوو لەگەڵ رژێمی بەعس نەک زادەی (22 بۆ 31 ی ئاب) وەک خۆیان ئیدیعایان دەکرد.
31 ی ئاب راستە رۆژی کەوتنی دەمامکەکە و ئاشکرابوونی پەیوەندییەکە بوو، بەڵام ئاشکرابوونەکە نەبووە لەکەی شەرمەزاری لای خۆیان، بەڵکو بووە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ، قۆناغی سڵنەکردنەوە بوو لە پەلکێشکردنی هێزی بێگانە و وڵاتانی ئیقلیمی، بۆیە لە گەردەلوولی تۆڵەی یەکەمدا لە 13/10 تا 30/10/1996 دووبارە سوپا و ئالیاتی رژێمی بەعسیان کردەوە بە فەرخە گورگەکە بۆ هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی قورستر لەوەی 31ی ئاب و لە گەردەلوولی تۆڵەی دووەمیشدا لە مانگی 10 و 11ی ساڵی 1997 پەنایان بردە بەر هێزی تورکیا و بەبێ گوێدانە هیچ، خیانەتەکەیان روونتر دووبارە کردەوە و فڕۆکەی ئێف 16یان هێنایە سەر یەکێتی. 
کورد واتەنی حەیا قەترەیەکە کە تکا دەتکێ، چونکە ئەگەر ئەو خیانەتە لای ئەو حزبە نەبووبێتە پڕەنسیپ، تا ئەم ساڵانەی دواییش هەندێک لە پارتییەکان شەرمیان لە ژمارە 31یش دەکرد و پاساوی لابەلایان بۆ خیانەتەکە دەهێنایەوە، بەڵام هەنووکە لە ئاستی باڵادا نەک هەر پاساوی بۆ ناهێننەوە، بەڵکو بە گەورەتەین شانازیی و سەروەریی و (حیکمەت)ی سەرکردایەتییەکەیانی وەسف دەکەن.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ