پیشە دەستییەكان كەلتور و شارستانییەتی باو باپیرانمانە، كە لە رابروودا جوانكاری و دەستڕەنگینی ئەوانی تێدا رەنگی داوەتەوە و بۆتە بنەمایەكی ئەفراندن لە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤی كوردا.
پێویستییەكانی جاران
جاران مرۆڤی كورد پێویستییەكانی ژیانی خۆی لە چوارچێوەی پیشە دەستییەكاندا جێبەجێ دەكرد، كە هێشتا تەكنەلۆژیا نەگەیشتبووە ئەو ئاستە گرنگەی ئێستای، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و لە پاڵ هاوردەكردنی كەرەستەكان لە دەرەوە بۆتە هۆی لە دەستدانی ئەو پیشەوەرانە و ئەو پیشانەی كوردەواری جاران، بۆیە ئەو پیشانە بەرەو لەناوچوون دەچن و خەریكە شوێنەواری بە تەواوەتی دەسڕێتەوە.
هەموو شتێكی پەكخستووە
ئازاد محەمەد-ی كورتاندوور لەبارەی ئەم بابەتەوە وتی: من پیشەی كوورتاندوورین لە باو باپیرانمەوە بۆ ماوەتەوە و فێربووم و تا هەشتاكانی سەدەی رابردوو كارم لەم پیشەیەدا كردووە، بەڵام لە ئێستادا ئەم پیشەیە هیچ بەهایەكی نەماوە، هەر چەندە ئێستا خەڵكێكی زۆر ئەسپ و ماین بەخێو دەكەن و پێویستیان بە كوورتان و پێویستیەكانی دەبێت، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەمانە ئێستا بەحازری بەردەستە و لە وڵاتەكانی وەکو ئێران و توركیا و چین و..هتد دێت، ئەمەش گورزێكی كوشندەی لە پیشە دەستییەكانی كوردستان داوە.
بەرهەمە چینییەكان بازاڕیان تەنیوە
فەخرەدین حاجی رەئوف، پیشەی ئاسنگەرییە لە بازاڕی جوت قاوە پێی راگەیاندین: لە رابروودا هەموو كارەكانی ئاسنگەری لە بواری كەرەستەكانی كشتوكاڵ و چەخماخسازی و كەرەستەكانی تر كارمان كردووە بۆ راییكردنی پێویستی خەڵكی، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەم شتانە بەحازری لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەكرێن، ئەوەش گورزێكی گەورەن لە بژێوی ژیانی رۆژانەمان و ئەو پیشەیەی لە باو و باپیرمانەوە دەمانزانی لە ئێستادا بۆتە دەستەمۆی ئەو كەرەستە بیانییانەی لەدەرەوە هاوردە دەكرێن و لەڕووی كوالیتیشەوە نەیتوانیوە بگاتە ئاستی پێویستی كەرەستە خۆماڵییەكان.
كوورەكانیش هاواریانە
حاجی محەمەد نامیق-ی كوورەچیی لە بازاڕی جووت قاوەی كەركوك بۆمان دواو وتی: جاران ئەگەر تەماشای شارەكانی كوردستانت بكردایە لە هەموو شارێكدا بە دەیان كوورەی ئاسنگەری هەبوون و جمەیان دەهات و بە شەو رۆژ كاریان دەكرد، بەڵام ئێستا بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن و ئەوانەشی ماون كارەكانیان دیاریكراوە و لە مانگێكدا بۆ دوو جار كوورەكانیان هەڵناكەن، چونكە ئەو كەرەستانەی ئێمە لە تواندنەوەدا بەكاریان دەهێنین بریتیە لە ئاسن و پۆڵا، بەڵام ئەوەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت جۆرە ئاسنێكی تێكەڵاوە یان زەرد بەكار هاتووە لە دروستكردنیدا.
كوالیتییەكانمان باشە
عەبدوڵڵا-ی دارتاش دەڵێت: من بۆ نزیكەی پەنجا ساڵ دەچێت لە پیشەی دارسازیدا كارم لەگەڵ باوكم كردووە ناوی شكور نەجارە یەكێك بوو لە كەسە بەناوبانگەكانی كەركوك، ئێمە هەموو جۆرەكانی دارسازیمان دروست دەكرد و ناوبانگمان لەدەرەوەی عیراقیش بڵاوببۆوە، بەڵام بەهۆی هاوردەكردنەوە هەر چەنە كوالیتییەكانیان باش نییەو نرخەكانیان لە خۆماڵی هەرزانترە خەڵكەكە پێشوازی لە كەرەستە بیانیاكان دەكەن بۆ ناوماڵەكانیان، كارەكانی ئێمە كوالیتی بەرزو باشن، بەڵام ئەو نرخە بۆ ئێمە دەریناهێنێت كە لە بەرامبەر هاوردەدا دانراوە.
كێ بەرپرسیارە؟
حكومەت بەرپرسیاری سەرەكییە لەم پاشا گەردانییەو رێگەدان بەم هاوردە بێ كوالیتییانە كە دەتوانین بڵێن هەندێكیان تەمەنیان ناگاتە ساڵێكیش، بەڵام درووستكراوەكانی ئێمە هەمانە لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە دروستكراون و تا ئێستا لە ماڵەكاندا بە جوانی ماون و پارێزراون.
راپۆرتی: هێمن ئەحمەد
سەرچاوە: knwe