پیاوێک لە هەور

بەبیانووی پێشانگای تابلۆکانی ژەنەڕاڵی پاییزەوە
یادەوەریی من لەگەڵ شاعیر (موحەمەد عومەر عوسمان) ناسراو بە (ژنەڕاڵى پاییز) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى نەوەتەکان، کە ئەو کات منداڵێکى حەوت بۆ هەشت ساڵان بووم، بەو پێیەى کاکە حەمە لەگەڵ چەند شاعیر و هونەرمەندێکى دیکەى ئەو ڕۆژگارە، هاوڕێى نزیکى باوکم (بەرزان عومەر) بوون.

بێدەنگى و غەمگینییەکەى ئەو دەستەیە لە هاوەڵانى باوکم، بۆ ئەو کاتى من شتێکى سەرنجراکێش بوو، بەتایبەت کە دەمبینین بۆ ماوەى درێژ لە ژوورێکى ماڵى باپیرمدا دەمانەوە و هەندێک ورتەورتی نێوان خۆیان و دەنگی داریوش نەبێت هیچى دیکەیان بۆ کەسیتر نەبوو! من دەنگى (داریوش و شیعر)م بەهۆى ئەوانەوە ناسى.

بڕواناکەم کەس هەبێت کێشەى لەگەڵ شاعیربوونى (موحەمەد عومەر عوسمان)دا هەبێت، شاعیربوونێکی چڕ و بەرجەستە لە تەواوی ژیانیدا، چونکە ئەو لە جۆرى ئەو شاعیرانەبوو، نەک تەنیا لە میانى شیعردا، بەڵکو بۆ خۆى فیگۆرێکى شیعریی بوو، کە زۆرینەى کات بە شەقام و کۆڵان و باخچەکانى شاردا دەگەڕا، هەر لە دوورەوە بە شێوازى جلوبەرگ و ڕۆیشتن و تەنانەت کێشانى جگەرەکەییدا، لانیکەم دەتبینى کەسێکى گشتى نییە، کاتێکیش زیاتر لێت دەڕووانی دەبینی پیاوێک نزیکە لەگەڵ حەسرەتەکانیدا دەبێتە هەور!

پیاوێکى باڵابەرز وەک سنەوبەر، بە پاڵتۆیەکى درێژى کاییەوە کە لە ڕەنگى گەڵاى زەردى دەکرد، قژێکى سپى کە زۆرینەیجار درێژ بەسەر شانەکانیدا پەرش، پانتۆڵێکى قوماشى ڕەش یان قاوەیی... نزیک لە پانتۆڵەکەى مایکۆڤسکى و پێڵاوێکى چەرمى خاوێن لە پێیدا. جگەرەیەک بە دەستى ڕاستییەوە، کە ئەنگوستیلەیەکى زیوى نقێمدار لە یەکێک لە پەنجەکانیدا بوو، پەنجەیەک کە دەتگوت چڵەدارێکى وشکەوەبووە، هەندێک جار دەستبەندێکى زیویش لە مەچەکى باریکى هەمان دەستیدا، شل و شۆڕ دەینواند، بە هەنگاوى درێژ و لەسەرخۆ دەڕۆیشت، بە هێمنى لە دەوروبەرى دەڕوانى و خەمى لە زۆر شت دەخوارد، شتە هەرە فەرامۆشکراوەکان، ئەوانەى زۆرینەى خەڵکى نایانبینن، منداڵێکى دەستگێڕ، ژنێکى پیری کۆمەوەبوو، پیرە پیاوێکى لێقەوماو... تاکو دەگەیشتە دزێوییەکانى دەستەڵات، لەویشەوە بۆ دایکى پاشان ئەو هاوڕێیانەى لە ئەنجامى بێدادى ستەمیان لێکرابوو.

ئەوەى لەویشدا بۆ من هەمیشە جێگەى ڕامان بوو، مرۆڤ بوو، مرۆڤێکى شاعیر، شاعیرێک کە گیانى شیعرەکانى لە گیانى خۆییدا هەڵگرتبووە و بەبێ بوونى هێڵێک لە نێوانى خۆى و شیعردا... شاعیرانە دەژیا، کە دەکرێت بڵێن: موحەمەد عومەر شیعر دەژیا، کە بەداخەوە ئەو شیعر ژیانە لەلاى ئەو ببووە جۆرێک لە بەدبەختى، چونکە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کە بەهاى تاکایەتى مرۆڤ هیچ شوێنێکى نییە، کارێکى سەختە بتوانیت شیعر بژیت! 

ئەو زۆر جیاواز لە زۆرینەى ئەوانەى وەک شاعیر ناسیوومن و پاشان نێوانێکى زۆرم بەدیکردووە لەگەڵ خۆیان و شیعرەکانیاندا، بە ڕادەیەک بۆ ساتێکش هەستم نەکردووە، هەمان ئەو مرۆڤە بن کە ئەو شیعرانایان نووسیوون!

ئەوەى ئێمە لێرەدا خستوومانەتە ڕوو، دیوێکى دیکەى داهێنەرانەى ئەو شاعیرەیە، کە هونەری شێوەکارییە لە ناو ئەو هونەرەشدا نیگارکێشانە، کە من لە زۆرجار لەو جارانەى لەگەڵى دانیشتووم و قسەى کردووە بە ڕوونى پێوەى دیاربووە لە پاڵ شیعرەکانیدا  هاوکات تابلۆکانیشى بۆ گرنگ بوو، بەڵام ئەوەى هەمیشە وەک جۆرێک لە پرسیار لە مندا دروست دەبوو، چۆنە تاکو ئێستا بیرى لە کردنەوەى پێشانگایەک بۆ تابلۆکانى ناکاتەوە؟ بەڵام دواتر بیرم لە تاقانە دیوانەکەى دەکردەوە کە ساڵانێکە چاپى لە بازاڕدا نەماوە و بەشێوەى کۆپى دەستاودەست دەکات و ئەو ئامادە نییە چاپێکى نوێى بکاتەوە، تێدەگەیشتم کە کەسێکى بێباکە لەبەرامبەر نمایشکردنى کارەکانیدا، چ شیعر چ تابلۆ، ئەو بێباکییەش لە بێباکییەکى داهێنەرانەوە سەرچاوەى دەگرن و زۆربوون لەو کەسانەى تواناى داهێنانى گەورەیان هەبووە و کەچى لە چۆنێتى گەیاندنى داهێنانەکانیان بە ئەوانیتردا بێباک و کەمتەرخەم بوون، بەو جۆرەش خەڵکى بە تامەزرۆییەوە گەڕاوە بە شوێن بەرهەمەکانیاندا،بە پێچەوانەى زۆرینەى ئەوانەى زۆر لە بەردەست و چاودا بوون خەڵکى پێشوازییەکى ئەوتۆى لێنەکردوون، لێرەدا ئەو ئیدیۆمە کوردییە هەڵدەوەشێتەوە کە پێى وایە: ئەوەى لەبەرچاوانە لەبەر دڵانە، لانى کەم بۆ کارە داهێنەرەکان ئیدیۆمێکى تەواو نییە، ئەوەتا ئێمە پاش مەرگ و بەو هەموو نادیارەى ڕەهەندیی شێوەکاریی ژەنەڕاڵ دەستمان داوەتە کۆکردنەوە و بە ئەرشیفکردنى نیگارەکانى، کە لەو بڕوایەدام کارێکى باش بێت و مانایەکى گەورەى لەلاى کەسانى خۆى هەبێت و هاوکات دێکۆمێنتێکى باشیش بێت بۆ ئەو کەسانەى لە بەرهەم و ژیانى دەکۆڵنەوە چ وەک شاعیر، چ وەک شێوەکار.

لە یەکێک لەو جارانەى سەردانم کرد بۆ شوقەکەى لە گوندى ئەڵمانى، لە یەکێک لە ژوورە چۆڵەکانى ئەوێدا چەند تابلۆیەکى نوێى نیشاندام کە وتى: هەندێکیان تۆزێکیتر کاریان ماوە، ئەگەرچى من لەو کەسانەم ئیشەکانم لە سەرەتادا کێشەیان نییە، بەڵام دواتر کە زیاتر دەستکارییان دەکەم دەبنە یەک پارچە کێشە، تاکو ئەو ئاستەى چیتر ئیشەکە بە کەڵک نامێنێت، یەکێک لەو تابلۆیانەى لەو ڕۆژەدا بینیم کارێک بوو ڕووبەرێکى زۆرى لە ڕەنگى سور پێکهاتبوو، کە ڕەنگێکە هونەرمەندانى ئەو بوارە هەروا بە ئاسانى ناتوانن ڕووبەرى زۆر کارێکیانى بۆ تەخان بکەن، ئەمەش لە ڕووى ڕوانین و بنەماکانى ڕەنگ و دونیابینییەوە هۆکاری خۆى هەیە و ئەم نووسینەى تایبەت نییە بەو باسە، بەڵام لەبیرمە سەرجەمى کارەکان ڕەهەندێکى پاییزانەیان تێدا بەجەستە دەبوو، بۆ ئەوانەى کە شیعرى ئەویان خوێندبێتەوە هەر بە بینینیان دەزانێت کە ئەمانە کارى هەمان ئەو کەسەن، یاخود کەسێکە کە کاریگەرە بە دونیا تایبەتەکەى ئەو کە ڕوانینە لە ژیان لە پەنجەرەى پاییزەوە.

ئەوەى گرفتى سەرەکى کاکە حەمە بوو لە بوارى نیگارکێشندا، ئەوەبوو کە نەیدەتوانى بۆ ماوەیەکى درێژ کارەکانى هەڵبگرێت، بەڵکو وەکو خۆى دەیگوت پاش ماوەیەک بە هەر هۆیەک بێت لە ناویان دەبات، کە ڕەنگە ئەوەش لە نیگەرانییەکى هونەرمەندانەى ئەوەوە سەرچاوەى گرتبێت، چونکە کاتێک لێم پرسى: بۆچى؟ گوتى: چونکە بەتێپەڕبونى کات لەبەرچاوم دەکەوێت و هەستەکەم دەتوانم کارى باشتر بکەم. لەو نێوەدەدا خەسڵەتێکى ئەو وەک هونەرمەندى شێوەکار یارمەتیدەرێکى باش بوو بۆ ئەوەى لانى کەم ئەمڕۆ ئێمە بتوانین بەشێک لە کارەکانى کە زۆر کەمترن لەوانەى کردوونى، بەمجۆرە لە  یەکدا کۆبکەینەوە، ئەویش بریتییە لە بەخشینى تابلۆکانى بە کەسانێک کە مەبەستى بووبێت، ئەمەش بۆیە وەک تایبەتمەندییەکى ئەو دێتەبەرچاو چونکە زۆرجار لە هاوڕێ شێوەکارەکانمدا بیونیومە کە قورسترین داواکاریى بۆیان ئەوە بووە تابلۆیەکیان ببەخشنە کەسێک، بەو تابلۆیانەشە کە فرۆشتوویانن، هەر نەبێت مەبەستیان بووە بزانن بە کێى دەفڕۆشن؟ بۆ چ مەبەست و چ شوێنێکى دەوێت؟ ئەگەر ئەمانەیان لەلا پەسەند نەبووبێت ئەگەر زۆربووە تابلۆکەى بە پارەیەکى زۆریش پێنەفرۆشن، تێگەیشتن لەوەش ئاسانە، چونکە هونەرمەندان هەستى دروستکەێکیان هەیە، وەکچۆن دایکێک لە ئەنجامى هەمان هەست ئامادە نییە منداڵەکەى ببەخشێتە هیچ کەس، ئەگەر بۆ ماوەیەکى کاتیش بێت پێویستە بزانێت لاى کێ دەبێت و بۆچى و شوێنى کوێ دەبێت؟ وەهاش زۆرجار هونەرمەندانى نیگارکێش تابلۆکانیان وەک منداڵێکى خۆیان دێتە بەرچاو، بەڵام ئەو بەخشینە لاى کاکە حەمەش وەها ئاسان نەبوو، وەکو پێشتریش سەرنجم خستەسەر بەخشین بۆ کەسانێک کە مەبەستى بووبێت، خۆشبەختانە بۆ خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم کە دوو تابلۆى قەبارە بچوکى خۆى پێبەخشیم، بەڵام باش لە بیرمە بەخشینێکى ئاسان نەبوو، چونکە جگە لەوەى  هەمیشە منى وەک برازایەکى خۆى تەماش دەکرد، بەتایبەت پاش مەرگى باوکم کە دەیگوت: ئێمە لە بەرزان تۆمان بۆ بەجێماویت. هاوکات بۆخۆى هات لەگەڵم بۆ ماڵەکەم کە ئەو کات شوقەیەک بوو، تاکو بزانێت لە کوێدا و چۆن و بەچى تابلۆکان هەڵبواسێت، منیش لە بەرامبەر ئەو بەخشینەى ئەودا هەتاکو ئێستاش هەردوو تابلۆکەم لە ڕیزى شتە تایبەت و خۆشەویستەکانم پاراستوون.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم: ئەوەندەى مافم بەم کارەوە هەبێت، بۆ ئارشیفکردنى تابلۆکانى (موحەمەد عومەر عوسمان)دا بە دڵنیاییەوە لە پێناو ئەو خۆشویستییەدایە، کە ئەو بە منى دەبەخشنى وەک کەسێکی نزیک و کى دڵسۆز، لە پێناو ئەو ڕۆژانەى منداڵیمدایە، کە شیعرەکانى (لە غوربەتا)م دەخوێندنەوە و بەقوڵى لە وشەکانى ڕادەمام، لە پێناو سەلیقە و ئاستى داهێنەرانەى ئەودایە لە شیعر و لە تابلۆکانیدا، کە بە هیوام ببەێتە مایەى ئاسودەیی زیاترى گیانى پاک و بەرزی.

 داستان بەرزان
Jun 21, 2022

 

سەرچاوە: galawej