نەزەند بەگیخانی، خانمە شاعیری کورد لە فەرەنسا دەستپێشخەرییەکی بۆ پشتیوانی لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی راگەیاند کە بە هاوکاریی شاعیری فەرەنسی نیکۆڵ باریێر دەستیپێکردووە.
پڕۆژەکە بەناوی "ژینابەندان. ژن، ژیان، ئازادی"ـەوەیە و زیاتر لە 30 شیعر بۆ (ژن، ژیان، ئازادی) نووسراون و بەشێک لە شیعرەکان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون، شیعرەکان بە ڤیدیۆ و کتێب بڵاودەکرێتەوە.
نەزەند بەگیخانی، شاعیری کورد لە فەرەنسا لەبارەی پڕۆژەکە رایگەیاندووە: "ژینابەندان: ژن، ژیان، ئازادی" پڕۆژەیەکی شیعریی فەرەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروستکراوە. پڕۆژەکە بە دەستپێشخەریی خۆی و بە هاوکاریی شاعیری فڕەنسی نیکۆل باریێر دەستیپێکردووە.
سەرەتا هەردوو شاعیر بانگەوازییان لە فەرەنسا ئاراستە شاعیرانی فەرەنسی و فرانکۆفۆن کرد، داوایان کرد هەر شاعیرێک شیعرێک بنووسێت و پێشکێشی ئەو پڕۆژەیەی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی چەوسانەوە و بۆ ئازادی و رزگاری.
پڕۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە 30 شیعر بۆ "ژن، ژیان، ئازادی" نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراونەتە بۆ زمانی کوردی.
پڕۆژەکە بە دوو شێوە بڵاودەکرێتەوە، یەکەمیان لە ڤیدیۆیەکدا کە 10 دەقی شیعری لەخۆ دەگرێت و بە ژێرنووسی کوردی لە ماوەی 10 خوولەکدا پەخش دەکرێت، ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە 25ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکرێتەوە.
هەرچی بەشی دووەمی پڕۆژەکەیە ئەوا لە کتێبێکی شیعری بە زمانی فەرەنسی و لە دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتوور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات، کە شاعیر نەزەند بەگیخانی سەرپەرشتی دەکات، چاپ دەکرێت.
لە راگەیێندراوی تایبەت بە پڕۆژەکەدا هاتووە لە کتێبەدا نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکییەک دەنووسن کە باس لە رەگ و دەستەواژەی ژینابەندان و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە بزووتنەوەی سیاسی کوردییەوە سەریهەڵداوە، دەکەن.
لەو پێشەکییەدا باس لە بارودۆخی کورد و ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن، لەگەڵ ئەو چەوساندنەوە هەمەجۆرانەی لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و جێندەرییەوە لە ئێران لەسەر دەستی سیاسەتمەدارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری رووبەڕووی دەبنەوە. ژنان بە گشتی لە ئێران رووبەڕووی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و تووندڕۆیی ئیسلامیی سیاسی دەبنەوە، بەڵام ژنانی کوردستان زۆر زیاتر لە ژنانی فارس دەچەوسێنرێنەوە و چەوساندنەوەکان تێکهەڵکێشن و دۆخی نەتەوەیی و بێ دەوڵەتی و پەراوێزخراوی و دابڕان لەخۆدەگرن.
لەبارەی ناوی پڕۆژەکەش کە "ژینابەندان"ـە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئەو وشەیە وشەیەکی لێکدراوە لە ناوی ژینا (مەهسا ئەمینی) و بەندان پێكهاتووە، بەندان لە وشەی خەنەبەندان-ـەوە وەرگیراوە کە ئاهەنگی کۆتایی ژیانی کچانە و چوونە ناو قۆناخێکی نوێیە لە ژیانی ژنان.
ژینا ئەمینی، کچێکی کوردی دانیشتووی سەقز بوو، رۆژی 13-09-2022 لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیراکرا، بەڵام لە گرتووخانە تەندروستی تێکجوو و گواسترایەوە نەخۆشخانە، ژینا لە 16ی مانگ گیانی لەدەستدا، باوکی دەڵێت، لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.
لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمنی، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و تائێستاش بەردەوامە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە (هرانا) لە خۆپێشاندانەکاندا زیاتر لە 430 کەس بە تەقە یان ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
سەرچاوە: rudaw- هێمن بابان ڕەحیم