پسپۆڕێک رێگەیەکی خێرا بۆ کێشدابەزاندن ئاشكرادەکات

 

 

شکار رێبوار

دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکار - د. ئیبراهیم رەباتی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ. وێنە: رووداو
دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکار - د. ئیبراهیم رەباتی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ. وێنە: رووداو

 

 

پسپۆڕێکی تەندروستیی کۆمەڵ- بەشی خۆراک ئاشکرای دەکات، گەنجێک دەتوانێت لەمانگێکدا بە وەرزش و پارێزیی خۆراک 10 بۆ 12 کیلۆگرام لە کێشی داببەزێنێت، رێگەی خێرا بۆ کێشدابەزاندنیش رووندەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی نیسانی 2024 د. ئیبراهیم رەباتی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ- بەشی خۆراک لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، تێکچوونی هۆڕمۆنەکان هۆکارێکی بەربڵاوە بۆ قەڵەوی، هاوکات گوتیشی، ''لەسەردەمی ئێستا کێشەی سەرەکیی هەموو تاکێکە''.

د. ئیبراهیم رەباتی، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ- بەشی خۆراک دەڵێت: پێویستە هۆکاری قەڵەوبوون بدۆزرێتەوە، ئینجا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە بکرێت کە ئەمەش لەلایەن پزیشک پسپۆڕەوە دەبێت.

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، قەڵەوی هۆکارێکە بۆ هەریەک لە نەخۆشییەکانی 'سەوەفان، کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر، نەخۆشییەکانی دڵ و بڕبڕەکانی پشت'.

ئەو پسپۆڕە لەبارەی گەنجێک کە توانیویەتی بە نۆ مانگ 55 کیلۆگرام لە کێشی داببەزێنێت گوتی، گەنجان زۆر بە ئاسانی دەتوانن کێشی خۆیان داببەزێنن و دووربکەونەوە لە نەشتەرگەریی بڕینی گەدە و بەکارهێنانی دەرمان، چونکە چەندان کاریگەریی لاوەکیی درێژخایێن لەسەر جەستەیان بەجێدەهێڵێت. 

د. ئیبراهیم رەباتی باسی رێگەیەکی خێرا بۆ کێشدابەزاندن دەکات و دەڵێت: ''گەنجان دەتوانن بە وەرزش و رێژیمی خۆراکی لانیکەم لەنێوان دوو تاوەکو شەش مانگ کێشیان داببەزێنن''.

ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: لەگەڵ پارێزیی خۆراک پێویستە وەرزش بکرێت، تاوەکو پێست و ماسوولکەکان دوای کێشدابەزاندن کێشەیان بۆ دروستنەبێت و وەکو خۆیان بمێننەوە.

تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکات، گەنجێک دەتوانێت لەمانگێکدا بە وەرزش و پارێزیی خۆراک 10 بۆ 12 کیلۆگرام لە کێشی داببەزێنێت، بەڵام لەژێر رێنوێنیی پزیشکدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی نەشتەرگەریی بڕینی گەدە دەکات و دەڵێت: ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بڕیاری کۆتاییە بۆ خۆلاوازکردن و نابێت لە هەنگاوی یەکەمی خۆلاوازکردن ئەنجامبدرێت، چونکە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت کە کەسەکە بە وەرزش و خۆراک کێشی دانەبەزێت و لەژێر راوێژی پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری نەشتەرگەرییەکەی بۆ بدرێت.

 

سەرچاوە : ڕووداو