پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ

ناوی تەواوی (عیزەدین كوڕی مەلا مستەفای سەفوەت كوڕی حاجی مەلا رەسوڵی دێلیژە)یە، لە ساڵی 1934 لە گەڕەكی دەرگەزین لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەكی ئایینی و خوێندەوار لە دایكبووە، حاجی مەلا رەسوڵی باپیری یەكێك بووە لە زانا ئایینیەكانی دەوری حكومەتی مەلیك مەحموود، كاربەدەستانی ئەوسا گوێان لێگرتووە. مەلا مستەفای باوكی، مەلا بووە لە سلێمانی هەر خەریكی خوێندنەوەو تەسەوف بووە، سەرەتا عیزەدین لە حوجرەی باوكی لە گوندی (دێلێژە) خوێندوویەتی، لە ساڵی 1939 لە قوتابخانەی (غازی) وەكوو گوێگر وەرگیراوە، بۆ نیوەی ساڵ، چونكە زۆر وریاو زیرەك بووە كراوە بە قوتابی و بۆ سەری ساڵ بە یەكەم دەرچووە لە پۆلەكەی خۆی و قۆناغی ناوەندی تەواو كردووە، باوكی داوای لێكردووە بچێتە بەغدا (شریعة) بخوینێ و ببێتە مەلا، لە شەریعە خوێندویەتی بەڵام لە بەر چالاكی سیاسی دەركراوە و گەڕاوەتەوە سلێمانی، ساڵێك چۆتە پۆلی چواری بەشی زانستی (علمي) بۆ پۆلی پێنجەم چۆتە بەشی وێژەیی (ادبي) تەواوی كردووە. لە ساڵی 1951 چۆتە بەغدا لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە و ساڵی 1952 بەشداری لە ڕاپەرینەكەی بەغدا كردووە و بریندار بووە و لە خانەی مامۆستایان دەركراوە، دیسان دەگەڕێتەوە شارەكەى خۆی و لە بەڕێوەبەرایەتی )ملاریا( بە كرێكار دادەمەزرێ، لە ڕێگای باوكی و چەندكەسانێك دەكرێتە مامۆستا لە قەڵادزێ، بەڵام دیسان بە هۆی سیاسی دەركراوە، لە ژێر فیشاری )متصرف( ی سلێمانی ئەو كات كوردستان وعێراق بەجێدێڵی و دەچێتە شام لەوێ دەست بە خوێندنی زمانی عەرەبی دەكات لە كۆلیژی ئاداب، تا پۆلی سێ دەخوێنێ و لە گەل هەڵگیرساندنی شۆرشی 14ی گەڵاوێژی 1958 دێتەوە بەغدا لە پۆلی سێەمی خانەی مامۆستایان دەخوێنێ و تەواوی دەكات و دەبێتە فەرمانبەر لە بەرێوەبەرایەتی خوێندنی كوردی كە ئەو سال تازە دامەزرابوو. لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم قوتابیەكی زۆر رەوانەی سۆڤیەت كراوە بۆ خوێندن عیزەدین یەكێك بووە لەو قوتابیانە، پاش تەواو كردنی خوێندن لە گەڵ (كەمال مەزهەر و نەسرین فەخری) دەچێتە (باكۆ) و لە 24 / 6/ 1963 پلەی دوكتۆرای بە دەستهێناوە و چۆتە (صۆفیا) پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتی كردنی رادیۆی نهێنی دەنگی عێراق - لە سەر داخوازی حیزبی شیوعی عێراقی -. ساڵی 1965 بۆتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراقی لە بارەگای سەركردە مەلا مستەفای بارزانی بووە و دواتر بە هەوڵێكی سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی بۆتە مامۆستا لە بەشی كوردی كۆلیژی ئادابی زانكۆی بەغدا. ساڵی 1979 چۆتە مۆسكۆ بۆ درێژە دان بە خوێندن پلەی دوكتۆرا و پرۆفیسۆری وەرگرتووە. دوكتۆر عیزەدین یەكێكبووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نووسەرانی كورد یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی كورد بە قەلەمی دوكتۆر عیزەدین نووسراوە، دەستەی دامەزرێنەر 11 كەس بووینە جەمال بابان بۆتە سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر، پاش 11 ئاداری ساڵی 1970 كە نووسەرانی شاخیش دەگەڕێنەوە بە هەڵبژاردن د.عیزەدین بە (63) دەنگ دەبێتە سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد. ساڵی 1974 لە هەولێر كۆنگرەی یەكیەتی نووسەران دەبەسترێ و شەهید سالح یوسفی دەبێتە سەرۆك و دوكتۆر عیزەدین جێگری سەرۆك، لەو ماوەیەی كە جێگری سەرۆك بووە زۆر لە گیروگرفتی یەكێتی نووسەرانی چارەسەر كردووە.
د. عیزەدین هەندێ نووسین و وەرگێڕانی لە رۆژنامەی (دیوار) بڵاوكردۆتەوە، هێشتا هەر قوتابی بووە لە خانەی مامۆستایان لە بەغدا بۆتە رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (الاهالی)، لە رۆژنامەی (ژین)یش چەند 
بابەتی بڵاوكردۆتەوە.
 د. عیزەدین هەموو ژیانی خۆی لە گەڵ قەلەم و كاغەز و نووسین بردە سەر تا دوا نەفەسی ژیانی هەر نووسی، زیاتر لە (86) بەرهەمی ئەدەبی جۆراوجۆر بە زمانی كوردی و عەرەبی نووسیووە و لە چاپی داون و بڵاویكردۆتەوە، لەوانە (ئوستاد كارێكی ئەدەبیە، ئەحمەدی خانێ شاعیر و بیرمەند - فەیلەسوف و سۆفی، ئەدەبی فۆلكلۆری كوردی، ئەدەبیاتی نوێ كوردی، المسألە الكردیە فی العراق، بۆ زمان، رازی دووری، سەرنجێ لە زمانی ئەدەبی یەكگرتووی كوردی)- لیكۆڵینەوە - شیعری كوردی - ژیان و بەرهەمی شاعیران (فەقێی تەیران - عەلی بەردەشانی - بەختیار زیوەر)، شێخ رەزای تاڵەبانی، عشرون قصە كردیە - بە هاوكاری لەگەڵ حوسێن عارف، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی فۆلكلۆری كوردی، ممی آلان ملحمە فولكلوریە كردیە، هزر و هەلوێست لای عیزەدین مستەفا رەسول، كورد - كورتە پەیوەندی كۆمەڵایەتی - ئابووری- رۆشنبیری، یادەوەریەكانم بەشی دووەم بیبلۆگرافیای كتێبی فۆلكلۆری كوردی - 1860 - 2004، بەشێك لە یاداشتەكانم بەرگی یەك، بەكر سدقی لە مێژژوی كورد و عێراق). بیرەوەریەكانم لەگەڵ مامۆستام پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول لە ساڵی 1972 تازە لە ئێستگەی كوردی رادیۆی بەغدا دامەزرابووم بە بێژەر بەیانیەكەی سەعات 5/ی زوو دەچوومە (إفتتاح) واتە كردنەوەى ئیزاعە، رۆژێكیان دوكتۆر عیزەدین پێی ووتم : نەجم وا پشووی نیوەی ساڵ نزیكبووە دەچێتەوە هەولێر.. منیش ووتم: نا وەڵا دوكتۆر دەوامم هەیە لە ئیزاعە، ووتی: زۆر باشە من بە نیازم دیوانەكەی ئەحمەدی خانی لە چاپ بدەم و دەست نووسەكەم بە پەلە نووسیووە تۆش دەستخەتت لە نووسینی كوردی زۆر جوانە. بەڵكو بۆم (مبیضە) بكەیت و (تقطیع)یش بكەی، منیش وتم بە سەر چاو دوكتۆر، (كاتی خۆی چاپخانەكانی بەغدا كرێكارەكانی چاپخانە عەرەب بوون دەبوایە دەستنووسی كوردی جوان بنووسرێ و تەقتیع بكرێ بۆیە لە ماوەی پشووی نیوەی ساڵ بۆم تەواو كردوو لە چاپی داو ساڵی سێیەم كتێبەكەی ئەحمەدی خانی بووە 
مەنهەجمان لە دەرسی (لەهجات). ساڵی 1978 یەكێتی نووسەرانی عێراق (ملتقی الاولی للقصة العراقیة)، دیداری یەكەمی چیرۆكی عێراقی لە هاوینەهەواری سەلاحەدین هەبوو، وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی عێراقی لە گەل ئەمیندارێتی گشتی رۆشنبیری و لاوان ڕێكەوتبوون كە لایەنی (فنی - هونەری) لە تێكست و لێژنەكان هتد...ئیشی ئەوان بێت و لایەنی لۆجستیش وەكوو شوێنی نووستن و خواردن و پێداویستیەكانی تر لە لێپرسراوێتی رۆشبیری و ئێمە دا بوو، من ئەو كاتەی سەرۆكی بەشی رۆشنبیری بووم، بۆیە من و چەند فەرمانبەرێكی تر چوار رۆژ لە گەڵیان لە مەسیف ماینەوە كارە لۆجستیەكانمان بۆ مەیسەر كردن، لە ئەدیب و نووسەرانی كورد زۆر ئامادە ببوون لەوانە (دوكتۆر عیزەدین، محەمەدی مەلا كەریم، مستەفا سالح كەریم، مومتاز حەیدەری، دوكتۆر كاوس قەفتان، حوسێن عارف... هتد..)، دوكتۆر عیزەدین هەر وەكوو جاران وەكوو قوتابی و مامۆستا هەر دەیووت نەجم ئەوها بكەو ئەوهامان بۆ بێنە، ئیتر منیش بە كەیفی ئەوم دەكرد، لە دوا رۆژی دیدارەكە كێشە كەوتە نێوان نووسەرانی كورد و نووسەرانی عێراقی لە سەر بەیاننامەی كۆتایی دوكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە گەڵ محەمەدی مەلا كەریم و حوسێن عارف دەورێكی زۆر گرنگیان گێڕا بۆ چەسپاندنی ئەو بەندەی كە دەیان ویست لە بەیاننامەكەدا هەبێت. ل هسەدان كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینار ئاماد هباشی هه بوو، لە ووتووێژ كردن لە سەر نامەی ماستەر و دوكتۆرا بۆ قوتانبانی كورد لە هەموو زانكۆكانی كوردستان و سەدان وتار و بڵاوكراوەی بە زمانی عەرەبی و كوردی لە بەشی زۆری رۆژنامە كوردی و عەرەبیەكان بڵاوكردۆتەوە، بە ڕاستی ئەستێرەیەكی درەوشاوەی میللەتی كورد بوو لە بواری زمان و ئەدەب و لێكۆلینەوە و توێژینەوەو ساغكردنەوەوی تێكستە ئەدەبیەكان، لەرۆژی 3/ 10 / 2019 كۆچی دواییكرد، سەنتەرێكی رۆشنبیری بە ناوی سەنتەری رۆشنبیری پرۆفیسۆر دوكتۆر عیزەدین مستەفا رەسول لە سەر ئەركی فاروقی مەلا مستەفای برای لە سلێمانی دروست كراوە و لە بەر دەم ناوەندەكە چوار پەیكەر دروست كراوە بۆ هەر یەك لە محەمەدی مەلا  كەریم و گۆرانی شاعیر و شێركۆ بێكەس و پرۆفیسۆر دوكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، قوتابخانەیەكی ئامادەیی تێكەڵاویش بە ناوی پرۆفیسۆر عیزەدین كراوەته و ه. یادی بە خێر و ڕەوانی شاد بێت و گلكۆو ئارامگای پڕ گوڵ و گوڵزار بێت.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان