پاشماوە پلاستیكییەكان دەکرێنەوە بەرهەمی هونەریی و لە پێشانگایەکدا نمایشکران

لە چۆمان پێشگایەک تایبەت بەو بەرهەمە هونەرییانە کرایەوە، کە لە پاشماوەی پلاستیکیی دروستکراونەتەوە؛ ڕێکخرانی پێشانگاکە دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە کاریگەریی ماددە پلاستیکییەکان لەسەر پیسبوونی ژینگە و ئاوهەوا پیشانبدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ناشناڵپاركی هەڵگورد-سەكران لە شارۆچكەی چۆمان، كەمپەینی (لە خاشاكەوە بۆ خەزێنە) كە لەلایەن كۆمەڵێك ژینگەدۆستەوە سەرپەرشتیی دەكرێت، پێشەنگایەكیان بۆ ئەو بەرهەمە هونەرییانە کردەوە، کە لە پاشماوەی پلاستیکیی دروستکراونەتەوە.

لە پێشانگاکەدا چەندین بەرهەمی هونەریی نمایشکرابوون، کە سەرجەمیان لە پاشماوەی پلاستیکیی و کەرەستەی زیانبەخش بۆ ژینگە دروستکرابوون، ئامانجیش لێی دووركەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان، کە مەترسییەكی گەورە لەسەر ژینگە و ئاوهەوا دروست دەکەن.

هەر لە پێشانگاکەدا گۆرانی و موزیكی منداڵان پێشکەشکرا، کە پەیوەستبوون بە بابەتی ژینگەییەوە؛ بیلال شەریف، یەكێك لە سەرپەرشتانی چالاكییەكە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت:”لەم پێشەنگایەدا هەموو ئەو ماددە پلاستیكییانە بەشێوازی هونەریی بەکارهێندراونەتەوە، كە ڕۆژانە بەكاریدێنین و ژینگەپیس دەكەن، ئەو ماددە پلاستیكییانەش لە هەڵمەتێكدا كۆكرابوونەوە و بەشێوازی هونەریی دووبارە بەكارهێندراونەتەوە”.

وتیشی، “ئامانجی ئەم چالاكییە ئەوەیە كە پەیامێك بدەینە ئامادەبووان و منداڵان، كە ئەم ماددە پلاستیكیی و پاشماوانەی ڕۆژانە بەكاریاندێنین، دەتوانن جارێكی تر بەكاریان بێنینەوە و سوودیان لێ وەرگرین بەشێوازی هونەریی”.

 

سەرچاوە: rojnews