پارتی لە قەزیە گەورەکەوە بۆ قەزیە وردەکە

سلێمان عەبدوڵا یونس

ئەگەر قەبارەی پارتی بە کورسیەکانی ئێستای بێت و ئاستی بەراوردکاریەکەش لەسەر ھەڵبژاردنی سێ پارێزگاکەی ھەرێم بێت، ئەوا لەبەرخاتری دڵی پارتیەکانی ئەم سەردەمە دەڵێین: بەڵێ حزبەکەتان براوەیە، بەڵام لە قەزیە وردەکەدا نەک لە قەزیە گەورەکەدا.

سەرنجبدەن ناوبانگی ئەم حزبە لە کوێوە بۆ کوێ؟!

ڕێبەری ڕەوانشاد مەلا مستەفا؛ لە بارزانەوە و لە سەرۆکایەتی خێڵێکی بچوکەوە ھات و بو بە بەبازوی بەھێزی کۆماری مھاباد، لە ئەیلولدا؛ وێڕای ململانێکانیش بو بە باوکی ڕۆحی پارتی و شۆڕش، ھەر لەو سەردەمەوە تا ڕاپەڕین، لە ڕۆژئاوای کوردستان بە دەگمەن ماڵێک ھەبو وێنەیەکی مەلا مستەفای لێ نەبێت، لە باکور، نزیکەی ھەمو کەس ئەو وەختانە خۆی بە پێشمەرگەی بارزانی دەزانی، ئەدی ئێستا؟! 

لە باشور گیرۆدەی بردنەوە و دۆڕانە و لە ژێر ڕەحمەتی کورسیەکانی دھۆک دایە، خۆئەگەر دەرفەتی ھاوشێوەی قەڵەمڕەوی سەوز لە قەڵەمڕەوی زەرد بۆ نەوەی نوێ ھەڵبکەوێت با لەمنی وەربگرن، پارتی توشی شۆکێکی نەبڕاوە دەبێت، لە باکوریش نە قازانج و نە مایە، لە ڕۆژئاڤا بە تەواوەتی چرای بەخت و چاوەڕوانی لەو حزبە کوژاوەتەوە، لە ڕۆژھەڵاتیش دەمێکە لەگەڵ ھەڵبەز و دابەزی ڕۆژگاردا ناوبانگی خۆی ڕەشەکوژ کردوە!.

ھەر بەڕاستی پارتی چۆنی لێکدەداتەوە ئازادە بەڵام ریپۆرتی یەکێتی لەلای کونسوڵ و باڵوێزەکان لە باشترین حاڵەتدا پەرچەکردارە، چونکە لەلایەکەوە ئەوان باش لەوە تێدەگەن شەڕ و نیگەرانیەکە کۆپتەر و سنوربەزاندن نیە و لەلایەکی دیکەشەوە دڕۆنەکان دەمێکە بێئەوەی ڕوخسەت لەکەس وەربگرن دەنگیان دێت.

پارتی ئەگەر دەیەوێت ڕۆڵە مێژوییەکەی خۆی  وەربگرێتەوە باشترە دەسبەرداری ئیرادەشکاندنی حزبەکانی ھەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بێت و بەچاوێکی کەمێک واقعیتریش لە ھەلومەرجی نوێ بڕوانێت و دەسوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانیان ڕابگرێت بەتایبەت کێشەکانی ناو یەکێتی کە کردویەتی بە خولیا و خویەکی بەردەوام، لەکاتێکدا پریشکی ئەو کێشانە بەر ھەمو ھەرێمەکە و پارچەکانی دیکەش دەکەون و خودی پارتیش دەگرنەوە، وەک ئەوەی لەئێستادا بەرجەستەیە کە بەھۆیانەوە ئەو حزبە بوە بە براوەیەکی دۆڕاو، بەتایبەت کاتێک دەبینین یەکێتی وێڕای کێشە ناوخۆییەکانی، کەچی توانای ھەیە ھەنگاوی جدی بھاوێت بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی سەرکردایەتیکردنی دۆزی کورد و خاوەندارێتکردنەوەی قەزیە گەورەکە، ئەوشتەی مامجەلال لەپێناوی گەلەکەیدا بە کاک مەسعودی سپارد، کەچی پارتی پێش حزبەکانی دیکە ئەرکی سەرۆکیان بەلاڕێدا برد.

 

سەرچاوە خەندان