پارتی عاقڵ بە ..!

 

 

 

 

 

 

 

بەرزان حەمەسوور


لەپۆلی چواری ئامادەیی بووم  لەئامادەیی سلێمانی کوڕان ،پۆلەکەمان  چواری ئەلف بوو بەرامبەر ژوری بەڕێوە بەر بووین 
ئامادەیی سلێمانی  کۆنترینە 1925-1924 دامەزراوە وگەورەترین ئامادەیی بوو،نەخشەیەکی زۆر تایبەت وبەشکۆی هەبووو کەلەناو قوتابخانەکانی شاری سلێمانیدا بۆئەوسەردەمە تایبەت بوو ! یەکەم شانۆی نواندن لەشارا لە 1946 لەوێ بوو یاریگای دووگؤڵی خۆی تیابوو. لەناو ئەم هەموو تایبەتمەندیانەدا بەڕێوە بەرەکانی جیاوز بوون ،لەکەسایەتیە ناودار وناسراوەکانی شاربوون لەوانە مامۆستا موسا سەمەد( دوایی بو بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە)،مامۆستا علی سەعید .
کاتی ئێمە ڕەوانشاد مامۆستا عەلی سەعید بوو .

هێندە بەزەبروزەند بوو کە لەدوورەوە دەردەکەوت خوێندکارەکان هاواریان دەکرد (مسلحة)کە هات ! 
بۆ بەدبەختی من مراقب بووم ! هاوڕێ ی خۆشەویستم ،ڕەوانشاد ئازاد جەلال (شەپۆل ) معاون بوو .
کوڕێک لەپۆلەکەماندابوو ( ش) دەنگی زۆربەرز بوو زۆر جڵۆک بوو بەقسەی من و کاک ئازادی نەئەکرد  دەیوت  "مدیر خزممە "  ئێمەش باوەڕمان پێکردبوو ! ئەو بەقسەی ئێمەی نەئەکرد، ئێمەش وازمان لێهێنابوو ! بەڵام بەڕاستی کێشەی زۆری بۆ دروست دەکردین ..
ڕۆژێک مامۆستای وانە نەهاتبوو من وکاک ئازاد خەریکی کاری خۆمان بووین پۆلەکە ئارام ڕاگرین ...بەڵام (ش) وەک هەمیشە بەقسەی ئێمەی نەئەکرد ولەهات وهاوار وهەڵبەزودابەزی خۆی نەئەکەوت..!
لەپڕ دەرگاکرایەوەو بەڕێوەبەر حەیزەرانێک بەدەستەوە خۆی کرد بەژوورا بەتوورەیی ،چاوەکانی گڕی لێدەباری ،دیار بوو دەنگە دەنگەکەی پۆلی ئێمە توڕەی کردبوو..بەرەوڕوی من هات ووتی تۆ موراقبی چیت ؟  ئێوە کارتان چیە ! بۆ پۆلەکە بێدەنگ ناکەن  ..منیش لەدڵی خۆما "ووتم فرسەتە  بیخەینە سەرخزمەکەی خۆی 

وەڵامم دایە :  "مامۆستا پۆلەکەی ئێمە بێدەنگە ئەوە خزمەکەتانە وا دەنگە دەنگ دەکات ! "

ووتی کێ ؟ خزمی من ؟ کامەیە خزمی من ؟ کامەیە ؟؟ منو کاک ئازادیش  پەنجەمان بۆ (ش )  ڕاکێشا ..
چووە وێزەی جارێ بەدا ر جارێ بە لەقە ئەو بەستەزمانەی والێکرد لەپێش چاوی ئێمە لەپەل وپۆکەوت ..
من وکاک ئازاد زۆرمان پێناخۆش بوو بەڵام ماڵی ئاوابێ (ش) ڕاستی  نەووتبوو لەگەڵمان ، مدیری  بەحیساب خزمیان ، نەک شفاعەت بۆ من وکاک ئازاد  بەدەری خۆشی نەهات  !
ئیتر لەو ڕۆژە بەدواوە لەپۆلا  .کەدەمووت (ش ) عاقڵ بە..  ئیتر خێرا عاقڵانە  دادەنیشت وهەردوو دەستی ڕاستو چەپ لەسەر سنگی دادەنا دەمکوت دەبوو ..بەئەسپایی لەژێر لێوەوە بەتوڕەیی ومڕوومۆچیەکەوە،  دەیووت " ئەوەنیە ! "

* زۆر بەداخەوە پاش ئەم هەموو تکاو داوا و گلەیی وپاڕانەوەو خۆپیشاندانەی  هاوڵاتیانی بەشخوراوی کوردستان ، پارتی زۆر بێباک بوو، هیچ گوێ ی نەئەدا یە سەختی گوزەران وباری ناهەموارو برسێتی میللەت ...تا میللەتیان ناچار کرد لای خزمەکانیان لەدادگای فیدرالی شکات   لەسەر  پارتی تۆمار بکەن  بۆ وەرگرتنی موچەی خۆیان !

 ئەمڕۆش دادگای فیدراڵی ترسێکی وای خستۆتە دڵی پارتیەوە کە میللەت  بۆوەرگرتنی مافی ڕەوای خۆی  ڕێگاکەی بگرێتە بەر !

ئەوا ئەمڕۆش  ئاشکرا بوو  کە 10ساڵە حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی پارتی ڕێگری کردووە لە یەکخستنەوەی  موچەی خانەنیشینانی هەرێم  وەک خانەنشینانی بەغداد ! 

ئایا خانەنشینانی هەرێم بۆداوای نیوە موچەی وەرنەگیراوی 10ساڵی ڕابوردویان  ڕێگەی دادگای فیدرالی دەگرنە بەر؟   

پارتی عاقڵ بە..! 

 

 

تێبینی 
مسلحەکە : ژمارەیە پیکابی  شۆفەرلێتی سەوزی پشبەتاڵی پۆلیسی (قوة سیار )  ڕەشاش دکتاریۆفێکی لەسەر بەسترا بوو،نزیک 8پۆلیسێکی بەسەرەوەبوو، لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلولەوە 1961 لە  لەناو شاری سلێمانی بەتایبەتی  لەخانووە قوڕکان و وئیبراهیم پاشاوشەقامی سابونکەران دەبینران وکاری نایاساییان بەرامبەر خەڵکی شاری سلێمانی دەکرد،لەکوشتن وگرتن ... ترسێکی  تۆقێنەریان  خستبۆ دڵی هاوڵاتیانی سڤیلی شاری سلێمانی !