١٠٩ ساڵ بەسەر دەرچوونی مگۆڤاری بانگی کورد تێدەپەڕێت

زیاتر لە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی “گۆڤاری بانگی کورد”، کە گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەری کوردی بوو.

مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی خەباتی سیاسیی و کلتوریی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی کورد، چونکە بەشی هەرە زۆری ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی کورد لە هەموو ئاست و ڕۆژگارێکدا لە ڕیزی پێشەوەی خەباتگێڕانی نەتەوەییدا بوون و بەشێکی دانەبڕاو و دیاربوون.

ئەمڕۆ ١٠٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرکردنی گۆڤاری بانگی کورد.

یەکەم ژمارەی گۆڤاری بانگی کورد لە ٨ی شوباتی ١٩١٤ لە سەردەمی حوکمی عوسمانییەکاندا لە بەغدا دەرچوو، جەمالەدین بابان سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بوو.

بە زمانەکانی عەرەبی و کوردیی، شێوەزاری سۆرانیی بڵاوکراوەتەوە، بە گشتیی ئەدەب و کلتور بابەتی سەرەکی بانگی کورد بووە و کەمتر تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بووە، ئامانجی خزمەتکردن و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیی بوو لەو سەردەمەدا، لە هەموو ژمارەیەکیدا چەندین بابەت و وتاری بەپێزی لەسەر زمان، ئەدەب و فەرهەنگی کوردیی لەخۆگرتووە.

ئەم گۆڤارە وێستگەیەکی گرنگە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی، دەکرێت وەک سەرچاوە و بەڵگەنامەیەکی گرنگ هەژماربکرێت بۆ لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و ئەدەبیی کوردیی.

دیاترین ئەو شاعیر و نووسەرانەی ئەو سەردەمە، کە بەرهەم و بابەتەکانیان لە گۆڤاری بانگی کورد-دا بڵاوکردووەتەوە، زێوەری شاعیر و عارف سائیب-ن.

جەمال بابان و شوکری فەزڵی، دوو قەڵەمی سەرەکیی بوون لە نووسینەوەی بابەتەکانی گۆڤارەکە، هەندێ جاریش بە ناوی خوازراو بابەتی ئەدەبیی کوردییان لە گۆڤارەکەدا بڵاوکردووەتەوە، کە هەندێک بۆچوون بڵاوکردنەوەی بابەت بە ناوی خوازراو، بۆ ترس لە فەرمانڕەوایەتیی عوسمانییەکان دەگێڕنەوە، کە ئەوکات کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی لە عوسمانییەکاندا فەرمانڕەوایەتییان گرتووەتە دەست، کە کۆمەڵەیەکی نەژادپەرست بوون.

بەپێی تۆمارەکانی بیۆگرافیای ڕۆژنامەگەریی عێراقیی، بەهۆی هاتنەپێشەوەی جەنگی یەکەمی جیهانی، خۆری تەمەنی گۆڤارەکەی لە پێنجەمین ژمارەدا ئاوابوو، واتە گۆڤارەکە تەنها تواندراوە پێنج ژمارەی لێ دەربکرێت.

مێژووناسان وای بۆ دەچن، کە داخستنی گۆڤاری بانگی کورد-یش بەشێکبێت لەو هەڵمەتەی کە عوسمانییەکان دژ بە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەو سەردەمە ئەنجامیانداوە، بەو پێیەی کۆمەڵەی الاتحاد الترقی کە فەرمانڕەوایەتیی عوسمانییەکانیان گرتووەتە دەست، چەندین ناوەندی ڕۆشنبیریی و گۆڤار و ڕۆژنامەیان داخستووە، لەوانە داخستنی گۆڤاری تەعاون و تەرەقی و گۆڤاری هەتاوی کورد و خستنە ژێر سانسۆری کۆمەڵەی هێڤی.

سەرچاوە : سایتی ڕۆژنیوز