هێمن عەبدولقادر
وەستا (ڕەزا)ی مسگەر...
بۆ لێدوان و ناوک هێنانەوە و ڕاوێژی خێزان و نوشتە بەتاڵکردنەوە و... شتی تریش!
عەزیز نەسین لە چیرۆکی (تەنەکەچی)دا، دەڵێت:-
وەختێک نایلۆن و پلاستیک کەوتە بازاڕاوە نانی تەنەکەچییەکان کەوتە کزی ، کاروباریان بە جارێک پەکی کەوت ، کەس مەسینە و تەشتی مس و تەنەکەی نەئەکڕی ، شتومەکی نایلۆن هەم هەرزان بوو هەم کاری ئاسانتر بوو.
وەستا ڕەزای تەنەکەچی یەکێک بوو لە وەستا هەرە زرنگەکنی گەڕەکی ئێمە ، هەر بەتەنەکە گوزەرانی خۆی بەریوە دەبرد، وەختێک زانی ئیتر تەنەکە چێتر کەڵکی نەماوە ، ئێوارەیەک تابلۆی سەر دوکانەکەی داگرت و خۆشنووسێکی بانگ کرد و بەگەورەیی لێی نووسی (کارگەی تەکنیکی و پیشەسازی وەستا ڕەزا ، بۆ چاککردنەوە هەموو جۆرە ئامێرێکی کارەبایی و ئەلکترۆنی)
کەس نەیپرسی ئاخر کابرا تۆ دوێنی تەنەکە چی بوویت ئەم ئێوارەیە چۆن بوویت بە پسپۆڕی کارەبایی ؟
بە هەرحاڵ ئەوەی نەی ئەناسی بە متمانەوە ئامێرەکانیان بۆ دەهێناو ئەوانەشی کە دەمانناسی وردە وردە خەریک بوو قەناعەتمان بەخۆمان ئەکرد کە هەر بەڕاستی پسپۆڕی کارەباییە، وەستا ڕەزاش جگە لەوەی پارەیەکی باشی لە خەڵک دەسەند و تڕو منەتی زۆری دەکرد و سەرەی دوری بۆ دادەنان ، ئامیرەکانیشی بەدەردێک ئەبردن هیچ کارخانەیەک نەتوانێت بیهێنێتەوە سەرخۆی.
هەتا ڕۆژێک وەستا ڕەزام بینی سەروگوێلاکی بە لەفافی سپی خوێناوی پیچرابوو و دەستێکی شی لە ملیدا بوو ، وەستا گیان خێر خۆ شتی خراپ ڕووی نەداوە ؟ خۆ ناسێت تۆش تەداخولی سیاسەتت کردبێ ؟ ئەی خۆ ناشێ لە ماڵان بە بەژن و باڵای ژنی خاوەن ماڵدا هەڵتڕوانیبێت و وایان لێکردبیت ؟
وەستا ڕەزا وتی :- (نەبابە کورە ئەم کارەباییە خێری نیە ، خەڵکی یەکجار تەمبەڵ کردووە ، هەر ئەوەنە دەزانم ئا وەستا ڕەزا وەرە سەیرێکی ئەو مەکینەی قیمەیەمان بۆ بکە ، وەستا ڕەزا بۆیلەرەکەمان کار ناکات ، وەستا ڕەزا یەخچالەکەمان بەفر ناگرێت)
سەرەڕای پیاوەتی ، وەختێکم زانی دوێنێ بەجارێک لایەکی گەڕەکەکە دایان بەسەرمدا و هەریەکە و بە تۆمەتی تێکدانی ئامێرێک و دوان شل کوتیان کردم.
وەختێک پۆلیسیش هات بڕیارم دا سکاڵا تۆمار ناکەم و واز لەم ئیشە نەفرەتیە بهێنم و تابلۆکە دابگرم و بە دوای ناوینیشانێکی تردا بگەڕێم.
................................................
زۆرینەی خەڵکی لەسەر ئەم میتۆدەی وەستا ڕەزا کار دەکەن ،ئاخر کەس ناپرسێت پیاوی حیسابی تۆ پسپۆڕیت پزیشکیە ، چیت داوە لە پەروەردەی منداڵ و ژن و خێزان ،تۆ نە قسە کەرێکی باشی نەخوێنەوارێکی گەورەیت چی ئەزانیت لەکاروباری ڕاگەیاندن وا خۆتت پیاهەڵواسیوە؟ پسپۆڕی بایۆلۆجیایە چ پەیوەندیەکی بە رێنمایی خواردن و کۆرسی ڕەشاقە و چەوری دابەزاندنەوە هەیە ؟ ئاخرکێشەیەکی قوڵی ژیان چۆن بە سێ خاڵ و چوار خاڵ جارەسەر دەبێت ؟ دەرچووی شەریعە چی داوە لە فیزیا و کیمیا و زیندەوارزانی؟
مرۆڤ ئەگەر مەتن و یاسای خوێندبێت لەکوێ ڕەوایە خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی هاتنی دەجاڵ بێت ؟ بۆ هەر کەس لە پسپۆڕی خۆی کار ناکات ؟ یان ئیشەکەی هەموومان هەر بەراستی داوێتی لە کزی؟، تۆ برای بێ بڕوا پسپۆڕیەکەت بیرکارییە چیت داوە لە علومی شەرعی ... ئیتر بەم جۆرە ئاوا تا دوایی ، هەر هەموومان خەریکی تێکدانی ئامێرە (کۆمەڵایەتییەکان)ی یەکترین، وەختێک بە خۆمان دەزانین هەم خۆمان لەبەر چاوی خەڵکی و گەڕەک و کۆمەڵگاکەمان ناشیرن و بێ بەها بووین ، هەم ئەوەندەی تر قوڕەکەمان بۆ کۆمەڵگا و خەڵکی خەستتر کردۆتەوە، هەم تەواوی کۆمەڵگا داباریونەتە سەرمان و فەلاقەیەکی ڕۆحی و ئیداری و کۆمەلەیتی باشیان کردووین.
....................................
کورد ئەلێ (ئەگەر نەمدیبایە جەنابی باوکت ، بیشک ئەمردم لە عەزرەت دایکت) ئەگەر نەمانزانیبایە پسپۆڕبوون چییە هەر بەڕاستی ئەمردین بۆ ئەو هەموو ناونیشانانەی کە ڕۆژانە وەک تابلۆکەی وەستا ڕەزا بۆ خۆمانی دادەنێین (چالاکەوان و ڕاگەیاندنکار و پارێزەر و توێژەر و ڕاوێژکاری خیزانی و چاودێری سیاسی و یوتوبەر و بلوگەر و ئامۆژگاریکەر و مۆڤیتەیشنەر و..هتد)
------
وەختێکیش بەو پەڕی ئەدەبەوە پێیان ئەوترێت کاکە /خوشکە ، ئەمە کاری تۆ نییە دەستی لێهەڵگرە ، سەد کیشەی ئیداریی و کۆمەڵایەتیت ناوەتەوە بۆ خۆت و خەڵکی ، ئاخر با ڕۆژێک دانەبارێن بەسەرتا ، لەباتی ئەوەی سوپاست بکەن ، یان دەم و لوتت لێ ئەدەن بەیەکا و سەد تۆمەتت بۆ دروست دەکەن ، یان دەست بەجێ وەک وەستا ڕەزا ئیشەکەیان ئەگۆڕن ، ئەمجارە بۆ گیادەرمانی کوردەواریی و ڕاستکردنەوەی خێلی و کۆرسی زمان و ناوک هێنانەوە و جنۆکە دەرکردن و نوشتە نووسین و نووسەری و ڕاگەیاندنکاریی و بڵانس و میزانییە ، گرنگ ئەوەیە بێ ئیش دانەنینشن ، چون ئەوەی نەیاناسێت وا ئەزانێت هەر بەڕاستی وەستای ئیشەکەن ، بێ ئاگا لەوەی کە خەریکە هەرچی گەڕەک و فان و تۆڕەکۆمەڵایەتی و میدیاکانە تێکی دەدەن و دواتر بە خەڵکە پسپۆڕەکەش چاک نابێتەوە.
........................
هەرچەندە مرۆی ژیر بروای بە پارجە کاغەزێک نیە پسپۆڕی دیاری بکات ، وەلێ ئیتر حەز شتێکە و پسپۆڕی شتێکی تر ، هەرچەندە حەزت لە کارێکیش بێت کە پسپۆڕی خۆت نەبوو ووردە ووردە وەک وەستا ڕەزا گەنێتی و تێکدانەکانی بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، با لە ڕواڵەتیشدا تایتڵ و ناوبانگی گەوەرەی بۆ دروست کرابێت و سپۆنسەری گەورەی لێدرابێت و دەستی گەورەش لە پشتی بێت ، سەرەنجام بۆ بەردەم ناڕەزایەتی چواردەور و خەڵکەکەیان ئەخزێن.
ڕۆسۆ نزیکەی (٣٠٠ساڵ) پێش ئێستا وتویەتی (هەر کاتێک ئیش بە گوێرەی توانا و بەهرە و لێهاتووی دابەشنەکرا ، لە ڕاستیدا هەمووان بێ کار دەبن )
وەک ئیستای ئێمە.
نوقتە سەری دیڕ....
هێمن عبدالقادر