وەزارەتی پلاندانان: زیاتر لە ٤١٪ی خاكی عێراق بەبیابان بووە

 

زیا عەواد

زیا عەواد

 

سەرۆكی دەزگای ناوەندی بۆ ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا و  كەم بارانییەوە، زیاتر لە ٤١٪ـی خاكی عێراق بەبیابان بووە، ڕووبەری ئاو بە ڕێژەی لە ١.٢٥٪ـی ڕووبەری خاكی عێراق كەمی كردووە.

سەرۆكی دەزگای ناوەندی بۆ ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی بەبیابانبوونی خاكی عێراق بەهۆی كەم بارانی و گرتنەوەی پشكی ئاوی وڵات لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

زیا عەواد ڕایگەیاند، وەزارەتەكەیان توێژینەوەیەكی لەبارەی دۆخی كشتوكاڵ و ئاو لە عێراق كردووە، دەركەوتووە ڕووبەری بەبیابانیبوونی خاكی عێراق گەیشتووەتە نزیكەی  لە ٤١.٨٩٪ـی كۆی ڕووبەری خاكی عێراق.

ئاماژەی بەوەش كرد، ڕووبەری ئاو بە ڕێژەی لە ١.٢٥٪ـی خاكی عێراق كەمی كردووە، هاوكات زەوییە كشتوكاڵییە جێهێڵراوەكان بریتین لە ٢٢.٢١٪ـی خاكی عێراق، كە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات گرنگترین سەرچاوەی ئەو ناوچانەن، بۆیە لەبەر كەمی ئاو و خراپی خاك و كەمی پێداویستی كشتوكاڵی جووتیاران بە ناچاری دەستبەرداری ئیشەكەیان بوون.

ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، تاوەكو ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ، ١٢ هەزار و ٢١٢ خێزان كە دەكاتە ٧٣ هەزارو ٢٧٢ كەس، بەهۆی وشكەساڵییەوە لە سنووری ١٠ پارێزگای عێراق ناچار بە كۆچكردن بۆ ناوەندی شارەكان كردووە.

سەرەڕای وشكەساڵی و گۆڕانی كەش و هەوا، گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری تورك كاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر وشكەساڵی و بەبیابانبوون لە عێراق هەبووە، چونكە دەوڵەتی تورك بە ڕێژەی ٧٠٪ـی پشكی ئاوی عێراق دەدزێت و بەری ناداتەوە.

هـ.ئ

 

سەرچاوە : ڕۆژنیوز