وردەکاری ئەو یاداشتەی ئەمڕۆ لەلایەن عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر واژۆکرا

 

 

هەستیار قادر

 

سوودانی و ئەردۆغان دەچنە هۆڵی واژۆکردنی یاداشتی رێگەی گەشەپێدان. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی
سوودانی و ئەردۆغان دەچنە هۆڵی واژۆکردنی یاداشتی رێگەی گەشەپێدان. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی

 

 

 

عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى چوارقۆڵییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ هاریکایی هاوبەش لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیاران، کە بە عێراقدا تێدەپەڕێت و لە ساڵى 2050 تەواو دەبێت.

یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رۆژی دووشەممە 22-04-2024 لە بەغدا واژۆکرا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنەکە لەنێوان هەریەک لە رەزاق موحیبس وەزیری گواستنەوەی عێراق، عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، جاسم بن سەیف وەزیری گەیاندنی قەتەر و سوهەیل محەممەد وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات واژۆکرا.

 لەگەڵ سەردانى رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، جاسم بن سەیف سلێتى، وەزیرى گەیاندنى قەتەر و سوهەیل مەزروعی، وەزیرى وزە و ژێرخانى ئیمارات سەردانى بەغدایان کرد، بۆ واژۆکردنى یاداشتەکە.

رێگەى گەشەپێدان دوو هێڵى ئاسنین و گواستنەوەى وشکانییە، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و بەهەرێمى کوردستاندا دەچێتە تورکیاوە، یەکێک لە ئامانجەکانى سەردانى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق ئەو پڕۆژەیەیە. 

لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ لەتیف رەشید، بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی کۆمارى عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتى جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.

تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت. رێگەکە بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیاران دەبێت و ساڵى 2050 تەواو دەبێت. 

یاداشتی "رێگەی گەشەپێدان" لەلایەن عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر واژۆکرا

سەرچاوە : ڕووداو