وتەیەکی یەڵماز گۆنای لەسەر فیلمی "مێگەل"

"لە‌ ماوە‌ی هە‌موو ژیانمدا وە‌كوو دروستكە‌رێک ھە‌وڵم داوە‌ ڕێگەی ناڕاستە‌‌وخۆ بە‌كار بێنم بۆ دە‌ربڕینی بڕواكانم، بە‌ڵام تا ئێستە هەست دە‌كە‌م فلیمە‌كانم نە‌یانتوانیوە‌ بە‌و شێوە‌یە‌ی کە ویستوومە‌ هە‌ستە‌كانم دە‌رببڕن، چە لە‌ ڕووی شێوازە‌وە‌ یان لە‌ ڕووی بیرە‌وە‌، ڕێكە‌وتنێكم لە‌ نێوان بڕواكانمدا دروست كردووە‌‌ لە‌م فلیمانە‌دا. 
فیلمی “مێگەل” لە‌ڕاستیدا مێژووی نەتەوەی كوردە‌، بە‌ڵام من تە‌نانە‌ت نە‌متوانی زمانی كوردی لە‌م فیلمە‌دا بە‌كار بێنم. ئە‌گە‌ر زمانی كوردیم بە‌كار بهێنایە‌، ھەموو ئە‌وانە‌ی بە‌شدارییان لە‌م فیلمە‌دا كردبوو دە‌خرانە‌ زیندانە‌وە‌.

لە‌ فیلمی “ڕێگە”دا، گرنگی دراوە‌ بە‌ دیاربە‌كر و ئورفە ‌و سیریت. ھە‌وڵم دا كە‌ ژینگە‌یە‌كی كوردی دروست بكە‌م لە‌ ڕێگەی بە‌ كارهێنانی مۆسیقاوە‌. گە‌رچی فیلمە‌كە‌ لە‌ ئورووپا دۆبلاژ كرا، بە‌ڵام ھێشتا نە‌متوانی ھەمووی بكە‌م بە‌ كوردی، هەروەها ڕۆژنامەنووسەكە لە گۆنای پرسیوە؛ كە‌ی زانیت كە‌ تۆ كوردیت؟ گۆنای دەڵێت: من كوردێكم كە‌ وردە‌ وردە‌ بووم بە‌ كورد. دایكم كورد بوو و باوكم كوردێكی زازا. ھەموو تە‌مە‌نی منداڵیم بە‌ كوردی و زازا لە‌ ماڵە‌وە‌ قسە‌م دە‌كرد. ھە‌تا تە‌مە‌نی پازدە‌ ساڵی تە‌نیا بە‌ زمانی كوردی دە‌دوام، بە‌ڵام لە‌ دوای ئە‌وە‌وە‌ لە‌ خێزانە‌كە‌م پچڕام. لە‌و كاتانە‌دا زۆر گوێم لە‌م وتارانە‌ دە‌بوو ”كورد بوونی نییە‌ و زمانی كوردییش نییە‌”، بە‌ڵام من گوێم لە‌ خە‌ڵكی بوو بە‌ كوردی قسە‌یان دە‌كرد و گۆرانییان بە‌ كوردی دە‌وت. دە‌مبینی كە‌ كوردە‌كان لە‌ ژێر بارێكی سە‌خت و ناڕە‌حە‌تدا دە‌ژیان. باوكم خە‌ڵكی ناوچە‌ی سیفریك بوو، بۆ یە‌كە‌م جار سیفریكم لە‌ تە‌مە‌نی شازدە‌ ساڵیدا بینی. لە‌و كاتە‌دا بە‌ڕاستی بۆم دە‌ركە‌وت كە‌ من كێم. لە‌وێ هە‌ستم بە‌ ئازاری ئە‌م خێزانە‌ ئاوارە‌یە‌ كرد. باوكم پێی گوتم: ”تۆ لە‌ ڕە‌گی خۆت هەڵكە‌ندراوی”، لە‌ تە‌مە‌نی 34 ساڵیدا توانیم بچم ناوچە‌ی وڵاتی دایكم ببینم."

جێ ئاماژەیە چوارڕێیانێكی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بەناوی "یەڵماز گونەیـ"ـەوە كراوە. ئەو چوارڕێیانە لە ھەرێمی دەیەمی شاری پاریسە، شارەوانیی ئەو شارە، بە كۆی دەنگ، ناوی یەڵماز گۆنەی ھەڵەبژارد.
لە رێوڕەسمێكی شیاودا، 2017/6/30ی زایینی، بە كۆبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی ئەو وڵاتە، ئەو چواڕڕێیانە كرایەوە.

یەڵماز گۆنای سەرجەمی چیرۆكی فیلمەكانی ئەو چیرۆكانە بوو كە خۆی تێیدا ژیابوو، كاری لەسەر مرۆڤە پەراوێزخراوەكان دەكرد و كاری لەسەر كێشەی چینایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ و كێشە جێندەرییەكان دەكرد.

سەرچاوە: حەفتەنامەی "دەنگی کوردستان".