هەولێریات ئەسکەندەری مەقدۆنی


نوسینی: شێرزاد شێخانی


دەرێن وەختی خۆی کە ئەسکەندەری مەقدۆنی لەشکرکێشی لۆ داگییرکردنی رۆژهەڵاتی دونیا دەستپێکرد ، بە وراتەکیدا تێپەڕی شەعبەکی سەیروسەمەرەی دیت . هەرچی هێناوبردی سەری لەو میللەتە دەرنەکرد . لۆیە نامەیەکی لۆ ئەرستۆی فەیلەسوف نووسی کە ئوستازی خۆی بوو ، لۆ ئەوەی پرسوڕای پێبکا چ لەو میللەتە بکا . لەنامەکەیدا لۆی نووسی : 
مامۆستا ئەڕستۆ ، لەو حەملەیەی بەرەو شەرق دەستمپێکردبوو گەیشتیمە وراتەکی تووشم بووە بە تووشی میللەتەکى زۆر عەجایبو غەرایب هەرچەندی دەکەم لێیان تێناگەم . میللەتی وەهام لەژیانمدا نەدیتیە . باجیان لەسەر زیاد دەکەم ، ملیان شۆڕ دەکەن بەمەمنونییەوە باجەکانم دەدەنێ !. کارەبایان لێ دەبڕم ،  نیوەی معاشیان دەدەنە موەلیدەی ئەهلی و هیچ دەنگیان لێوە نایە !. ئاویان لێ دەبڕم ، دەچن بە تانکەر ئاوی دەکڕن!. شەق لەمامۆستایان دەدەم نقەیان لێوە نایە!. بە ڕاستی گەورەم سەرم لێیان دەرناچی ..حوکمەتەکیان هەیە هەزارویەک درۆیان لەگەر دەکا کەچی چەپڵەی لۆ لێدەدەن ! .نەفتەکەیان دەفرۆشی و یەک قەترەیان ناداتێ ، بەو سەرمایە دەچنە بن بەتانی خۆیان گەرم دەکەنەوە !. لەسەر بەحرەکی غازداینە  بەران یەک بوتڵ غاز لەمارانیاندا یان نیە شیوی پێبکەن ! ریفراندۆمی دەکەن دەرێن لۆ سەربەخۆیی نیە !. تەڵاق لەبەغدا وەردەگرن ، دوای شەش سار مارە بەجاش دەگەڕێنەوە باوەشیییەوە !.
لەوەش عەجیبتر ، هەرچی جاش وکۆنە موستەشاریان هەیە بە روتبەی لیواو عەقید روکن تەقاعودیان کردینە !. ئەوانەی وەختی خۆشی سەر بە دائیرەی ئەمنو ئیستخباراتی جاران بوون ، ئێستا معاشی زیندانی سیاسییان لۆ بڕایتەوە ! .بەڕاستی مامە ئەڕستۆ سەرم سووڕمایە لەو میللەتە نازانم چییان لێبکەم ؟. 
ئەوجا خۆشییەکەی لەوەدایە کە دەچیە ناو شارەکانیشیان عاجباتی زۆرتر دەبینی . کارەبایان نیە کەچی قادرمەی کارەبایی دروست دەکەن ! . ئاویان نیە ، نافورەی رەنگاوڕەنگ قییت دەکەنەوە!. دوکاندارەکان ئەشیایان لەسەر رەصیفی دانایە ، ناو دوکانەکانیشیان چۆڵ وهۆڵە !. خەستەخانەی حکومیان هەیە ، دەرمانی تێدا نیە !. دەرمان ئیستیراد دەکەن ، نیوەی ئیکسپایەرە !. خواردن هاوردە دەکەن ، نیوەی ماوەی بەسەرچووە !. کۆمپانیایان هەیە ، کارمەندەکانیان بێگانەن ،  گەنجەکانیشیان لەچایخانەکان بێ ئیش دانیشتینە و نێرگلە دەکێشن!.
چت لۆ باس بکەم مامۆستا ئەڕستۆ ، ئەو میللەتە بەهیچ میللەتەکی دونیا ناچی ، ئەوجا سەرباری هەموو ئەوانەش چار سار جارەک ئینتخابات دەکەن ، دیسان دەنگ بەو حوکمەتەی خۆیان دەدەنەوە . لۆیە قەڕارمدا ئەو میللەتە بگوازمەوە وڵاتەکی ئەوروپی بەشکوو هەندەک عەقڵیان بێتەوە سەر وفێری ژیان بن.. نازانم ئوستازی گەورەم ئەتوو چ دەرێی ؟.
پاش ماوەک ئەڕستۆی فەیلەسوف جوابی ئەسکەندەری دایەوەو لۆی نووسی : کوڕی بابم نەکەی ئەو غەرەتەی بکەی ئەوانە بگوازییەوە وراتەکی ئەوروپی چونکی ئەوێش دەکەنە زبڵخانە و کیشوەرەکەش تێکوپێک دەدەن . وازیان لێبینە خۆت هیلاک مەکە ، کوو هەتا ئێرەیان هینایە با لۆخۆیان ڕاکێشن . ئاخر کاکی خۆم بەلاش نەگۆترایە ( خوا هەتا کێوی نەبینی بەفری تێناکا ) . باقی وەلسەلام ..