هەشتەمین فێستیڤاڵی كەلتووری و هونەری شەهید بێریتان لە مەخمور دەستیپێكرد

هەشتەمین فێستیڤاڵی كەلتووری و هونەری شەهید بێریتان، لە كامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور بە كردنەوەی پێشانگایەك دەستی پێكرد.
ئەمڕۆ لە كامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، هەشتەمین فێستیڤاڵی كەلتووری و هونەری شەهید بێریتان (گوڵناز كاراتاش) دەستیپێكرد، ئەم فێستیڤاڵە هەر دوو ساڵ جارێك بۆ یادكردنەوەی شەهید بێریتان بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ فێستیڤاڵەكە بە كردنەوەی پێشانگایەك دەستی پێكرد.

فێستیڤاڵەكە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە كردنەوەی پێشانگایەك لە بینای ڕێكخراوی بنەماڵەی شەهیدان لە كامپی مەخموور بە خولەكێك ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادیی كوردستان لە كەسایەتی شەهید بێریتان دەستیپێكرد.

پێشانگاكە وێنە و تابلۆی شەهیدان، ژنانی شۆڕشگێڕ و جلوبەرگی نەتەوەیی و خانووی مێژوویی و هتد.. لەخۆ دەگرێت و تا ئێوارەی ئەمڕۆ كراوە دەبێت.

بڕیارە سبەینێ فێستیڤاڵەكە بە شێوەیەكی بەرفراوان تر و بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگێك بەردەوام بێت.

 

سەرچاوە: rojnews