- تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێت.
- سیاسەتێكی داڕێژراوی چەواشەكاری دژ بە هێزەكانی هەسەدە پەیڕەو دەكات.
- تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەكار یارمەتی تاوانباران دەدات.
هەسەدە بەیاننامەیەكی لەسەر هەواڵەكانی تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند ئەو تۆڕە لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێت.
هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ كە لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێت لە هەواڵێكی چەواشەكاریدا بڵاویكردەوە كە گوایە هێزەكانمان سێ هەوڵاتی مەدەنیان لە گوندی قشلەی باشوری ڕۆژهەڵاتی منبج كوشتوە.
وتیشی: تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ سیاسەتێكی داڕێژراوی چەواشەكاری دژ بە هێزەكانی هەسەدە پەیڕەو دەكات بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانانەی بەكرێگیراوانی توركیا ئەنجامیاندا لەو گوندەدا كاتێك دەستیان بەسەردا گرتبوو.
ڕونیشیكردەوە: دوای ئەوەی پێش دە ڕۆژ هێزەكانمان ئەو گوندەیان لە بەكرێگیراوانی توركیا پاك كردەوە، تەرمی ئەو سێ هاوڵاتیە مەدەنیەمان دۆزیەوە كە لەلایەن بە كرێگیراوانی توركیاوە كوژرابوون دوای ئەوەی ڕێگەیان نەداوە ماڵ و موڵكیان تاڵان بكەن.
دووپاتیشیكردەوە تۆڕی سووریا بۆ مافی مرۆڤ لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەكار یارمەتی تاوانباران دەدات لەشاردنەوەی سەدان تاوان كە بەكرێگیراوانی توركیا لە عەفرین و منبج و ناوچەكانی تر ئەنجامیان داوە.
سەرچاوە : هاوڵاتی