هەرێمی بێ پەرلەمان

 

هیوا محەمەد

 

 

تاکڕەویی حکومڕانی لە هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی خۆ بە هەموو شت زانین، ئێمەی گەیاندە ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، هەرێم بێ پەرلەمان، جگە لەمەش هەموو بەرنامە و بڕیار و یاسایەکی پوچەڵ بکرێتەوە کە لەدوای درێژکردنەوەی ساڵێکی تەمەنی دەرکراوە، چونکە درێژکردنەوەکە بە نایاسایی ناسێنراوە.
لەمێژە پێموابووە حکومەتی هەرێم بەم هەموو کەموکووڕییە خزمەتگوزاری و  ئیداری و ناشەفافیی داراییەوە نەبوونی چاکترە، وتمان پێویستە هەرێم بە پێی دەستووری عیراقی فیدراڵی بەڕێوەببرێت و بە قەدەر بەڕەکەی خۆمان پێ راکێشین، بەڵام هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی لایەنی لە خۆبایی بووی ئەم هەرێمە، وایکرد ئێستا دادگای فیدراڵی عیراق( هەروەک ئەوەی تەنها بۆ ئێمە دروستکرا بێت) هەر رۆژە و بڕیارێک دەدات و لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم کەمدەکاتەوە.
یەکێک لە نیشانە دیموکراسییەکانی هەر حکومڕانییەک، بوونی پەرلەمانێکە، ئەو دەستە باڵایەی کە دەتوانێت سەرۆکی وڵات بانگ بکات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکات، کەچی ئەمەی ئێمە بە بڕیارێکی دادگای ناوەند دایانخست و کارەکانیان سڕ کرا.
ئێستا ئێمە بێ پەرلەمان داژووین، بەمەش هەردوو سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێم دەبنە کار بەڕێکەر.
تا دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، کە پێموایە وەک (هودنەیەک) لە نێوانی هەرێم و بەغدا وایە و رەنگە لەم ماوەیەدا ئەوان لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە زۆر هەنگاوی دیکە بنێن و زیاتر دەسەڵاتەکانی هەرێم بگەڕێننەوە بۆ بەغدا.
دەڵێن لەدوای چوان مەچۆ، ئێمە رۆژگارێک ئەم قسانەمان کردووە کە هێشتا نەکرا بوو، نەک نەچوو بوو، ئێستاش مافی خۆمانە پەنجە بکەین بە چاوی تاوانباردا کە لە بری دروستکردنی سەروەریی و پێگە بۆ هەرێم و خەڵکەکەی لە رێگەی بە پاشکۆکرنی هەرێمەوە، خەڵکی ناچار کرد خۆزگە بخوازن بۆ گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک.
ئێستا بە خشکەیی لە رێگەی دادگاوە، هەرێم نە هێڵی سوورە و نە (یان کوردستان یان نەمان) یش هەژموونی ماوە و ئەوەندەی بڕکرد کە وترا (دەیکەین یان سەردەگرێت یان سەرناگرێت)، هێشتاش وەک ئەوەی بێباک بین و هیچ رووینەدابێت، لێدوانی ئاگرین دەدرێت و دروشمی نەتەوەیی(بێئەوەی کێشەکە وەک نەتەوەیی قووڵ بووبێتەوە) بەرزدەکرێتەوە، ئەمەش تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکە کە گوایە ئێمە رێگربووین لەبەردەم بە (کوردستانی کردنی هەرێم) و ئەوان لە رێگەی تورکیاوە ویستیان بیکەنە چەپکە گوڵی کوردستانی گەورە!
دەبوا دادگای فیدراڵی عیراق سزای کەسایەتییە سیاسی و ئیدارییەکان (لەوانەی دەستیان هەبووە لە گەندەڵی و بە بەهەدەردانی سامانی نەوتی هەرێم) بدات، تا بۆ هەموو خەڵکی هەرێم و عیراق ئاشکرابوایە کە کێن ئەوانەی بە سەروەتی گشتی خۆیان لێکردووینەتە سەرمایەداری دۆستی خەلیجی! کێن ئەوانەی بانگهێشت دەکرێن بۆ کۆبوونەوەکانی لووتکەی سەرمایەداران و چۆن بوونە خاوەنی ئەو ملیاران دۆلارە؟
ئایا هەرێم هێندە سەرمایەدارە تا کەسێکی سەرمایەدار نوێنەرایەتی بکات ؟ ئەگەر وایە بۆچی مووچە و خزمەتگوزاریی بەم جۆرەیە؟

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ