هیبە فەیسەڵ
بێگومان ئەم ڕستەیە هێندەی پیتەکانی، شایەنی لێکدانەوەیە.
ڕەنگە هەنێکتان گومانتان لە وتنی ئەم ڕستەیە هەبێت کە لە ناخی ژنێکەوە هەڵقوڵابێت. منیش لێتان دەگەڕێم لەو گومانەدا بن. گرنگ نیە چ ڕەگەزێک ئەم بۆچونەی هەیە. بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانین مشتێک لە خودی ژیانی هاوبەشی قوڵ ببینەوە. تا لە ئەنجامدا ڕەچاوی ئەو میکانیزمانە بکەین کە لە هەموو پەیوەندیەکاندا، بێ جیاوازی، بەدی دەکرێ. لێرەدا لە نێوان دوو مرۆڤ/ڕەگەزی جیاواز کە هەریەکێکیان وەک دوو کەسایەتی سەربەخۆ، هەڵگری کۆڵەپشتێکی تێر لە ئەزموون و هزری هەمەجۆر و چەشنن. هەر لە پەروەردە و بەسەرهاتی مناڵیەوە، هەتا کامڵ بوون و خەونی ئێستا و داهاتوو.
گومان لەوەدا نیە کە کەسایەتی ئەو مرۆڤانەی ڕۆژانێک پێکەوە بەش دەکەن، ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرا و ڕوونی هەیە لەسەر جۆری مامەڵەکردنیان لە گەڵ یەکتر. بەهەمان شێوە هاوکاری، ناکۆکی و گفتوگۆکردنیان.
واتە تا چ ڕادەیەک هەردوکیان پابەندن و توند دەست بە بوونی خۆیانەوە دەگرن وەک مرۆڤێکی پڕ و پێگەیشتوو.
مرۆڤێک کە هەنگاوەکانی لەگەڵ دەنگی متمانە بەخۆبوون تۆن ئەکا.
متمانەیەک کە کوێری نەکات لە بینینی کەم و کورتی و هەڵەکانی.
متمانەیەک کە پێویستی بە فەنابوون و خۆبەستنەوە نەبێ بە ناخ و چاوی بەرامبەر.
کە ئازادی بە مافێکی سەربەخۆی بەرانبەر بزانێ، نەک بە نوقوڵی مشتی کە بە خواست و کات و ڕەزامەندی خۆی بیبەخشێتەوە.
هەر کاتێک مرۆڤ باوەڕێکی بنەڕەتی و چەسپاوی هەبوو بە توانا، جوانی، هێز و دەستەڵاتی بۆ کاریگەری کردن لەسەر دەوروبەر، ئەوکات هەستی ئیرەیش هیچ ڕۆڵێکی نەرێنی ئەوتۆی نابێت. گەر جار جاریش ئەو هەستە سەرەتارکێ و ململانێیەکیشت لەگەڵ بکا، ئەوا کایەیەکی دیاری نابێت.
هەر ئەو متمانە چەسپاوە و باوەڕە بنەڕەتیە بە پێگەیشتویی ناخی ئەو کەسە خۆی، وادەکات کە :
ئامادەی گۆڕان و تازەگەری هەبێت.
کە بتوانێ قۆڵ بۆ ململانێکان هەڵبکات و پێداگربێت لە مانەوە. مانەوەیەک بۆ گۆڕان و بەردەوامیەکی ڕاستەقینە، کە هەردوولا هەست بەسەربەخۆیی خۆیان بکەن لە چوارچێوەی پێکەوەلکانێک کە بە هەڵبژاردەی هەردولا بووە.
بەردەوامیەک کە هەمیشە سوچێکی هاوبەش بیانگەڕێنێتەوە بۆ مانای بەشکردن و هاوبەشی. نەک بەردەوامیەکی تێکشکێن بۆ بەرەنگار بوونەوە، کەمکردنەوەی بەها و شکاندنی شکۆ و بەزاندنی یەکتر.
زۆر بەداخەوە و ئەمجارەش بەداخەوە کە کە تاکی کورد جگە لەوەی کە لە مناڵیەوە تەنها بەخێوکراوە، کە دەگاتە تەمەنێک بە خۆشەویستیەک، خەونێک یان وەک /سونەت ..فەرزێک هەنگاو بۆ ژیانی هاوبەشی دەنێت کە تیایدا چۆڵی ناخی و کەم و کورتیەکانی پڕبێتەوە. بە خەونی ئەوەی کە بەرانبەر ببێتە تەواکاری. بەڵام لەڕاستیدا دوو جەمسەری دژ هەرگیز یەک ناگرن و نزیک نابنەوە.
جا جگە لە کەسایەتی مرۆڤ، متمانە و باوەڕ بە خۆ بوون، سترەکچەر/پەیکەر/ بنەماکانی کۆمەڵگەش ڕۆڵێکی گرنگ دەبێت لە چۆنیەتی چارەسەر کردنی کێشەکان. بۆ نمونە:
تا چ ڕادەیەک یاسای ئەو وڵاتە لەبارە بۆ هاوڵاتیەک کە کێشەی خێزانی هەبێ .
تا چ ڕادەیەک ئەو یاسایە یەکسان و هاوسەنگە بۆ هەردوو ڕەگەز؟
یاخود تا چ ڕادەیەک متمانە دەخرێتە سەر دادگا و پاکی و بێلایەنی بڕیارەکانی.
تا چ ڕادەیەک هاوڵاتی دەتوانێ پەنا بەرێتە بەر بەرپرسیارانی کاروباری کۆمەڵایەتی و یارمەتی ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بدرێ. واتە چین ئەو ئاسانکاری و هەلومەرجە گونجاوانەی کە کۆمەڵگەیەک بۆ دایک/باوک و منداڵی دەخاتە بەردەست لەکاتێکدا کە خێزانێک بەرەو هەڵوەشاندنەوە بچێ.
کوێن ئەو دەزگایانەی کە هاوڵاتی بتوانێ پەنایان بۆ بەرێ کە لەدەرەوەی بازنەی خێزان کار دەکەن و بە پارێزراوی نهێنی هاوڵاتی دەتوانن بە ئامۆژگاری و گوێگرتن یارمەتی هاوڵاتی بدەن تاوەکو کەس و خزمان دەست تێوەردان نەکەن و ژیانیان هێندەیتر پڕبێ لە کێشە و مقۆ مقۆی ئەم هێنایی و ئەو بردی.
جا گەر بێینەوە سەر دەستپێکی ئەم بابەتە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دڵخۆشی ژنێک مەرج نیە/ پێویست ناکات هەمیشە ببەسترێتەو بە ڕەگەزی بەرانبەر کە پیاوە. ئەمەش بە پێچەوانەوە هەر ڕاستە.
واتە دەبێت دڵخۆشێ، دڵتەنگی، بوونی ململانێ و گرفت هەردوولا وەک ئەو میکانیسمە تەماشا بکرێ و لێکبدرێتەوە کە لە ئەنجامی بوون و پێکەوەبوونی دوو مرۆڤ، دوو بۆچوون، دوو کەسایەتی، دوو خواستی جیاواز، و هتد دروست دەبێ و گەشە دەکات.
جا لە کۆتادا تەنها ئەوە ماوە بوترێ کە ژیان خۆی لە خۆیدا چەپکێکە لە خۆشی، تاڵی و ململانێ. بریتیە لە جەنگێکی بەردەوام لە نێوان خێر و شەڕ، لە نێوان ڕۆیشتن و مانەوە، ئیتر چۆن بتوانین چاوەڕێی ژیانێکی هاوبەشی بێ کێشە و دوور لە بەرز و نزمی بکەین بەڕێزان؟
سەرچاوە ؛ ئاوێنە